سەرەکی » دۆسێ » عیراق، كاریگەرییە خراپەكانی بەزبوونەوەی بەهای دۆلار

بەهای نەوتیش لە بەرزبوونەوەدایە

عیراق، كاریگەرییە خراپەكانی بەزبوونەوەی بەهای دۆلار

عیراق بە رەوشێكی ئابوری نالەباردا تێدەپەڕێت، بەهۆی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، ئەمەش حكومەتی ناچار كرد لەپێناو دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە سەرەكییەكانی تر، دەست بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات و هەندێك رێگەچارەی تری وەك بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و كەمكردنەوەی مووچە لە بودجەی 2021، بگرێتەبەر كە گومانی تێدا نییە كاریگەریی نەرێنیان لەسەر ژیانی توێژێكی بەرفراوانی هاووڵاتیان دروست دەكات، ئەمەش لەكالتێكدایە كە بەهای نەوت لە بازاڕەكاندا بەهۆی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆناوە، لە بوژانەوەدایە.

دروستبوونی بێكاریی
لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت، مووچەی فەرمانبەران «هێڵی سورە»، پێشبینیش دەكات سێ‌ ملیۆن كارمەند و كرێكار بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە، كارەكانیان لەدەست بدەن.

رۆژنامەی (الصباح) لە 4ی كانوونی دووەمی 2021، لەزاری نەدا شاكر جەودەت ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانەوە بڵاویكردەوە»پەرلەمانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە قسەی خۆی كردووە و پێیوایە هێڵی سورە، ئەو ماددە دەستوریانەش باسكراون كە ئاماژە بە دەستنەبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران دەكات».

بە وتەی نەدا شاكر جەودەت»لەماوەكانی داهاتوودا وەزیری دارایی بانگهێشت دەكرێت، دوای ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی وادەی دیاریی كرد كە بەپێویستی دەزانێت بە زووترین كات بێت، بەو پێیەی نوێنەری گەلە».
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت»بەرزبوونەوەی لەناكاوی بەهای دۆلار، هەنگاوێكی كارێكی هەڵە بوو، چونكە دەبوو بەرزكردنەوەكە بەشێوەیەكی پلەبەندی بێت، تا كاریگەرییەكەی لەسەر هاووڵاتی سوك بێت، بەڵام بەرزكردنەوەی بەهاكەی و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، هاووڵاتی باجەكەی دەدات».

نەدا شاكر جەودەت دەڵێت»یەكێتی وەبەرهێنەران لە كاتی میوانداریكردنیان لەلایەن لیژنەكەوە پێیان راگەیاندوون كە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بۆتە مایەی راگرتنی كارەكانیان و بێكاربوونی سێ‌ ملیۆن كارمەند و كرێكار».

ژمارەكانی بودجەی گشتی 2021
لەبارەی بودجەی گشتی 2021 و خاڵە لاوازەكانی، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت، ئەو ژمارانەی لە بودجەدا هاتوون فەلەكین، بەڵێنیش دەدات لەگەڵ لیژنەكەیدا كار بۆ كەمكردنەوەی قەبارەكەی بكەن بۆ 120 ترلیۆن دینار.

جەمال كۆچەر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 4ی كانوونی دووەمی 2021 رایگەیاند»حكومەت بە درێژایی ساڵی رابردوو، 72 ترلیۆن دیناری خەرجكردووە، بەڵام ئەو ژمارەیەی لو بودجەدا بۆ 164 ترلیۆن دینار بەرزكردۆتەوە، واتا دوو هێندەی ساڵی 2020».

بە وتەی كۆچەر»زیادڕۆیی لە ژمارەكانی پرۆژە یاسای بودجە، لەپێناو دابینكردنی پارە بۆ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی داهاتووە و ئەو ژمارانەی لە رەشنوسی پرۆژە یاساكەدا هەن، فەلەكی و گەورەن».

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت»كار بۆ گۆڕینی دەكەین و 164 دەكەنە 120 ترلیۆن دینار و كورتهێنانیش لە 70وە دەكەن بە 30 یان 40 ترلیۆن دینار».

