سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » کورد و ئەزموونی سیاسی

کورد و ئەزموونی سیاسی

هەر گۆڕانکارییەک، یان هەر رووداو و وەرچەرخانێکی سیاسی لە ناوچەکە و جیهاندا روودەدات، پێش زۆرێک لە وڵاتانی تر کورد پەیامی دڵخۆشی و خۆشحاڵی خۆی دەنێرێت. بە واتایەکی تر، کورد هەموو جارێک لەسەر شەپۆلی خۆشخەیاڵی خۆی سەوڵی لێداوە بەرەو رووداوێکی نوێ، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم پەشیمان بۆتەوە لەو خۆشخەیاڵییە و جگە لە گلەییەکی شەرمنانە هیچی تری بۆ نەماوەتەوە.

ئەگەر لەسەر دوو پانتایی سیاسی (عیراق و ئەمریکا) بڕوانینە ئەم خۆشخەیاڵییەی کورد، هەموو جارێک سەرکردایەتی کورد لە پێشبینییاندا بۆ کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئەو دوو وڵاتە نەیپێکاوە و پاشگەز بوونەتەوە.

بەپێچەوانەی زۆرێک لە بۆچوونەکان، نەبوونی ئەزموون لە دنیای سیاسی و شۆڕشگێڕیی و لە کایەی ئابووری …هتد دا، بۆ خۆی رێسی هەموو جووڵەیەکی کوردی کردۆتەوە بە خوری و بەردەوام لە پاشەکشێدا بووە.

لە روانگەی دەرەنجامەکانی ئەو سیاسەتەوە کە کورد مومارەسەی کردووە لە رابردوودا، کورد نموونەیەکی جوان و ئەرێنیی پێشکەش نەکردووە، هەناردەی هەر شوێن و ناوچەیەکی دیکەی عیراق و وڵاتانی هەرێمایەتی بکات، تەنانەت کورد لە ناوخۆی کوردستانیشدا دۆڕاوی هەموو یارییە سیاسییەکانی خۆخۆری و یەکتر قبووڵ نەکردن بووە و ئەزموونی پەیدا نەکردووە لەوەی چۆن ئەو کەلێنانە پڕبکاتەوە و چیتر بە قازانجی نەیارەکانی نەشکێتەوە.

هەر کاتێک کورد و کاربەدەستانی باشووری کوردستان توانای خوێندنەوەی رووداوە جۆربەجۆرەکانی ناو مێژووی کورد و کوردستانیان هەبووبێت، ئەوکات دەکرا باس لە وجودێک بەناوی ئەزموون بکەین، چونکە ئەزموون و ئەزموونکردن دەرئەنجامی ورد خوێندنەوە و جوان هەڵسەنگاندن و قووڵبوونەوەی رووداوەکانە. بەداخەوە لە بری یەکتری خوێندنەوەیەکی وردی قووڵی کۆی رووداوەکان لەلایەن کاربەدەستەکانی کوردەوە، ئێستا ئەم خوێندنەوەیە فرە لق و فرە ئاراستەیە و دابەشی سەر سیاسەتی حزبی بووە.

بەتەعبیرێکی دیکە، هیچ رووداوێک لە دنیای کوردیدا نییە بازی نەهاویشتبێت بەسەر کۆمەڵێک راستیدا و رووداوەکانی وەک خۆی شەن و کەو کردبێت و بەتەواوی وەک خۆی خوێندنەوەی بۆ کرابێت، تەواوی ئەم بازدانانەیش بازدانی مێژوویی نەبوون کە وەک کردەی ریفۆرمێکی مێژوویی یان چاککردنی ناتەواوییەکانی کورد سەیربکرێت، بەڵکو بازدانەکان بەجێهێشتنی تەواوی ناتەواوییەکان و کەڵەکەکردنی ناشیرینییەکانی ناو مێژوومانە لەسەر یەکتر تا ئەو ئەندازەیەی دوورترین مێژووی ئەم ناشیرینیانە لەئێستای کورددا هەیە.

ئێستا هەرچۆنێک و بەهەر پێوەرێک لە جووڵە سیاسییەکانی کورد وردببینەوە، ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە ئایا کورد ئەزموونی سیاسیی هەیە وەک دنیابینییەکی جێگیر و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی جێگیر؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە نەک تاکی کورد شەرم لە وەڵامەکەی دەکاتەوە، تەنانەت کاربەدەستەکانیش نایانەوێت ئەم پرسیارە رووبەڕووی خۆیان بکەنەوە و بەخۆداچوونەوەیەک بە جووڵە سیاسییەکانی خۆیاندا بکەنەوە.

ئەم پرسیارە مێژوویەکی دووری هەیە لەناو ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕیی پێش راپەڕینی کورد و حکومڕانی و دیموکراسی و هێز و لایەنەکانی دوای راپەڕیندا، کەچی هیچ بەرپرسێکی کورد نەیتوانی لە هەردوو قۆناغەکەدا وەڵامێکی پێویستی ئەم پرسیارە بداتەوە.

نابێت شەرم لەو راستییە بکەین کە کورد ئەگەرچی بەناو تونێلی تاریک و رووداوی گەورە و مێژووییدا تێپەڕیووە، بەڵام بێ ئەزموونترین نەتەوەی جیهانە. نە ئەزموونێکی جوان و دەوڵەمەندی هەیە کە بیداتە جیهان و مۆری کوردانەی خۆیی لێبدات، نە ئەزموونێکی باش و گەورەیشی وەرگرتووە لەهەموو ئەو کەموکورتییانەی رۆژگارێک تووشی هاتوون بە هۆی هەڵەی کورد خۆیەوە.

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*