سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » خه‌ونی له‌ گۆڕنانی‌ دیكتاتۆری

خه‌ونی له‌ گۆڕنانی‌ دیكتاتۆری

تاكی عیراقی‌ به‌ دیدی عه‌لی و‌ردی تاكێكه‌ خه‌ونی ده‌سه‌ڵاتخوازیی‌ و دیكتاتۆری له‌ ناخیاندا هه‌یه‌ و هیچ تاكێكیان نییه‌ حه‌زی خوێنڕشتن و ده‌سه‌ڵاتخوازیی‌ تێدا نه‌بێت.

له‌م دیده‌ فراوانتر ئه‌وه‌یه‌ تاكی خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌گشتی تاكێكه‌ پڕ له‌ رۆحی دیكتاتۆری و ناسیۆنالیستی و حه‌زی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌وی به‌رامبه‌ر، ئه‌م شوناسه‌ هه‌روا شتێكی ره‌ها نییه‌ ئێمه‌ به‌ باڵای‌ تاكی خۆرهه‌ڵاتیدا ببڕین و بیخه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فۆرمه‌ ئینساییه‌ خۆرئاواییه‌كه‌وه‌، هه‌روه‌ك كارێكی تاوان و هه‌ڵه‌یش نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین داخرانی سیستمه‌ سیاسییه‌كانی خۆرهه‌ڵات و وێناكردنی‌ خۆرهه‌ڵات وه‌ك گۆڕه‌پانی جه‌نگ و كوشتن و ده‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیكتاتۆره‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سروشته‌ جوگرافییه‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار نییه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شێوه‌ مێژووییه‌كه‌ی‌.

یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی‌ نایه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ رێڕه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بكرێته‌وه‌ و مۆدێلێكی نوێی سیستمی سیاسی موماره‌سه‌ بكات عیراقه‌، عیراق له‌ دوای‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ به‌ هیوای‌ بنیاتنانی‌ وڵاتێكی دیموكرات و سیستمێكی سیاسی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كان سیستمه‌ دیكتاتۆرییه‌ فاشیسته‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ گۆڕنراو ره‌گ و ریشه‌ی‌ له‌ بێخه‌وه‌ ده‌رهێنرا، به‌ڵام چونكه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ بۆ دیموكراتیزه‌كردنی‌ عیراق هه‌وڵێك نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ستكاریكردنی‌ بیر و هۆشی تاكی عیراقی و په‌روه‌رده‌كردنی‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراق به‌ هه‌مان بیری سیاسی ئه‌مریكی و ئه‌وروپی، تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ تۆوی دیموكراسی له‌ ژینگه‌ی‌ سیاسی عیراقدا بچێنن و سه‌وز ببێت، بۆیه‌ هه‌رزوو ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ بۆ دیموكراتیزه‌كردنی‌ وڵات درا گۆڕا بۆ شێوه‌یه‌ك له‌ ته‌وافوقی سیاسی و له‌ كۆی ئه‌و زنجیره‌ كابینه‌ وزارییانه‌ی‌ له‌ عیراقدا پێكهاتن هیچ كابینه‌یه‌كیان دیموكراسیی ته‌واوه‌تی تێدا جێبه‌جێنه‌كرا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌وافوقی سیاسی شوێنی دیموكراسیی گرته‌وه‌ و به ‌ته‌وافوق لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێكده‌گه‌ن به‌جۆرێك هه‌موو جارێك سه‌رۆك وه‌زیران لای‌ شیعه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران لای‌ سوننه‌ و سه‌رۆك كۆماریش لای‌ كورده‌.

خه‌ونی له‌ گۆڕنانی‌ دیكتاتۆری له‌ عیراقدا خه‌ونێكی دۆنكیشۆتیانه‌یه‌، ده‌كرێت هه‌وڵه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ دیكتاتۆریه‌ت له‌ عیراقدا، ده‌یان كه‌سی هه‌ڵگری‌ بیری دیكتاتۆری له‌ عیراقدا دوورخستبێته‌وه‌ و له‌ناو بردبێت، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت بیری فاشیزم و دیكتاتۆری و بان نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤی پیرۆز و باڵا له‌ناو ببات و جیهانێكی دیكه‌ به‌ رووی عیراقدا بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م وڵاته‌ و خودی پایته‌خته‌كه‌ی‌ پێمان ده‌ڵێت له‌به‌ره‌به‌یانی بنیاتنانه‌وه‌ شه‌ڕو خوێنڕشتن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و كورسی و ئینقلاب به‌شی بووه‌ و ئه‌سته‌مه‌ به‌ئاسانی ئه‌م مێژووه‌ تێپه‌ڕێنێت و ببێته‌ تاقانه‌یه‌كی وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ڕووی بنیادنانی‌ سیستمێكی نوێی سیاسی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌.

له‌ رووی سیستمی سیاسیشه‌وه‌، له‌ بونیادنانی‌ به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ كه‌ ته‌نها سێ ماڵی هۆزه‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی عیراق بوون و له‌و رۆخی دیجله‌یه‌ بارگه‌یان هه‌ڵخستبوو، هه‌وڵه‌كه‌ی‌ «ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نسور _762ز» نه‌یتوانی‌ به‌غدا بكات به‌ «شاری‌ ئاشتی» و سیستمی سیاسی دووربخاته‌وه‌ له‌هه‌ر بیرێكی دیكتاتۆری و خوێنڕشتن.

له‌و ده‌مه‌وه‌ به‌ بازدانێكی مێژوویی بۆ 1921 و دواتر بۆ 1963 به‌عسییه‌كان و پاشان بۆ 2003 ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه‌ له‌ سیستمی سیاسی و ئاڵۆگۆڕی ده‌سه‌ڵاتدا، هیچیان به‌شێوه‌ی‌ دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌ و هیچیشیان سه‌ره‌تای‌ سیستمێكی دیموكراسی جێگیرنه‌كرد، به‌ڵكو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ویستوویانه‌ له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام بن و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بمێننه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت بگوترێت: ئه‌م ویسته‌ دیكتاتۆرییه‌ له ‌عیراق و خۆرهه‌ڵاتدا مێژووكرده‌ و به‌تێپه‌ڕینی مێژوو گه‌وره‌ بووه‌ و بناغه‌ی‌ به‌هێزی بۆ خۆی دروست كردووه‌ و به‌ئاسانی له‌ناو نابرێت و كۆتایی نایه‌ت تاكو له‌بناغه‌وه‌ تاكی خۆرهه‌ڵاتی‌ و عیراقی به‌بیری دیموكراسی په‌روه‌رده ‌نه‌كرێن.

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*