سەرەکی » ئاراستە » یەكەم پێشمەرگەی سویدی كۆچی دوایی كرد

یەكەم پێشمەرگەی سویدی كۆچی دوایی كرد

ئەگنێتا شێخمووس، پێشمەرگەیەکی دێرینی سوێدی بووە لە رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٩ كۆچی دوایی كرد. دوو مانگ پێش كۆچی ئەگنێتا ئێمە لە ستۆکهۆڵم چووینە ماڵەكەی، ئەویش لەو سەدانەدا باسی ژیانی خۆی لەناو كورد و پێشمەرگە، پێش ٤٠ ساڵ لەمەوبەر كرد.

ئێمە بە وڵاغ بەرەو بارەگای پێشمەرگەدا دەچووین. لە رێگا ڕووبەڕووی چەند پیاوێك بووینەوە. کاتێک لێیان نزیک بووینەوە، من وەکو ژنێكی سویدی دەستم هەڵبڕی بۆ سڵاو کردن. بەڵام وەكو شتێكی سەیر وەڵامیان نەدایەوە و مت وسەیر وەستابوون، دوایی پێیان گوتم لێرە پیاو و ژن مەرحەبا بەدەست ناكەن.

دەستپێكی ساڵی ١٩80یە و ئەگنێتا لە سویدەوە بەرەو بارەگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوزەنگ بەڕێکەوتووە، كە دەكەوێتەوە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان. ئەو بڕیاری دابوو، كە بێتە و پێشمەرگە و لەگەڵیان بژی

ئێمە لەناو چادر و خێمەدا دابووین، شوێنەكەمان تەسك بوو. خواردن كەم بوو، ڕۆژانە یەك جار نانمان دەخوارد، زۆربەی جارەکان نان و نیسك یان برنج بوو، گۆشت نەبوو، مانگی یەك جار بەدەستمان دەكەوت یان نا. بەڵام ئاو زۆر بوو، ئاوی سارد و خۆش لە ڕووبارەوە دەهاتە خوارەوە.

ئەم خانمە كە باسی ئەم یادەوەرییانەی خۆی دەكات، لەم تەمەنەیدا کە ٧٦ ساڵە، هێشتا بە بەژنێکی باریك، بە جلوبەرگێکی ڕەنگین، لە هۆڵەكە بەرامبەر بە پەنجەرەكە دانیشتووە. دەستی ڕاستی پڕ لە بازنە، قسەمان بۆ دەکات و ناوە ناوەش فڕێک لە قاوەکەی دەدات.

پۆرترێتەكانی باپیرەكانی لە چوارچێوەكاندا بە دیواری ژوورەكەیدا نیشان دەدەن، ئەم ژنە لە بنەماڵەیێكی ئاسایی نییە. ئەگنێتا لەسەر بنەماڵەكەی دەڵێت:

لە كونگشهۆڵمن لە ستۆكهۆڵم لە دایك بوومە. بنەماڵەكەی ئێمە لە چینی ناوینی بڵند بوون. باوكی من بەڕێوەبەری كۆمپانیایێك بوو .
بە دەنگێكی نزم دەڵێت «من منداڵ بووم، لە ماڵەكەی ئێمەدا خزمەتكارمان هەبووە».

ئینجا، ئایا هۆكارەكە چی بووە كە ئەم خانمە سویدییە لە چینی ناوینی بڵند (ئەرستۆکرات) بچێتە شاخەكانی كوردستان، ناو جێگای تەسك، كێمخواردن و تالووكەی ژیانەوە؟
هۆكاری سەرەكی ئەوینی ئەوە و هۆمەر شێخموس-ە.

لە زانكۆ، لە فەرمانگەی بەشی وەرگرتنی خوێندكاران كارم دەكرد، هۆمەر ئەوكاتە تازە هاتبووە زانكۆ بۆ تۆماركردنی ناوەكەی خۆی لە كۆتایی ئابی ساڵی ١٩٦٨. بە ڕێگا هاوڕێیەكم یەكترمان ناسی.
هەتا ئەوكاتە، ئەگنێتا و هاوڕێیەكانی هیچ شتێك سەبارەت بە كورد نازانن، یان شتی خەیاڵیان بیستبووە.

