سەرەکی » ئاراستە » عومەر شێمخوس: ئەگنێتا لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی سویدی بوو

عومەر شێمخوس: ئەگنێتا لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی سویدی بوو

״ئەم پرسیار و وەڵامانە لە کتێبی پشکۆیەک لە خۆڵەمێشدا وەرگیراون״

* ساڵی چەند ئەگنێتات ناسی؟
31ی ئابی 1968 بوو، کە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم ناوی خۆم قەیدکرد، ئەگنێتا ئەوسا لە بەشی تۆماری زانکۆ کاری دەکرد. ئەگنێتا نووسراوەکانی لێ وەرنەگرتم، بە رێکەوت کچێکی تری هاوڕێ ی نووسراوەکانی وەرگرت. کوردێکی کوردستانی تورکیا کە ناوی مەمۆ یەتکینە هاوڕێم بوو، کچێکی هاوڕێ ی هەبوو هەر لەو بەشە کاری دەکرد، مەمۆ گوتی؛ ئەو هاوڕێ یەم کچێکی رەفیقی هەیە تازە دایکی ئەمری خوای کردووە. ئێمە دەچین بۆ ئەوێ و پاشان بۆ ئاهەنگێک دەچین بۆ تۆش نایێیت!؟ منیش گوتم دێم، ئیتر لەوێ ئەگنێتام ناسی.

* تۆ چەپ و ئەگنێتای کچە بۆرژوازی، ئایا ئەم دوو فکرەیە کێشەی بۆ درووست نەکردوون؟
لەو رووەوە زۆر ناکۆک بووین، نەخێر بوونی بۆرژوازییەت خاڵێک نەبوو بۆ ئەوەی تاسەر پێکەوە بژین. ئەگنێتا لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سویددا دەنگی بە کۆنسەرڤاتیڤەکان ״راستڕەو״ەکان دەدا، من زۆرم هەوڵم لەگەڵدا، ئینجا وتی: من لە پارتی لیبراڵ ״فۆلک پارتی״ زیاتر نایەمە خوارەوە، واتە زیاتر ناچمە خوارەوە بۆ لای چەپەکان. من رێزم لە بۆچوونەکانی دەگرت، ئیتر دوای چەند ساڵێک هەردووکمان گۆڕاین ئەو بەرەو سۆسیال دیموکراتەکان چوو، منیش گۆڕانکاری بەسەر فکر و بیرکردنەوەمدا هاتوو و بووم بە سۆسیال دیموکرات، ئێستا هەردووکمان سۆسیال دیموکراتین. بەڵام ئیستا وا دیسان خەریکە بۆ کۆنسەراڤێزم بگەڕێتەوە.

* ئەو گۆڕانکارییە فکرییە کەی روویدا؟
ئەو دوای ئەوەی ساڵی 1981 هاتە کوردستان و بووە پێشمەرگە، کە سەردانی کوردستانی ئیرانی کرد. هەروەها کاریگەریی ئەمریکاشی بەسەرەوە بوو، چونکە ئێمە ساڵی 1976 تا 1977 لە ئەمریکا بووین، بە تایبەتی لە ساڵی 1977 زۆر لە ئەمریکا گەڕاین، سەردانی زۆربەی ویلایەتەکانمان کرد و رەوشی هەژاری و جیاوازی لە کۆمەڵگای ئەمریکادا بینی.

* ئەگنێتا لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی سویدی یە، لە میراتی بنەماڵەکەی چی بۆ ماوەتەوە؟
هیچی ئاوانەبوو، تەنیا چەند مافوور و وێنەیەک، هەروەها چەند میراتێکی لە باپیر و داپیری بۆ مایەوە.

* لە سەرەتادا چ سیفەتێکی ئەگنێتا سەرنجی راکێشایت؟
جوانی رۆڵی خۆی هەبوو، بەڵام تەبیعەتێکی زۆر باشی هەبوو بە پێچەوانەی کچەکانی تر، بە تایبەتی ئەو کچە چەپانەی کە تێکەڵاویم لەگەڵیاندا هەبوو، تا لە جل لەبەرکردنیشدا جیاواز بوو. هەڵس و کەوتی زۆر جیاواز و رێک و پێک بوو.

