سەرەکی » زانست » دوای بەدەستهێنانی بەرگریی بەكۆمەڵ، چارەنووسی كۆرۆنا بەرەو كوێ؟

دوای بەدەستهێنانی بەرگریی بەكۆمەڵ، چارەنووسی كۆرۆنا بەرەو كوێ؟

زۆربەی دەسەڵاتدارانی جیهان گرەو لەسەر ئەوە دەكەن(%70)ی گەلەكانیان ڤاكسینی كۆرۆنا وەرگرن، بۆ ئەوەی بگەنە بەرگریی تا ژیان ئاسایی بێتەوە، كە بە هۆی پەتای (كۆڤید-19)ەوە نزیكەی ساڵێكە ژیان لە زۆر شوێنی جیهان هێشتا وەستاوە.

ئەم گرەوە لەسەر ڤاكسنەكە بۆ ئەوەیە تادژەتەن لە لەشی دانیشتوانەكانیاندا دروست بێت، لە كاتێكدا پرسیار دەكرێت گەر ئەو بەرگرییە بەكۆمەڵە دروست بێت، ئەی دۆخی كۆرۆنا چی بەسەر دێت؟

لەمبارەیەوە پسپۆڕانی پزیشكیی و بواری ڤایرۆلۆژیی دووپاتیدەكەنەوە كە چەندە پێشكەوتن لەبواری ڤاكسینەكاندا ڕووبدات ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەواوی لەناو ناچێت و لەگەڵمان دەمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت بەو شێوەیە ببێتە مایەی هەڕەشە كە ساڵی ڕابردوو ژیانی دانیشتوانی جیهانی تاڵ كرد، بەڵكو دەبێتە ڤایرۆسێكی ئاسایی وەك ئەوانەی كە دەبنە هۆی ئەنفلۆنزا لەگەڵمان دەمێنێتەوە.

پسپۆڕانی تەندروستیی ئاماژەیان بەوە داوە كاتێك ژمارەیەكی زۆری كەسەكان تووشی ڤایرۆسەكە بوون و چاكبوونەتەوە و دۆخی تەندروستیی هەروا مەترسیدار نامێنێتەوە، خودی ڤایرۆسەكەش هێزەكەی سەرەتای لەدەستدەدات، بەڵام ئەو ڤایرۆسە و پەتاكە ئاڵنگارییەكی دیكەیە لەبەردەم مناڵاندا بە تایبەت ئەوانەی پێشتر تووش نەبوون و تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵانەوەیە.

سەرچاوە تەندروستییە جیهانییەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەو مناڵانەی تووشی پەتاكە دەبن تەنها نیشانەیەك كە تێیاندا دەردەكەوێت لوتیان ئاوی پێدا دێتە خوارەوە، ڕەنگە تووش ببن و هیچ نیشانەیەكیشیان تێدا دەرنەكەوێت.

لەمبارەیەوە (جینی لافین) توێژەر لە زانكۆی ئیمۆری لە ویلایەتی ڤیرجینیای ئەمریكا دەڵێت»دیاریكردنی ماوەیەك بۆ گەیشتن بە بەدەستهێنانی بەرگریی بە كۆمەڵ شتێكی ئاسان نییە، گەیشتن بەو قۆناغەی كە ئیتر نەخۆشییەكە ئاسان بێت، لە بنەڕەتدا و ئێستا پەیوەستە بە خێرایی بڵاو بوونەوەی پەتاكە، لە پاڵ ئەوەشدا پشت دەبەستێت بە خێرایی پرۆسەی پێدانی ڤاكسینەكە».

(جینی لافین)و هاوكارەكانی بۆ توێژینەوەكانیان لە بارەی كۆرۆناوە پشتیان بەستووە بە شەش نمونەی ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی، چواریان دەبنە هۆی جۆرە نەخۆشییەكی هاوشێوەی هەڵامەت و دوانەكەی تریشیان بریتین لە( سارس و مێرسی)و بەراوردێكیان كردووە لە نێوان ئەو ڤایرۆسانەدا كە یەكێكیان ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیە كە لەكۆتاییەكانی ساڵی (2019)دا لە چین سەریهەڵدا و بووە هۆی پەتایەك بەشێكی زۆری جیهانی گرتەوە.

بە پێی توێژینەوەكەی ئەو تیمە ئەمریكییە چوار جۆری ئەو ڤایرۆسانە كە یەكێكیان ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیە لەگەڵ ئەوەی زۆر زوو بڵاودەبنەوە، بەڵام نیشانەیەكی زۆر قورسیان نییە لەسەر مرۆڤ بە بەراوورد بە هەردوو جۆری ڤایرۆسی (سارس) و (مێرسی)كە هەرچەند بڵاو نەبوونەوە بە جیهاندا، بە ڵام زیاتر كوشندە بوون.

سەرچاوە: CNN

 177 جار بینراوە