سەرەکی » وتار » كاروان یاروه‌یس‌ » ماكگۆرك لە كۆشكی سپی

ماكگۆرك لە كۆشكی سپی

بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، لەچوارچێوەی دانانی ستافی سەرۆكایەتیدا، برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی جیهانی دژ بە داعش دەباتە كۆشكی سپی و وەك راوێژكاری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بەرپرسی دۆسێی ئەو ناوچەیە، دەستبەكار دەبێت. ماكگۆرك لە تویتێكدا ئاشكرایكرد «لەگەڵ سەرۆك بایدن لە كۆشكی سپی دەبێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كاردەكات».

هەر سەرۆكێكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەسەڵاتی دانانی (4000) كەسی هەیە بۆ ستاف و تیمی سەرۆكایەتی، كە لە چەندین دۆسێی گرنگدا كاردەكەن، (1200) كەسیان پێویستی بە رەزامەندی یاخود پەسەندكردنی كۆنگرێسە. كاتێك ماكگۆرك لە ئەركەكەی دەستیهەڵگرت، رۆژنامەنووسان هۆكارەكەیان لە ترەمپ پرسی، وتی: «مەكگۆرك كێیە نایناسم!». ئەم وەڵامەی ترەمپ، یان بەئەنقەست بوو یان بۆ بێبایەخكردنی رۆڵی ماكگۆرك بوو، یاخود نەخێر هەر بەڕاستی نەیدەناسی، نەك لەبەرئەوەی ماكگۆرك ناسراو نەبوو، بەڵكو ترەمپ سیاسی نەبوو و ماكگۆرك و زۆر سیاسی دیكەی نەدەناسی.

گەڕانەوەی ماكگۆرك بۆ ناو كایەكە، لە پۆست و ئەركێكی بەرزتر، كە ئەم جارە سەرۆك، نەك دەیناسێت، بەڵكو جێگەی متمانەیەتی. بە گەڕانەوەی ماكگۆرك، دۆسێی سوریا و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە و پێگەی رۆژئاوای كوردستان لەناو هاوكێشەكەدا، گرنگتر دەبێت.

لەماوەی چەند ساڵەی شەڕی تێكشكاندنی داعشدا، ماكگۆرك لەنزیكەوە بەریەككەوتنی لەگەڵ كورددا هەبووە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە، پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ سەركردەكانی كورددا هەیە، بەتایبەتی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و د.بەرهەم ساڵح. بەڵام پەیوەندیی ساردوسڕیشی لەگەڵ هەندێكی تریان هەیە. بەدڵنیاییەوە بوونی ماكگۆرك بۆ باشووری كوردستان و پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، كاریگەریی دەبێت.

سەرباری بوونی دۆستەكانی كورد لە ئیدارەی ئەم جارەی ئەمریكادا، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆنێتی سیاسەتكردن و مامەڵەكردنی خودی كورد خۆیەتی لەگەڵ هاوكێشەكاندا. هەتا كورد خۆی رێكنەخاتەوە، چەند دۆستی هەبێت، سوودی لێوەرناگرێت.

 52 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*