* بۆچی زۆربەی هەرە زۆری کچە ئەرستۆکرات و بۆرژوازییەکان لە رەفتار و تا لە جل لەبەرکردنیشدا لەگەڵ چین و توێژەکانی تردا جیاوازن؟
رەنگە ئەمە بەشێک بێت لە کولتوریان، شێوەی رەفتار، قسەکردن، هەڵسوکەوتیان لە چینەکانی ناوەڕاست و خواروو جیاوازترە. زۆرجار ئەگنێتا بۆم باس دەکات کە بە چ رەوشت و رێزێک لەگەڵ باوک و دایک و خاڵ و پوورەکانی رەفتاری کردووە. ئەگنێتا دایک و باوکی لە بنەماڵە ئەرستۆکراتیەکانی سویدن، باوکی دایکی بازرگانێکی گەورە بووە لە شاری یۆتۆبۆری، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو کە کۆچی دوایی کرد، ئەو میراتەی کە بەبەر ئەگنێتا کەوت نزیکەی 20 هەزار کڕۆن بوو، بیست هەزار کڕۆنی ئەو کاتە، لەگەڵ هەندێک پشکی بازرگانی، بۆ نموونە ئێمە سەردانی ماڵی باپیری باوکیمان کرد لە سمۆلاند، باپیری باوکی لە سوپای سویدا ئەفسەر بووە، ڤێللایەکی گەورە و چەندان خانووی لە دوا بەجێمابوو.

* ئەو موڵکە چی بەسەرهات؟
جارێک بۆی باس کردم، باپیری ئەگنێتاش ئەفسەر بووە، بەڵام مێباز و قومارچییەکی گەورە بووە، دیارە ئەو جۆرە رەفتارە وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو سنفی سوپادا باوبووە. ئەگنێتا تا ساڵی 1968 کاری نەکردووە، لە ماڵەوە خزمەتی کراوە. ساڵی 1968 چەند ساڵێک بوو، دایک و باوکی جیاببوونەوە، پاشان دایکی دووچاری شێرپەنجە بوو، بۆیە ئەگنێتا مەجبوور بوو دەست بەکارکردن بکات، یەکەم ئیشی لە بەشی تۆمارکردنی زانکۆی ستۆکەۆڵم بوو.

* ئەو کەی لە دایک بووە؟
ساڵی 1943 لە دایک بووە، یەک ساڵ لە من بچووکترە. بۆ ئەو تەمەنە رووداوێکی خۆش هەیە، کە تازە یەکترمان بینی، نەیدەزانی من ساڵێک لەو گەورەترم، بە هاوڕێ کچەکەی خۆی وتبوو، دەترسم من لە عومەر گەورەتربم، پاشان رۆژێک بە رێکەوت پەساپۆرتەکەی منی بینی بوو، کە ئەو یەک ساڵ لە من بچووکترە، پاش چەند ساڵێک ئینجا پێ ی وتم؛ پێخۆشحاڵ بووم کە من لە تۆ بچووکترم.

* ساڵی چەند بوو، بڕیارتاندا پێکەوە بژین و هەردوو ماڵەکەتان بکەن بە یەک ماڵ؟
زۆرجار پێمدەوت، تۆ حیسابی ئەوە مەکە تاسەر پێکەوە بژین. من چەپم نازانم بەیانی لە چین، یاخود لە کۆبا خەبات دەکەم یان بۆ کوردستان دەگەڕێمەوە. بەڵام ئەو دەیووت من بە هەموو شتێکی تۆ رازیم، تا زۆرجار پێمدەوت رەنگە رۆژێک لە رۆژەکان بێت و بچین لە شاخەکانی کوردستاندا ببین بە پێشمەرگە و لەناو ئەشکەوتدا بژین دەیگووت قبوڵمە.

تا ساڵی 1970 من لەو ساختمانانە دەژیام کە بۆ خوێندکاران تەرخان کرابوو، ئەگنێتاش لە خانووەکەی دایک و باوکی دەژیا. بەڵام پاش ئەوەی برایەکەی بڕیاریدا لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی بژیت، خانووەکە بۆ ئەگنێتا بە تەنیا زۆر گەورە بوو. ئەو حەزی دەکرد پێکەوە لەو خانووە بژین، بەڵام من زۆر کوردانە بیرم دەکردەوە و رازی نەبووم کە بچم لەو خانووە بژیم. ئێستاش زۆر پەشیمانم کە ئەو کارەم کرد و نەچووم لەو خانووە بژیم.

