سەرەکی » وتار » چرۆ شه‌هاب » بە ئیزنی چاودێرانی سیاسی

فۆكەس پۆینت

بە ئیزنی چاودێرانی سیاسی

چاودێری سیاسی لە بونی كۆی دۆخە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان هێندە زۆر بووە گوێگر و بینەر نازانێت بە بۆچون و شیكارەكانی كامیان بڵێت ئامین، بواری كاری چاودێر یاخود شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی هێندە قورسە كە هەموو كەسێك یاخود هەموو سیاسیەك ناتوانێت ببێتە چاودێر وشیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی، چونكە ئەم بوارە بە كۆمەڵێك بنەمای زانستیدا دەڕوات كە زۆرتر كەسانی ئەكادیمی لە زانستە سیاسیەكان و زانستی میدیایدا دەشێت هەڵگری ئەم كارە بن، هەرچەندە لە ئەمڕۆی دونیادا كاری چاودێر بە (كاری بێكارەكان) ناوزەند دەكرێت، ئەمەش بەپێی زۆرێك لە بۆچونی شارەزایانی بوارەكە وای دەردەخەن كە زۆرێك لەوانەی خۆیان بەچاودێری سیاسی یاخود شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی ناودەبەن تەنها كاریان كۆكردنەوەی زانیاریە لە ڕێگەی میدیاكان و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە و خۆیان دێن شیكاری بۆ دەكەن.
ئەگەر بمانەوێت لە ڕووی زانستیەوە پێناسی ئەم زانستە بكەین وەك لە سەرچاوە زانستیەكان ئاماژەی پێدەدەن، دەڵێن شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی( تێگەیشتنێكی وورد و قوڵە و هەستكردنە بە پاڵنەری ڕووداوە سیاسیەكان.). بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بوارە شیكار‌ی سیاسی كە چاودێرانی سیاسی پشتی پێدەبەستن خۆی لە دوو تەوەر دەبینێتەوە ئەوانیش:
یەكەم: تێگەیشتنی ووردی ڕووداوەكان و ئاڕاستەكانیەتی، كە ئەمەش وەڵامی پرسیارە سەرەكیەكە دەداتەوە كە دەڵێت چی ڕوویدا؟ چونكە لە ڕووداوە سیاسیەكاندا ناكرێت پشت بە زانیاریە ڕواڵەتیەكان ببەستین، چونكە ڕواڵەت شتێك دەڵێت و ناواخنیش شتێكی كەیە، كەئەمەش ئەمڕۆ بەداخەوە لەلای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی لە كوردستان پەیڕه‌و دەكرێت.
دووەم: هەستكردن بەو هۆكارەكانەی بونەتە پاڵنەری ئەو ڕووداوە كە ئەمەش دووبارە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە كەدەڵێت بۆچی ڕوویدا؟ لە بەدوادا چونی وردم بۆ ئەم بابەتە دەردەكەوێت كە چەندین خوێندنگەی دیار و تایبەت بە بواری شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی هەیە لەوانە خوێندنگەكانی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و واقیعی، كە بێگومان هەریەكێكیان بیانوی خۆیان هەیە لەسەر شیكاریە سیاسیەكان.
لە ئەنجامدانی كاری شیكاریەكان بێگومان پێویستە درك بە ژینگەی سیاسی بكرێت لە ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەكیەكان كە كاریگەری لەسەر ڕەوتی سیاسی دەبێت . بەپێی زانستەكانی بواری شیكاری سێ جۆر پێوەر هەیە كە دەبێت لە شیكاریەكاندا پشتی پێ ببەسترێت:

پێوەری یەكەم:
پێویستە ئەزمونی چاودێر و شیكه‌رەوه‌ سیاسییەكان لەسەر بنەمای ئەزمون و فەرەزیاتەكان بێت و شیكار و چاودێریەكانی لەسەر دیاردەیەكی دیاری كراوو و چوارچێوەیەكی دیاربێت و كاركردنی لەو بوارەدا كەمتر نەبێت لە دەساڵ، بۆئەوەی بتوانێت شیكاری مەنتیقی و تەندروست بۆ بابەتە سیاسیەكان بكات.

پێوەری دووەم:
پسپۆڕان و چاودێرو ئەوانەی شیكاری دەكەن دەبێت لە بوارێكی دیاریكراودا پسپۆڕ بێت و دەتوانێت لە گەڵ بوارە پەیوەندی دارەكانی پسپۆڕیەكەی شیكاری خۆی بكات،نەوەك ئەوەی لە هەموو بوارێك قسەبكات،چونكە لەم حاڵەتەدا تواناو متمانەی شیكاریەكانی لەدەست دەدات .

پێوەری سێهەم:
ئەم پێوەرە زۆر گرنگە چونكە خۆی لە لێهاتووی توانای چاودێر و شیكه‌رەوه‌ سیاسیەكاندا دەبینێتەوە، چونكە چاودێری سیاسی پێویستە بەپێی زانستی میتۆدی شیكاری سیاسی كاربكات نەك ئەوەی لە میدیاكانەوە وەری دەگرێت باسی بكات و شیكاری بۆبكات. ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە پلەبەندی كاری شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی لە توێژینەوە دەست پێدەكات و پاشان شیكار و پاشتر پسپۆڕ ولە كۆتایشدا دەبێتە شارەزا.
بەداخەوە وەك شارەزایانی ئەم بوارە ئاماژەی پێدەكەن دەڵێن كە شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی ئەوەیە كە( كەسێكە كە پێت دەڵێت سبەی چی ڕوودەدات، و لەڕۆژی دواتر پێت دەڵێت بۆچی ڕووی نەدا و دەڵێت سبەی ڕودەدات). كەواتە پێویستە بپرسین ئایا شیكار و چاودێری سیاسی دەتوانێت زانیاری بگەیەنێت؟
كەواتە پرسی چاودێری سیاسیش وەك ئەدای سیاسیەكان دەكەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە،كە كێ بەڕاستی چاودێری سیاسیە؟

 181 جار بینراوە