سەرەکی » هەواڵ » سەرۆک کۆمار لەگەڵ ھاوسەرۆکی یەکێتی و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق کۆبووەوە

سەرۆک کۆمار لەگەڵ ھاوسەرۆکی یەکێتی و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق کۆبووەوە

• پێداگری کرا لە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵکی خۆراگری کوردستان، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، دوور لە ململانێ سیاسییەکان.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/1/2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق و لەبارەی دواین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی عیراق و کوردستان گفتوگۆکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی ھەمەھانگی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکان لە رێگای گفتوگۆ و دیاڵۆگی جددی و لێکگەیشتنی ھاوبەش بۆ تێپەراندنی دۆخەکە و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان بەئاڕاستەی بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و خەڵک.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو کرایەوە لەبارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، بە تایبەتی پرسی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵک و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی خۆراگری کوردستان، دوور لە ململانێ سیاسییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە تێپەراندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عیراق و ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر خەڵک.

 106 جار بینراوە