ساڵی 1970 هەندێک خوێندکاری کورد بۆ سوید هاتن، یەکێکیان کوڕی پوورم بوو، هەندێکی تر خەڵکی عاموودە بوون ناسیاوم بوون، ئەوانە بۆ کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا هاتن و نەگەڕانەوە و داوای مافی پەنابەرێتیان کرد. من بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەم، ژوورەکەی خۆم بەو خوێندکارانە دا، تا ماوەیێک هەر خۆشم کرێ ی خانووەکەم دەدا، ئیتر چووم لەگەڵ ئەگنێتا ژیام، ئەو کاتە دەمخوێند و ناوە ناوەش کارم دەکرد. لە کۆمپانیای شەمەندەفەر ״میترۆ״ کارم دەکرد، ماوەیەکیش لە کارگەی بیرە کارم دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی ئەو شوققەیەکی بۆ خۆی گرتبوو، چونکە دوای برایەکەی ئەویش خانووەکەی دایک و باوکی بە جێەێشت، ئەو خانووەیان بە دوو شوققە گۆڕیەوە، یەکێکیان بۆ ئەگنێتا، ئەویتریش بۆ برایەکەی.

* لە ساڵی 1968 تا 1970 چەندجار بۆ دەرەوەی سوید پێکەوە سەفەرتان کردووە؟
ساڵی 1969 بۆ ڤیەننا چووین، ساڵی 1969 بۆ لینینگراد چووین.

* کەی ژیانی هاوسەریتان پێکەوەنا؟
ساڵی 1974، من زۆر سوور نەبووم لەسەر هاوسەرگیریمان، چونکە من هەردەم چاوم لە وڵات بوو، کە رۆژێک دابێت لە کوردستان خەبات بکەم، بەلامەوە گرنگ نەبوو لە کام پارچە خەبات بکەم!

* ساڵی چەند تۆ و ئەگنێتا حیسابتان تێکەڵاوی یەکتر کرد، لێرەدا مەبەستم پارەیە؟
هەر لەسەرەتاوە.

* کە بەرەسمی ئەگنێتات مارەکرد، ئایا بۆ کلێسە چوون؟
نەخێر، نەچووین بۆ کلێسە، نەخێر هەردووکمان لە دژی ئەوە بووین و تەنیا لە دادگا مارەم کرد و لە شارەوانی ستۆکەۆڵم مەراسیمەکە بەڕێوەچوو.

* لە ئاهەنگەکەتاندا تەنیا کوردت دەعوەت کردبوو؟
کورد و سویدی، بەریتانی و ئەمریکی، خەڵکی چەپ و لیبراڵ و دیموکرات و ئاهەنگێکی کۆکتێل بوو.

* ئاهەنگەکەتان چەندی تێچوو؟
ئێمە دوو ئاهەنگمان کرد، دوای مارەکردنی لە دادگا لە ماڵەکەی ئەو کۆبووینەوە نزیکەی 30 تا 40 کەسمان دەعوەتکردبوو، باوکی، هاوڕێ یەکانی، چەند خزمێکی ئامادەبوون، ئەو کاتە دایکی نەمابوو، سەلاح- ی برام لێرە بوو ئامادەبوو، لەگەڵ ئەمیری قازی و چەند برادەرێکی تر، بۆ شەوەکەی کوردەکانی سوید هۆڵێکیان گرتبوو ئاهەنگێکی زۆر رێک و پێکیان سازکرد.

* ئەی پەیوەندیت لەگەڵ ماڵی ئەگنێتا چۆن بوو؟
برایەکی لە ئەمریکایە پەیوەندیمان زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ برایەکەی تری پەیوەندیمان باش نەبوو ساڵی ٢٠٠٠ کۆچی دوایی کرد، چونکە لە دژی ئەوە بوو ئەگنێتا شوو بە خەڵکی بێگانە بکات. بەڵام باوکی پیاوێکی زۆر باش بوو، زۆر سەردانی دەکردین. لەگەڵ پوورەکانی و براژنەکانی پەیوەندیم زۆر باشە.

* مانگی چەند بوو کە تۆ گەیشتیە تورکیا؟
مانگی 12 ی ساڵی 1978 بوو.

* دوا پەیوەندی تەلەفۆنیت لەگەڵ ئەگنێتا لە کوێ بوو؟
وابزانم لە ئەستەنبۆڵ بوو.

