سەرەکی » راپۆرت » چارەسەری كێشەكان

شرۆڤەی رۆژ

چارەسەری كێشەكان

تەحسین تەها چۆمانی

بەغدا و هەرێمی كوردستان تەئكید لە بەردەوام بوونی گفتوگۆكانی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دەكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستان حزب و لایەنەكان بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان، داوا دەكەن پەلە بكرێت و هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەمەش بەڕوونی و بەگرنگییەوە لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا جەختی لەسەر كرایەوە، بەتایبەت پرسی ناردنی وەفدێكی بڕیار بەدەست بۆ بەغدا.

ئەمساڵ ساڵێكی گەرم بوو لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا وەك لێپرسراوانی هەردوولا رایانگەیاندووە «گفتوگۆكان بەردەوامن»، سەرەڕای ئەوەی هەنگاوی باش نراون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام هێشتا پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان كێشەیەكی سەرەكییە لە نێوان هەردوولادا، ئێستاش كە نزیك دەبینەوە لە كۆتایی ساڵ، دووبارە هەردوولا روبەڕوی كێشەیەكی نوێ دەبنەوە، ئەویش پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووە، كە پێدەچێت ئەم پرسە بۆ هەردوولا قورستر بێت، بەتایبەت بۆ هەرێم بەوەی كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دووبارە پشكی كورد كێشەی بۆ دروست ببێتەوە، بەتایبەتیش دەنگی ناڕازیی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێدەچێت ئاستەنگ و بەربەستی نوێ لەنێوانی گەیشتنە رێكەوتنی هەرێم و بەغدا دروست بكەن، لە دەركردنی یاسای كورتهێنانی بودجە و وەرگرتنی قەرز ئەمە بەڕوونی بینرا.

ئەمەش بەرپرسیارێتی زیاتر لەسەر هەرێم دروست دەكات، كە هەنگاوی كرداریی و خێرا لەپێناوی باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان و مووچەخۆراندا بنێت.

ئێستا دۆخی عیراق بە جۆرێكە كە ئاسان نییە هەموو شتێك بە خواست و ئارەزووی سەرۆك وەزیران بەڕێوەبچێت، وێڕای هەژموونی هەندێك لایەنی سیاسی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ناوەڕاستی ساڵی داهاتووش، دەستی حكومەتی عیراقی بەستووە، چونكە ئێستا یەكێك لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پرسی پابەندبوونە بە رێكەوتنەكانەوە، بەوەی كە هەمیشە هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە پابەندنەبوون بە رێكەوتنەكانیانەوە.

بۆیە پێویستە هەردوولا لە رێگەی هەنگاوی كردارییەوە، لە پرسی بودجە و مووچەدا كارێك بكەن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، بگەنە رێكەوتن.

 120 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*