سەرەکی » وەرزش » بۆچی واتان لە كچانی سیروانی شارەزوور كرد؟

بۆچی واتان لە كچانی سیروانی شارەزوور كرد؟

نەبەز محەمەد عەلی*

لە خولی نایابی بالەی کچانی یانەکانی عیراقدا کە لەهەولێر ئەنجامدرا، نا هەقییەکی گەورە لە کچانی یانەی سیروانی شارەزوور کرا و لە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین بێ بەشکران.

من لێرەوە بە یەکێتیی ناوەندی بالەی عیراق و ئەو یانەیەش دەڵێم کە بوو بە هۆکاری ئەو ناهەقییە و دیاریشە کە مەبەستم کام یانەیەیە، ئەگەر ئاوا خزمەتی وەرزشی کچان و خانمان دەکەن ئەوا هەر نەیکەن باشترە.

ئەوان لەم بارودۆخە ناهەموارەدا کە بەدڵێکی پاکەوەو بەمەبەستی خزمەتی وەرزشی کورستان و پاشان شارەکەیان بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەیان کرد، بە چ یاسایەک و بۆچی غەدریان لێدەکەن و مافیان دەخۆن؟.

ئێوە بە چ یاساو ڕێسایەک مافی تیپی کچانی یانەی سیروانی شارەزورتان پێشێلکرد؟ ئەوان کە لەشارۆچکەیەکی ئەم کوردستانەوە هاتوون و بەشدار دەبن و ئەنجامی بەرچاو تۆمار دەکەن، بەکام یاسا ئاوتتان کردن؟ لێرەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەمە کە بەشێکی ئەم ناهەقییەیان بەردەکەوێت، ئێوە کارێکی واتان کرد بە یاسا شکێنی یانەیەکی پایتەختی عێراق(ئەمانە) سەربخەن بۆ چوارگۆشەی زێڕین و سیروانی شارەزوور ئاوت بکەن.

ئەوەندەی من ئاگادارم، تیپی کچانی یانەی سلێمانی کەبەشیکی ئەو ناهەقییەیان بەر دەکەوێت، بە زارەکی و بەبێ نوسراوی رەسمی کە دەبێت رەزامەندی یەکێتی بالەی عراقیشی لەسەربێت، دوا یارییەکەیان نەکەن کە بەرامبەر یانەی خاڵص بوو، چونکە هەردوو تیپ ئەنجامیان باش نەبووە، هەر بە زارەکیش لەلایەن بەناو یەکێتی بالەی عێراقەوە پێیان وتراوە ئاساییە بڕۆنەوە بۆ سلێمانی کەئەمە لەهیچ شوێنێکی دنیا نەبینراوە.

من دەزانم ئەوە قابیلی قبوڵ نییە، بەڵام گوناح نیە تا ئێستا یانەیەکی گەورەی وەک یانەی سلێمانی و دواییش یەکێتیی بالەی عیراق لەیاسا و ڕێسای پاڵەوانێتیەکان شارەزا نەبن و بە زارەکی تیپ ئیزن بدەن؟ بەم کارە قێزەونەش مافی تیپێکی وەک سیروانی شارەزوور پێشێل بکرێت لە پاڵەوانێتیەکەدا و خەونی کچانی تیپەکە لە گۆڕنرا، ئاخر من لەئێوە دەپرسم ساڵی ئایندە نەک ئەم تیپە سەرجەم تیپەکانی تریش بە چ دڵێک و بەچ گوڕ و تینێکەوە بەشداری سەرجەم خولەکان بکەن، ئەگەر ئەمە حاڵی ئەو وەرزشە بێت کە ئێوە بەڕێوەی دەبەن؟.
من دڵم بە کچانی سیروانی شارەزوور دەسوتا کاتێک بینیم لە یاریگادا دانیشتوون و یاریگایان چۆڵ نەدەکرد و داوی مافی خۆیان دەکرد، لێپرسراوانی وەرزشی بالەی عیراق و کوردستانیش پێیان ڕاگەیاندن ئەگەر یاریگا چۆڵ نەکەن ئەوا ناچارن ڕێگای تر بەکاربهێنن، زۆر ئاشکرایە رێگای تر مانای چی، ئەوەش تەنیا ئیشی نەزانەکانە بۆپەردە پۆشکردنی هەڵەو ناهەقییەکانیان زمانی زبر و ڕێگای ئازاردان بگرنەبەر، لەھیچ سوچێکی ئەم دنیایەدا نەبووە لە وەرزشدا هێز و توندو تیژی بەرامبەر بە خانمانی وەرزشکار بەکار بهێنرێت.

سەرەرای هەموو ئەو ناعەدالەتییەی بەرامبەر ئەوان کرا، هیچ کام لە بەرپرسانی وەرزشی هەولێر و کوردستانیش نەیانکرد پشتگیرییەکیان لێ بکەن، ئەوەش ئاشکرایە لەبەر ئەوەی جێگاکانیان و پۆستەکانیان لە وەرزشدا لەق نەبێت و دڵی گەورەکانیان زویر نەبێت.

*ئەم ستوونەی نووسەر بەدەستكارییەكی كەمەوە لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك وەرگیراوە.

 

قەرەقوش

ئەفرۆدێت

ئەکاد عەنکاوە

 68 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*