* ئێستا بابەتێکی تر باس دەکەین، ئەگنێتای سویدی چۆن بڕیاریدا ببێتە پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستاندا؟
ئەگنێتا ئەگەرچی پێشتر تورکیا و لوبنانی بینی بوو، پێشبینی نەدەکرد، کە ژیانی پێشمەرگایەتی ئەوەندە سەخت بێت. پێشتر زۆرم بۆ باسکرد کە ژیان لەوێ بەم شێوە و جۆرەیە و زۆر سەختە. گوتی، دەتوانم و تەحەمول دەکەم، کە هاتە ناوزەنگ، ئێمە بە رێگای تاران دا رۆیشتین، چووین بۆ سوریا بۆ گفتوگۆی دامەزراندنی ״جوقد״ دوو هەفتە لە سوریا ماینەوە، سوریایەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک رێگایان پێدام کە سەردانی کەس و کارم بکەم بە مەرجێک هەر لە ماڵەوە بم و نەچمە دەرەوە. لە سوریا بۆ ئیران چووین، لە تارانەوە بۆ مەهاباد چووین، لە مەهاباد چاومان بە مامۆستا شێخ عیزەددین حوسێنی و عەبدولرەحمان زەبیحی کەوت.

* هەر تەنیا تۆ و ئەگنێتا بوون؟
من و ئەگنێتا و نەوشیروان و مولازم عومەر بووین، تا سەردەشت و بێوران بە ئۆتۆمۆبێل چووین، پاشان بە پیادە رۆیشتین، لەسەرەتا ئەگنێتا هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی ئەویش بە پێ رێگا ببڕێت، بەڵام ئەومان سواری وڵاغ کرد.

* لە کوێ جلی کوردیتان لەبەر کرد؟
لە مەهاباد جلەکانمان گۆڕی و جلی کوردیمان لەبەر کرد. قسەیەکی زۆر خۆشم لەبیرە، کە گەیشتینە ناوزەنگ، لە خوارەوەی بازاڕی ناوزەنگ بارەگای بەعسییەکانی لێ بوو، ئەبو فڵانێکیان هەبوو ئێستا ناوەکەیم لەبیر نەماوە، زۆر قسەخۆش بوو گوتی: ״من ئێستا تێگەیشتم کە تۆ لە سویدەوە دێیت، بەڵام ئەو مسکینە چییە لەگەڵ خۆت هێناوتە״ قسەکەم بۆ ئەگنێتا بۆ سەر زمانی سویدی وەرگێڕا، ئەگنێتا پێ ی گوت؛ خۆم بڕیارم داوە. ساڵی 1979 تازە ەێرۆخان هاتبووە شاخ، مام جەلال کە بیست بووی ئەگنێتا دێت، لە پشت خانووەکەی خۆیان خانووێکی بۆ ئێمەش درووست کردبوو، پاسەوان و خواردنمان پێکەوە بوو. ئەگنێتا زۆر بە سادەیی سەیری وەزعەکەی دەکرد، لە رووی دەروونییەوە بۆ ئەو جۆرە وەزعە خۆی ئامادە کردبوو، لە رێگای بڵاوکراوەکانمانەوە وەزعی ئێمەی دەزانی و ئاگاداریی بۆچوونەکانیشمان بوو. پێشتر لە ئەوروپا چەندان کەسی لە برادەران بینی بوو، وەک: رەسوول مامەند، د. کەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، سالار عەزیز، عادل موراد …. هتد. هەروەها چەندین کتێبی سەبارەت بە رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان خوێندبووەوە.

* چەند مانگ لە شاخ مایەوە؟
جاری یەکەم لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب لە ساڵی 1980 لەوێ بوو، جاری دووەم لە مانگی مارس تا مانگی ئابی ساڵی 1981 لەوێ مایەوە.