لیژنەی دارایی وەك جەمال كۆچەر باسی دەكات، پێداگرە لەسصەر گۆڕینی رێژەی لێبڕین لە مووچەدا، تا لێبڕینەكە ئەو مووچانە بگرێتەوە كە لەسەرو ملیۆنێك دینارەوەن، پێشبینیشی كرد پرۆژە یاسای بودجەی گشتی لەماوەی مانگێك یان بیست رۆژدا تێبپەڕێنرێت، پاش ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە 29ی كانوونی یەكەمی 2020، پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی رەوانەی پەرلەمان كرد، دوای ئەوەی حكومەت دەنگی لەسەر دابوو.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و دیاریكردنی ژمارەیەكی خەیاڵی بۆ كورتهێنان لە بودجەدا، لەكاتێكدایە كە بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا روو لەبەرزبوونەوە دەكات، ئەمەش بۆ عیراق مایەی دڵخۆشییە بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكانی پشت بە هەناردەكردنی نەوت دەبەستێت.

بەهای نەوت لە 4ی كانوونی دووەمی 2021، بە رێژەی زیاتر 1% رووی لە بەزبوونەوە كرد و بەرمیلێكی گەیشتە سەرو ئاستی 52 دۆلار.

بەهای بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 52.40 دۆلار، ئەمەش بەراورد بە دوایین بەهای بە رێژەی 1.11% رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو.

لە هەمان كاتدا بەهای بەرمیلێك نەوتی بەرچنەی ئۆپیك، 60 سەنت زیادی كرد و گەیشتە 50.78 دۆلار، بەهای نەوتی خاوی روسیش گەیشتە 52 دۆلار.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاریی دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق، پێشبینی كرد بەهای نەوت بۆ بەرزترین ئاست بەرزببێتەوە و بگاتە 65 دۆلار بۆ بەرمیلێك لە هاوینی داهاتوو.

ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە)ی رەسمی لە زاری ساڵحەوە لە 4ی كانوونی دووەمی 2021 بڵاویكردەوە»پەسەندكردنی زیادكردنی بەرهەم لەلایەن ئۆپیكەوە كە 500 هەزار بەرمیلە، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی داواكاریی جیهانی لەسەر نەوت».

ئەمەش لەكاتێكدایە كە عیراق هەوڵ دەدات گرێبەستێك بكات بۆ وەرگرتنی لەپێشینەی فرۆشتنی نەوتی خاو بۆ ماوەی 5 ساڵ لە سەرەتای ئەم مانگەوە، تا كانوونی یەكەمی 2025، بە مەبەستی پشتیوانی دارایی لە خەزێنەی دەوڵەتی عیراقی لەپێناو فەراهەمكردنی نەختنینەی دارایی و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هەندێك خەرجی تر.

عیراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنە لە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكردنی نەوت (ئۆپیك)، ناوەندی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 4.6 ملیۆن بەرمیل لە رەوشە ئاساییەكاندا.

لەم ماوەیەی دواییدا ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندبوو، حكومەت بەهای بەرمیلێك نەوتی لە بودجەی 2021دا بە 42 دۆلار خەمڵاندووە، جەختی لەسەر پابەندبوونی عیراقیش كردەوزە بە رێكەوتنەكانی رێكخراوی (ئۆپیك) و (ئۆپیك+) بۆ كەمكردنەەوەی بەرهەمی نەوت، تەئكیدی لەسەر خواستی وڵاتیش كردەوە بۆ هێنانەدی هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ بەرهەمهێنە ئەندامەكانی رێكخراوەكە، لەپێناو هێنانەدی ئامانجە هاوبەشەكان بۆ پارێزگاریی لە جێگیربوونی بەهای نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان.

عیراق لەئێستادا بە تانگژەیەكی ئابوری خنكێنەردا تێدەپەڕێت و چاوی لە بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بڕیوە لە بازاڕەكانی جیهان، تا لەم تەنگەتاوییە قوتاری ببێت، بەو پێیەی بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، دابەزینی بەهای نەوتیش لەم ماوەیەی دواییدا، بەشێوەیەكی واقعی بە ئابورییەكەیەوە دەركەوت كە بووە هۆی دواخستنی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و دەستبردن بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی، ئەمەش كۆمەڵە كێشەیەكی سیاسی و ئابوری لە عیراقدا خولقاند كە تا ئەندازەیەكی زۆر كاریگەریی لەسەر رەوشی ناوخۆ دروستكرد.

بەهای نەوت لە دوای راگەیاندنی ڤاكسینی فایزەر لە 9ی تشرینی دووەمی رابردووەوە، بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش رووی لە بەرزبوونەوە كرد و دەستكەوتەكانی گەیشتە 40%.

ئابوری عیراق كە پشت بە یەك سەرچاوەی داهات دەبەستێت، بەپێی رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021، زیاترە لە 58 ترلیۆن دینار.

 126 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*