سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كۆبوونەوەی گروپی 20 لە سەردەمی قەیرانەكاندا

كۆبوونەوەی گروپی 20 لە سەردەمی قەیرانەكاندا

بەو پێیەی سعودیە لە ساڵی پارەوە سەرۆكایەتیی لوتكەی G20 دەكات، ئەمساڵ لە رێی ئۆنلاینەوە، لە ریازی پایتەخت میوانداری و سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی گشتیی گروپەكەی كرد و رۆژی 21/11/2020، كۆبوونەوەكان بە بەشداریی خاتوو ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا، ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا، شی جین بینگ سەرۆكی چین و شای سعودیە و سەركردەی 20 وڵات دەستیانپێكرد و دوو رۆژ بەردەوام بوو. سەرەكیترین بابەتەكانی كۆبوونەوەكە بریتی بوون لە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنێتیی دابەشكردنی ڤاكسینەكە، گۆڕانی كەشوهەوا و پلانی پاراستنی بۆ قۆناغی داهاتوو، كێشەی دابەزینی ئاستی ئابووری جیهان و كۆمەڵێ دۆسێی تریش.

ڤاكسینی دژە كۆرۆنا
ئەوەی زۆر لەسەری دووان، مەسەلەی ڤاكسینی كۆرۆنا و دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە بۆ دابەشكردنی، تاكو بگاتە هەموو كونجێكی جیهان و وڵاتە هەژار و دواكەوتووەكانیش.

چارڵز میشێل سەرۆكی ئەنجومەنی یەكێتیی ئەوروپا داوای راگەیاندنی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و گەیشتنی ڤاكسینەكە بە هەموو دونیا، كە جۆرێك لە یەكسانی و دادپەروەری تێدابێت. پێشنیازیشیكردووە، كە وڵاتانی گروپەكە 4 ملیار و 500 هەزار دۆلار بۆ هاوكاریی وڵاتان و گەیاندن و گواستنەوەی ڤاكسینەكە تەرخان بكەن.

رێكخەرانی لوتكەكە دەڵێن، تاكو ئێستا 21 ملیارمان خەرجكردووە بۆ هەڵمەتی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و ئامادەییش هەیە بۆ تەرخانكردنی بڕی تر، لەپێناوی نەهێشتنی شوێنەوارە خراپەكانی.

كەشوهەوا
یەكێكی تر لەو بابەتە گرنگانە، كەشوهەوای جیهانە كە لەمساڵانەی دواییدا لە سایەی كارگە و فابریك وگاز و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و بەرژەوەندییە باڵاكانەوە، پیسبووە. بە تێروتەسەلی باسكرا و داوا لە دەسەڵاتی تازەی كۆشكی سپی و جۆ بایدن كرا، تاكو بەبڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-دا بچنەوە، كە لە رێكەوتننامەی پاریس بۆ پاراستنی كەشوهەوا ئیمزایان كردبوو، دواتر ئەمریكا پاشەكشەی لێكرد، بەڵام وڵاتانی دیكە بەڵێنیانداوە كە پەیوەست بن پێیەوە و هەوڵبدەن بڵاوبوونەوەی گازی پیسكەر و زیانبەخش كەمبكەنەوە.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو هۆكارانە كرا، كە لەسایەی تەكنۆلۆژیاوە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتیش لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئابووری و قەرز
كێشەی پێدانی قەرز بە وڵاتە هەژارەكان، یەكێكی تر بوو لەو دۆسیێیانەی لە كۆبوونەوەكەدا باسكرا، چونكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، زۆر لە وڵاتە هەژارەكان لەوانەیە ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش نەتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە، بۆیە پێشنیار هەیە وەرگرتنەوەی بڕێكی زیاتر لە قەرزی سەرشانی ئەو وڵاتانە دوابخەن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم بابەتە پێیوایە، كە ئەو وڵاتانەی قەرزی زۆریان لەسەرە، ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانەوە خەریكە بەیەكجاریی دادەڕمێن و هاووڵاتیانیان ئەوەندیتر برسی و پەرێشانتر دەبن، بۆیە دەبێت چاوێك بە قەرزەكانیاندا بخشێنرێتەوە و هاوكارییان بكرێت.

بەپێی لێدوانی رێكخەرانی كۆبوونەوەكە، گروپەكە تائێستا 11 ملیار دۆلاری تەرخانكردووە بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی جیهان و گەشەپێكردنەوەی، هەروەك پێیانوایە لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوودا، ئاستی ئابووری بەرزدەبێتەوە، بۆیە تا ئەوكاتە چاوپۆشی لە قەرزەكانی سەریان دەكرێت. ئەوروپیەكانیش پێیانوایە كە وڵاتە هەژار و كەمدەرامەتەكان لەنێویاندا وڵاتانی ئەفریقیا، لە هەموویان زیاتر پێویستیان بە دەستگرتن و هاوكاریی زیاترە و زۆربەی بەشداربووان هاوهەڵوێست بوون لەسەر دواخستنی وادەی دانەوەی قەرزەكانیان.

مافی مرۆڤ لە سعودیە
مەسەلەی پاراستنی مافی مرۆڤ لە شانشینی عەرەبی سعودی كە لەسایەی پلانی دریژخایەن و فۆرمەڵەكردنەوەی وڵات لەلایەن شا محەمەد، گلەیی و گازەندەی نێودەڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتۆتەوە. ئەو كەیسە ناكەوێتە ناو تەوەری كۆبوونەوەكانی گروپەكەوە، بەڵام لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا لە دیمانە میدیایی و دووقۆڵی و گفتوگۆ ئۆنلاینەكانی ئەو رووداوەدا باس دەكرێت و هەموولایەك كۆكن لەسەر ئەوەی كە داوا لەو وڵاتە بكرێت، مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و هی ژنان و چالاكوانانی سیاسی بەتایبەتی بپارێزێ و بەرەو مەدەنیەت هەنگاو بنێت.

لەسەر ئەمە، رۆژنامەی رانكفۆرتە ئەلگێماینە زایتۆنگی ئەڵمانی نووسیویەتی، ئەو لوتكەیە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ سعودیە، بۆ بەخۆداچوونەوە و نیشاندانی دیمەنێكی تری جیا لە پێشوو. هەندێك لە كەناڵەكانی میدیای ئەڵمانیا گلەیی لە گروپەكە دەكەن، كە چاوپۆشی لە پێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتە دەكەن لە مەسەلەی مافی مرۆڤ، لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵیدا.

سەرچاوە: DW, Sddeutesche, BBC

 104 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*