* کاتەکانی شاخی بە چی بەسەردەبرد؟
جاری یەکەم، هێرۆ خان لەوێ بوو، برادەرانی زیندانیش کە بەر لێبوردنەکە کەوتن لە مانگی ئابی 1979دا دوای ماوەیەک چەند کەسێکیان ژیانی هاوسەریان پێکەێنا، پاشان مەلا بەختیار، روناک خانی شێخ جەناب گواستەوە، هەروەها نەرمین عوسمان و نازەنین- ی خوشکیشی مەهابادتن، خێزانی فەرەیدون عەبدولقادر، پاکیزە خان لەوێ بوو لەگەڵ دڵگیرخانی خێزانی سالار عەزیز. ئەگنێتا بە تەنیا نەبوو لەگەڵ ئەو ژنانە تێکەڵاوبوو. ئێمە نەخۆشخانەمان دانابوو، د. شاڵاو، د. شادمان، د. هەژار لەوێ بوون، ئەو پێ ی خۆش بوو لە نەخۆشخانەکە ئیش بکات. هەر ئەوکاتە ویستمان ژنەکان رێکخراوێکی ژنان بۆ خۆیان دابمەزرێنن، ئەو باسی خەبات و مێژووی ژنانی سویدیان بۆ بکات. هەروەها وابڕیاربوو کە کۆرسی فێربوونی زمانی ئینگلیزیان بۆ بکاتەوە و ئەوانیش ئەو فێرە زمانی کوردی بکەن، ئەو بە زمانی ئینگلیزی قسەی لەگەڵ دەکردن، بەڵام ئەوان ئەویان فێرە کوردی نەکرد. کاتێکی تری خۆی بۆ خوێندنەوە تەرخان کردبوو. لەگەڵ روناک خانی شێخ جەناب ״خێزانی مەلا بەختیار״ نوکتەیێکی زۆر خۆشیان هەبوو. رۆژێکیان روناک خان داوای تەبلەی جگەرە ״ژێر سیغار״ لە ئەگنێتا دەکات و پێ ی دەڵێت؛
Can you please give me under the cigarette
دیارە شتی وا بە زمانی ئینگلیزی نیە و روناک خان تەرجەمەی حەرفی کردبوو.

جیا لە مام جەلال و هێرۆخان کە زۆر یارمەتی و رێزیان لە ئەگنێتا دەنا، مەلا بەختیار و رووناک خان لە هەموو کەسێک زیاتر یارمەتی ئێمەیان دەدا و زۆر پەرۆشی رەوشی ئێمە بوون. نەوشیروان بە ئەڵمانی لەگەڵ ئەگنێتا قسەی دەکرد و فێری بەکارەێنانی دەمانچە و کلاشینکۆفی کرد. نەوشیروان کە دەچووە پیاسە چەندین جار گوڵی زۆر جوانی کێوی لە شاخەکان بۆ ئەگنێتا دهەێنایەوە، ئەمەی زۆر پێخۆش بوو و وەکو دیاردەیێکی شارستانی لەو کاتانەدا سەیری دەکرد. ملازم عومەر واز لە بەزم و قسە خۆشەکانی خۆی ناەێنێ. شەوێک لەگەڵ چەند کەسێکی تر دەعوەتی نانی ئێوارەمان کردبوو لە ژووری خۆمان. لە ناو قسەکاندا بۆم باس کرد کە لە سوید عادەتە پاش دەعوەت دەبێ لە ماوەی حەفتەیێکدا تەلەفۆن بۆ خاوەن ماڵەکە بکەیت و سوپاسی بکەیت بۆ دەعوەتەکە. ئەو کاتە تازە تەلەفۆنمان دانابوو لە نێوان بارەگاکاندا لە ناوزەنگ. پاش2 – 3 رۆژ دەبینم ملازم عومەر تەلەفۆن بۆ ئەگنێتا دەکات و بە ئینگلیزییە شڕەکەی سوپاسی دەکات بۆ دەعوەتەکە ئەمە بوو بە هۆی پێکەنین و گاڵتە و گەپی زۆر.

* دیارە کتێبی سویدی و ئینگلیزیتان لەگەڵ خۆتان بردبوو؟
کتێبمان لەگەڵ خۆمان بردبوو، لەوێش من کۆمەڵێک کتێبم هەبوو.

* چۆن نامەتان لەگەڵ دەرەوە دەگۆڕییەوە؟
ئێمە لە مەهاباد سندوقێکی پۆستمان هەبوو، کاک حسێن و عەلی کەریمی بۆ ئێمەیان جێ بە جێ دەکرد. یاخود لە رێگای مەکتەبی نوێنەرایەتیمان لە دیمەشق، یاخود لە تاران نامەمان بە دەست دەگەیشت. دوای ئەوەی ئەگنێتا بڕیاری دا بۆ کوردستان بگەڕێتەوە، پێموت بگەڕێوە، چوو بۆ سوریا، لە سوریا نزیکەی مانگێک لە ماڵی شێخ دارۆ و نەرمین خان مایەوە، تا فیزای ئیرانی وەرگرت، لە تارانیش چاوەڕێ ی کرد هەتا یەکێک لەگەڵی بێت. لە کوردستانی ئیران شەڕ دەستی پێکردبووەوە، زۆر سوپاسی ئیبراهیم جەلال دەکەم گوتی؛ من دەچم دەیەێنم، جلی ئیرانی لەبەرکردبوو، بە سەلامەتی تا ناوزەنگی هێنا. هەروەها دەبێت سوپاسی سلێمانی لالە عەباسیش بکەم کە هاوکاری ئیبراهیم جەلال- ی کردبوو.