پێش ئەوەی هۆمەر بناسم، وشەی كوردم نەبیستبوو، هیچ شتێكم لەسەریان نەمدەزانی. جارێك من و هۆمەر چووینە سەردانی هاوڕێیەكی من، ئەو هاوڕێیەم ناوی كورد نەیبیستبوو: «لای من وابوو كورد هەمووی سوار ئەسپن و خەنجەر لەبەر پشتێنیان دایە» بەڵام هۆمەر نە ئەسپی هەیە و نە خەنجەر.

هۆمەر شێخموس، ماوەیەکی کورت بوو، لە بەریتانیاوە بۆ سوید هاتبوو، چالاکوانێکی دیاری کورد بوو، ئەگنێتا هەمیشە لە رێگای هۆمەر شێخموس زانیاری نوێی‌ لەسەر كورد دەبیست و پشتگیریی لە پرسی كورد دەکرد، ئەمەش گرنگترین خاڵی پێشڤەچوونی دۆستایەتی نێوان هەردووكیان بوو.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، بنەماڵەكەی ئەگنێتا و هۆمەر شێخمووس باشتر یەکتریان دەناسی و پەیوەندیان خۆشتر دەببوو، ساڵی ١٩٧٤ ئیتر بڕیار دەدەن كە ژیانی هاوسەرگیری پێك بهێنن. ناوی دەبێت بە بە ئەگنێتا شێخموس، بەجیا ماڵێك بۆ خۆیان دادەمەزرێنن، ئیدی ئەگنێتا دەبێت بە بووكی عاموودییان.

ڕۆژێک لە مەتبەخ نانی ئێوارەم ئامادە دەكرد. هۆمەر بە دڵێكی خۆش هاتەوە و گوتی: وەرە سەیر بكە و ببینە. سەیرم کرد، لە عەلاگەكەی دەستی چ ببینم، سەری مەڕێكی بە خوێنی لەناو دابوو، لەترسا حەپەسام و گوتم، ئەم شتە لە من دوور بخەوە با نەیبینم!

ئەو ئیوارەیە، بەتەنیا بۆ خۆی، سەری مەڕەکەی لێناو خواردی.
لە ماڵەوە مرۆڤ دەتوانێت بڕیار بدات چ بخوات، چ نەخوات. بەڵام كاتی دەچنە سەردانی شاری هۆمەر شێخموس (عاموودێ‌) لە ڕۆژئاوای كوردستان و لەوێ‌ خواردنی سەرووپێ دێتە پێشیان، ئەگنێتا ناچار دەبێت، كە ئەو جۆرە خواردنە بخوات.

كاتێک گەیشتین (عاموودێ‌) گەشبینیەكی زۆر و بەبێ‌ رادە ڕووی هۆمەری داپۆشی بوو، لە دەوروبەری خۆم سەیرم كرد، شتێكی تایبەت لەم شارەدا نیە کە سەرنجم بۆ لای خۆی راکیشێت، بەڵام بە بەجۆشی هۆمەر و هەیەجانەكەی دڵم خۆشبوو.

ئینجا لە (عاموودێ) لە ماڵی خوشكی هۆمەر ئێمە دەماینەوە، ڕۆژێك بەو گەرمای هاوینە، خزمێكی ئەوان داوەتی نانی نیوەڕۆی كردبووین. لەبەر گەرمای زۆر و دژواردا یەك بەشەر لە دەرەوە نەبوو. لە ڕێگا بە هۆمەرم گوت، ئەم شارە مەكسیكۆیە، فیلمی كاوبۆی دەهێنێتەوە بەرچاوی مرۆڤ.

لەو گەرمای هاوینەدا، كاتی كە دەچووینەوە ماڵ، دەمانبینی، شۆربای گەرم یا سەرووپێیان بۆمان ئامادە كردووە. ئەوان بە چێژ دەیانخوارد، بەڕاستی منیش تۆزێكم خوارد.

هۆمەر شێخموس، وەكو سیاسەتمەدارێكی كورد، هەر ڕۆژێك لە وڵاتێكە، ئەو لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ڕۆڵێكی ئاكتیڤی هەبووە. لە سەفەرەكەی بۆ كوردستاندا لە ساڵی ١٩٧٩ دا نامەیێك بۆ ئەگنێتا دەنێرێت و پرسیار دەكات ئایا دەیەوێ‌ بێتە ناو پێشمەرگە. ئەگنێتا واز لە سوید و لە ماڵ و كارەكەی دەهێنێت و ڕوو دەکاتە شاخەكانی كوردستان و ناو پێشمەرگە.

