سەرەکی » دۆسێ » دەبێت بەر لە هەڵبژاردن پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

میكانیزمەكانی رووندەكرێنەوە

دەبێت بەر لە هەڵبژاردن پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

راوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، باس لە میكانیزمەكانی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات، تا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتدا لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە حوزەیرانی داهاتوو سازبكرێت.

حسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباریی هەڵبژاردنەكان لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لە 10ی كانوونی دووەمی 20121، ماوەیەكی كاتی دیاریی كرد كە دەبێت تێیدا پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەبێ‌ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆی كە مانگی حوزەیرانی داهاتووە دوابخرێت.

هینداوی رایگەیاندووە»ماوەی سێ‌ مانگ لەبەردەم پەرلەماندایە لەپێناو دەركردنی بڕیاری خۆڵوەشاندنەوە، تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی لە 6ی حوزەیرانی داهاتوو سازبكرێت».

بە وتەی حسێن هینداوی»دوو رێڕەو هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كە لەڕێی پێشكەشكردنی داواكاریی سێیەكی ئەندامەكانییەوە دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بە مەرجێك دەبێت داواكارییەكە ئیمزای زیاتر لە 160 پەرلەمانی لەسەربێت، یان بە شێوازی دووەم كە لەڕێی پێشكەشكردنی داواكارییەكەوە دەبێت لەلایەن سەرۆك وەزیران یان سەرۆك كۆمار بۆ پەرلەمان تا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە».

سەبارەت بە ئەگەری هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، هینداوی دەڵێت»هیچ داواكارییەكی رەسمی لە پەرلەمان پێشكەش نەكراوە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە».

هینداوی رایگەیاندووە»حكومەتی عیراق نوسراوێكی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرزكردۆتەوە و داوای چاودێری نێودەوڵەتی كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان، چەند نمویەكیش لەو بارەیەوە هەیە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی كۆمپانیایەكیش بۆ پشكینی ئامێرەكانی دەنگدان، ئەوا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان چاوەڕوانی پێشنیاركردنی ناوەكان دەكات لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان، تا ئەو بابەتە بەمنزیكانە یەكلایی بكرێتەوە».

لەبارەی كارتی بایۆمترییەوە، هینداوی دەڵێت»رێژەی كارتە بایۆمیترییە دابەشكراوەكان گەیشتۆتە 65% لەڕێی ناوەندەكانی ناوتۆماركردن و تیمە گەڕۆكەكان لە تێكڕای ناوچەكانی عیراق، پێشوازییەكی میللی فراوانیش هەیە بۆ وەرگرتنی».

هینداوی پێشبینی دەكات»رێژەی دابەشكردنی كارتەكان بگاتە 75%، ئەم رێژەیەش مەرجە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەكرێت ماوەی وەرگرتنەوەی كارتەكانیش درێژبكرێتەوە».

سەبارەت بە حزبە نوێیەكان، هینداوی وتی»كۆمسیۆنی تا ئێستا تۆماركردنتی 231 قەوارەی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا راگەیاندووە».

پێشتر یەكێك لە سەرۆك فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، دەسەڵاتی یاسادانان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، پابەند ناكرێت بەو وادەیەی لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە پێشنیاركراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە»هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە یاسایە، تا لێوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەهای ئەندامەكانی دەنگ لەسەر خۆهەڵوەشاندنەوە بدات، لەوێوە دەكرێت رێكەوتن لەسەر وادەی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە بكرێت، ئەم بابەتەش بەشێوەیەكی ریشەیی جیاوازە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی ئاسایی خۆی».

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە»وادە دیتاریكراوەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو، ناكرێت دەسەڵاتداران یان كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی پێوە پابەند بكرێت، ئەو وادەكەی وەك پابەندبوونێكی سیاسی بە كارنامەی هەڵبژاردنەوە دیاریی كردووە كە بەڵێنیدابوو هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت».

هەروەها دەڵێت»هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حاڵەتی ئەنجامدانی، پێویستە بەشێوەیەكی ریشەیی جیاواز بێت لە هەڵبژاردنی پێشوو و هەمان هەڵەكانی پێشوو دووبارە نەبنەوە، دەبێت گرەنتی هەبێت بۆ بێخەوشی و بە تایبەت سەبارەت تۆماری دەنگدەران و تەنیا پشت بە كارتی بایۆمتری ببەسترێت لە هەڵبژاردنەكەدا».

زۆرێكیش پێیانوایە كە دەبێت لایەنە جێبەجێكارەكان كار بۆ باشكردنی سیستمی جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بكەن كە بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەچوو و سەرپێچی زۆری تێدا كرا لە هەڵبژاردنی پێشوودا و گومانێكی زۆری لەسەر دروستبوو، بەڵام وێرۆای هەموو ئەو خراپیانەی لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا پشتی پێبەستراوە.

لەو سۆنگەیەوە هۆشداریی دەدرێت لە پشتگوێخستنی ئەو پێداویستیانەی پەیوەستن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە رەنگە ببنە مایەی لەقكردنی متمانە و دروستبوونی كەلێنێك كە هەروا بەئاسانی لەنێوان دەنگدەر و پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسیدا پڕناكرێتەوە.

لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی دواییدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، جەختییان لەسەر پێویستی تەواوكردنی یاسا و بڕیارە پێویستەكان كردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی رۆژنامەوانی حەلبوسی لە 10ی كانوونی دووەمی 2021 بڵاوكرایەوە»محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازیی لە مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد و لە كۆبوونەوەی نێوانیان تەواوی بارودۆخەكە و ئەو رووبەڕووبوونەوانە لەم قۆناغەی ئێستادا لە وڵاتدا هاتوونەتەبەر لەگەڵ رێگەچارەكان بۆ چارەسەركرنیان، تاوتوێ‌ كران».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»لە چاوپێكەوتنەكەی نێوان حەلبوسی و كازمی، گفتووگۆ لەسەر زەمینەسازی كرا بۆ هێنانەكایەی رەوشێكی گونجاو لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، و فەراهەمكردنی پشتیوانی تەواو بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، تا ئەركەكانی جێبەجێ‌ بكات و پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، هەروەها گفتووگۆ لەبارەی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 كرا و لە چاوپێكەوتنەكەدا تەئكید لەسەر گرنگی بەردەوامبوون و تەواوكردنی كاریی نێوان دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانان كرایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووبەڕووبوونەوەكان و تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەی لەئێستادا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت».

حەلبوسی وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كردۆتەووە، بۆ تەواوكردنی یاسا و بڕیارە پێویستەكان، لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، لەوانەش هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵ.

 214 جار بینراوە