ئەگنێتا لەگەڵ ئیبراهیم جەلال بەسەرهاتێکی خۆشیان هەبوو، ئەگنێتا لە هۆتێل پارس لە تاران دابەزی بوو، نووسینگەی نوێنەرایەتی یەکێتیی- ش لەو هوتێلە بوو، ئەوسا د. فوئاد مەعسووم لەوێ بوو، ئیبراهیم جەلال زمانی ئینگلیزییەکەی ئەوەندە باش نەبوو، د.فوئاد- یش زمانی ئینگلیزییەکەی شڕ بوو. ئەگنێتاش جگەرەی دەکێشا، د.فوئاد لە دەمی دەرچوو بوو، وتبووی من زۆر رقم لە ژن دەبێتەوە کە جگەرە دەکێشێت. ئیبراهیم جەلال بە ئینگلیزییە شڕەکەی قسەکەی د.فوئادی بۆ ئەگنێتا تەرجەمە کردبوو، ببوو بە پێکەنین، د.فوئاد بە گشتی قسەی کردبوو، مەبەستی ئەگنێتا نەبوو، ئیتر واکەوتەوە مامۆستا موحسین و د. فوئاد بە ئیبراهیم جەلال- یان دەگوت؛ ״بۆ مشاغەبە زمانی هەموو دنیا دەزانێت״.

سێ شتی تریش روویدا با باسی بکەم، لەگەڵ ئەو ژنانەی دوای بۆردومانەکە، کە بۆ کانی زەردمان ناردن، ژنەکان خۆیان بۆیان باس کردووم، گوتیان هەردەم ورەی ئێمەشی بەرز دەکردەوە، کە بڕیاریدا بچێتەوە بۆ سوید پێش ئەوەی بچێتە مەهاباد چوو بووە سەردەشت لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکانی کردبوو، کە گەیشتبووە تاران خێزانی ئیبراهیمی قوربان و خێزانی رەحمەتی جەبار فەرمان- ی بینی بوو کە هەوڵیان دەدا بێنە سوید فیزایان نەدەدانێ، ئەگنێتا لەگەڵیان چوو بووە لای قونسولی سوید و قەناعەتی پێەێنابوو کە فیزایان بداتێ.

هەروەها دەمەوێت باس لە ئازایەتیەکی تری ئەگنێتا بکەم، ساڵی 1981 کە لە ناوزەنگ دەرچووین تا بەرەو سوید بگەڕێینەوە. دەچووین بۆ مەهاباد تا جانتا و شتەکانی خۆمان لە ماڵی محەمەدی حاجی شاتری، ئامۆزای سەلاحی موهتەدی هەڵبگرین. ویستمان لەسەردەشتەوە بە تاکسی بۆ مەهاباد بڕۆین، لەسەردەشت تووشی مولازم عومەر و شەهید سەید کەریم و هێزێکی زۆری یەکێتیی بووین هاتبوون بۆ گواستنەوەی ئەو 150 پارچە چەکەی کە مام جەلال لە جێگای چەکەکانی لیبیا لە ئیرانیەکانی وەرگرتبوو، ئێمە ویستمان لە هوتێل بێینە دەرەوە لەو کاتەدا پاسدارێک کوژرا لە لایەن پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران.

من پێشتر سەردانی مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی- م کردبوو و دوو نامەی پێدام کە بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوی تر بانگەوازێک بوو بۆ رای گشتی جیهان لەسەر رەوشی کوردستانی ئیران. هەر ئەو نامانە بوون کە چەند مانگ پێشتر بە دۆستێکی زۆر ئازیزی ئێمەیدا ویستبووی رەوانەی بکات و لە رێگای تاران گیرا و ئیعدام کرا، ئەویش شەهید قەرەنی کەریمی بوو.