ناوی من لەناو پێشمەرگەدا خوشکە تارا بوو، نەوشیروان مستەفا فێری چونیەتی بەكارهێنانی دەمانچە و كەلاشنكۆفی كردم.

لەو بارەگایانەدا نزیكەی ١٥٠٠ پێشمەرگە هەبوون، بەتەنیا ئێمە ٥-٦ ژن بووین. بەحەساب دەبوایە فێری زمانی ئینگلیزییان بكەم و ئەوانیش فێری زمانی كوردیم بكەن.

ئەگنێتا بە پێکەنینەوە دەڵێت: ڕاستەكەی ئەوان فێڵیان لەمن كرد و فێری كوردییان نەكردم، بەتەنیا چەند وشەیێك فێربووم.

بە گشتی نزیكەی دە مانگ لەناو پێشمەرگە دەمێنێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتی و دژوارییەدا، ئەگنێتا دەڵێت، پێش ئەوەی كە بچێتە شاخ، باش ئاگاداری ڕەوشەكە بووم، لەبەرئەوە‌ ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ ئەو‌ شتێكی سەیر نەبوو.

ئەگنێتا ئاماژە بەوە دەدات، كە لەناو پێشمەرگەدا ڕێز و جێگایەكی تایبەتی گەورەی هەبووە، هەر چەندە كە خۆی باسی ئەوە ناكات، بەڵام دوای بۆمبارانی فڕۆكەی سوپای عێراقی و جەسارەتی ئەگنێتا لەو بۆمبابارانەدا، زیاتر و دووقات ئەو ڕێز و حورمەتیەی زیاتر بووە.

هاوینی ساڵی ١٩٨٠ بوو. بەیانی زوو، كاتژمێر ٤-٥ دەنگی قیژ و هاوار هات. دەمانچەكەی ژێر سەرم هەڵگرت و چوومە دەرەوە، بینیم فڕۆكە دەوروبەرمان بۆمباباران دەكات.

چوار فڕۆكەیی جەنگ، لە نیو سەعاتێكدا سێ‌ جار هێرش كردیان سەر پێشمەرگە، وكوژراو و بریندار لێكەوتن.

دوای هێرشەكە بەچەند مانگێك، ئەگنێتا بەرەو ئەوروپا دەچێت، چەند ساڵێك لەگەڵ هۆمەر شێخموس لە دەوڵەتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا دەژین.

لەو ساڵانەی كە ئەگتێتا لەناو سیاسەتی كوردیدا بووە، زۆربەی سەركردەكانی كورد دەناسێت، وەكو؛ جەلال تاڵەبانی، عەبدوڕەحمان قاسملو، نەوشیروان مستەفا، هێرۆخان….هتد. ئەگنێتا دەڵێت؛ لەم ساڵانەی دواییدا، زیاتر ڕووم لە خوێندنەوە کردووە و زۆربەیان پەیوەندی بە پرسی كوردەوە هەیە.

لە وەڵامی پرسیاری، ئایا كاتێ لەناو پێشمەرگەدا بووە، یان لە ناو گۆڕەپانی سیاسەتی كوردیدا بووە، هیچ پەشیمان نەبووە، بە بێ‌ دوودڵی دەڵێت: نا.ئەمە قسەكانی ئەگنێتا شێخموس بوون، لە ٢٠/١١/٢٠١٩ كۆچی دوایی كردووە.

ئەم چاوپێكەوتنە پێش دوو مانگ لەمەوبەر سازکراوە، سەبارەت بەم پرسیارە، ئەگەر مرۆڤ ٤٠ ساڵ لە تەمەنی بگەڕێتەوە، ئایا دیسانەوە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ هۆمەر شێخموس پێکدەهێنیتەوە؟ یەكسەر وەڵامی دایەوە و گوتی: بەڵێ دیسانێ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ هۆمەر دەکەم.

سەرچاوە:
ئەم چاوپێکەوتنە، رۆژی ٢١ /١١/ ٢٠١٩، لە رادیۆی سوید، بەشی کوردی بڵاوبۆتەوە.

 

سازدانی: بەشیر کاڤاک

 

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*