نامەکان لە لای من بوون، بەڵام لە نزیک سەردەشت پاسدار ئێمەیان وەستاند و ویستیان بمانپشکنن منیش نامەکانم بە ئەگنێتا دا و داوام لێکرد بیانشارێتەوە. تەماشامان کرد ژنێکی پاسداریان هێنا بۆ پشکنینی ئەگنێتا و داوای لێکرد کە گیرفانەکانی بەتاڵ بکات. ئەویش نامەکانی لەناو هێندێ کلینکسی لە گیرفانی شاردبووەوە، هیچ خۆی تێک نەدا و بە تووڕەییەوە بە ژنە پاسدارەکەی گوت؛ ئەوە چیە دەتەوێت تەماشای کلینکسەکەش بکەیت. ئیتر ژنە پاسدارەکە وازی لێ هێنا و تەماشای هیچی تری نەکرد.

لە تاران ئەگنێتا پێش من بۆ ڤیەننا دەرچوو. لە ڤیەننا لە ماڵی حوسێن سنجاری دابەزیبوو. لەبەرئەوەی خزمایەتیمان لەگەڵ لەیلا خانی خێزانی ئەو کاتەی حوسێن هەیە، خێزانی مامی گەورەم ساڵح لەگەڵ دایکی خێزانی سامی عەبدولرەحمان، فەوزیەخان و خێزانی ئەو کاتەی حوسێن سنجاری خوشکن، واتە لەگەڵ ئامۆزاکانم کە دوانیان زاوای منیشن کوڕ و کچە پوورن. ئەگنێتا لە ڤیەننا چاوی بە سامی عەبدولرەحمان- یش کەوتبوو کە ئەو کاتە سکرتێری پارتی گەل بوو، چاوەڕێ ی منی کردبوو بەڵام من زۆر دوا کەوتم.

من لە تاران دواکەوتم لەبەرئەوەی پاسداران دەیانووسیت بمگرن و نەمدەتوانی دەربچم. بەڵام باڵیۆزخانەی سویدی پەساپۆرتێکی تازەیان بۆ درووست کردم. پاش بینینی باڵیۆز، سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانە لەگەڵم بۆ فرۆکەخانە هات. دوای ئەوەی گەیشتمەوە ئەوروپا لەسەر داوای مەکتەبی سیاسی دەستم بە سەردانی چەند وڵاتێک کرد وەک: یۆنان، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، سوید، ئینگڵتەڕا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و سویسرا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانە و سازکردنی کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

* منداڵتان نیە، هۆکارەکەی چییە؟
لە سەرەتادا من رازی نەبووم کە منداڵمان هەبێت، چونکە نەماندەزانی چارەنووسمان بە کوێ دەگات، کاتی خۆی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دروشمێکمان بۆ گاڵتە هەڵگرتبوو؛ یان ژن و منداڵ، یان شۆڕش. ئەوکاتەی بڕیارماندا کە منداڵ درووست بکەین، چەند جارێک منداڵی لەبەردەچوو، بەداخەوە پاشان ئەگنێتا تووشی شێرپەنجەی رەحم بوو، جار ناجار گلەییم لێ دەکات کە من هۆکارم بۆ نەبوونی منداڵ.

* کەی نەشتەرگەریی بۆ دەرهێنانی رەحمەکەی کرا؟
ساڵی 1975 لەگەڵ نەشتەرگەرییەکەدا منداڵێکی سێ مانگی لە سکی بوو، مرد بوو.

* بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کە منداڵ تەبەنی بکەن؟
ساڵی 1988، دوای روودانی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، لەگەڵ ەێرۆ خان قسەمان کرد، کە ״کچ و کوڕێک״ی هەڵەبجەمان بۆ بدۆزێتەوە تا تەبەنیان بکەین، هێرۆ خان کارەکەی کرد و لەگەڵ خێزانەکە قسەی کرد، ئەوانیش رازی بوون، بەڵام بە داخەوە خزمەکانیان پەشیمانیان کردنەوە.

سەرچاوە؛
پشکۆیەک لە خۆڵەمێشدا، بەشێکی گرنگ لە ژیاننامەی هۆمەر شێمخووس، ئامادەکردنی: نەوزاد عەلی ئەحمەد، چاپی یەکەم ،سوید ٢٠١٠. چاپی دووەم، سلێمانی ٢٠١٨

 

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*