سەرەکی » دۆسێ » چەند بڕگەیەك ئاستەنگ لەبەردەم پەسەندكردنی بودجەدا دروستدەكەن

پەرلەمانتارێكی عیراقی باسیان دەكات

چەند بڕگەیەك ئاستەنگ لەبەردەم پەسەندكردنی بودجەدا دروستدەكەن

حازم خالیدی ئەندامی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بەو ڕێگرییان دەكات كە لەنێو پەرلەماندا بەرانبەر بە پرۆژە یاسای بودجە هەیە و بە وتەی ئەو “ڕێگرییەكان دەگەنە ئاستی كۆدەنگی”.

خالیدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:” بە دڵنیاییەوە ڕێگرییەكی زۆر هەیە لەنێو پەرلەماندا بەرانبەر بە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021، ئەو ڕێگرییانەش دەگەنە ئاستی كۆدەنگی، بەو هۆیەی كەموكوڕییەكی زۆر هەیە لەڕووی میكانیزمەكانی ئامادەكردنی بودجە و ئەو ژمارە خەیاڵیانەی لە بودجەدا باسكراون”.

بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق:”لە ساڵی 2020، كۆی گشتی خەرجییەكان نەگەیشتنە 72 ترلیۆن دینار،بەڵام چۆن دەكرێت لە سایەی ئەم تەنگژە ئابورییەی بە وڵاتدا تێدەپەڕێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بڕی خەرجییەكان بگەنە 164 ترلیۆن دینار، بەو واتایەی زیادەیەكی زۆر هەیە لە خەرجییەكان بەراورد بە پێداویستی ڕاستەقینەی خەرجی لە فەرمانگەكان و تەواوی دامودەزگا حكومییەكان، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم پرۆژە یاسایە تێدەپەڕێت، بەڵام بە كەمكردنەوەیەكی زۆری ئەو خەرجیانەوە و كۆكردنەوەیان لە خەرجییە پێویست و سەرەكییەكان”.

لەلایەكی ترەوە ئەندامەكەی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان پشكی شێری بەركەوتووە لە شایستە داراییەكانی بودجەی فیدراڵی و ئەو پشكەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریی كراوە، هێندەی 10 پارێزگەی ناوەڕاست و باشوور دەبێت بە بەغداشەوە.

حازم خالید ی پێیوایە”10 پارێزگەی ناوەڕاست و باشوور بە بەغدای پایتەختەیشەوە، كەمتر لە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستانیان پێدەبڕێت لە بودجەی ساڵی 2021، بۆیە دەكرێت بڵێین بودجە مافی ئەو پارێزگایانەی نەداوە و نادادپەروەرانەیە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە عیراقییە:”دەبوو دانانی پشكی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی تری عیراق، لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان یان مەحرومیەت بوایە، نەك بەمشێوەیەی ئێستا كە نادادپەروەرییەكی ڕوونی تێدا بەدی دەكرێت، بەجۆرێك كە بۆ بەغدای پایتەخت 12.5 ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، لەكاتێكدا بۆ هەرێمی كوردستان، 13.5 ترلیۆن دینار تەرخان كراوە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە پێچەوانەی بنەمای دادپەروەرییە”.

لەلایەكی ترەوە، خالیدی وتی:”بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەدا، تێناپەڕێنرێت و تەنیا بڕین و كەمكردنەوەی مووچەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و پەرلەمانتاران و وەزیرەكان و پلە باڵا و تایبەتەكان تێدەپەڕێنرێت، بۆیە دەكرێت بڵێین بودجەی ئێستا ناواقعییە و بڕی زۆر زەبەلاح لەخۆدەگرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویی حكومی دەخاتەڕوو لەڕووی پلاندانان بۆ چارەسەری ئەو تەنگژانەی بەرۆكی وڵاتیان گرتووە”.

هەر لە بارەی ئەو بڕگانەی لەنێو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021 ناكۆركییان لەسەرە، دیاریكردنی نرخی خەرجی دۆلارە كە بە وتەی حازم خالیدی هەوڵێكی زۆر لەئارادایە، تا سەرلەنوێ‌ چاو بە بەهای دۆلاردا بخشێنرێتەوە و بگونجێنرێت لەگەڵ رەوشی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.

ئەندامەكەی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە، داهاتی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ئاشكرا دەكات و دەڵێت” داهاتەكەی ئەوە نەبوو كە چاوەڕوان دەكرا”، بەپێویستیشی دەزانێت حكومەت لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار پاشگەز ببێتەوە.

حازم خالیدی، دەڵێت:”بەپێی دوایین ئەبدەیت، دەبوو داهاتی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی، داهاتێكی گەورە بۆ دەوڵەت دەستەبەر بكات، بەڵام لە واقعیدا ئەو داهاتە هێندە نەبوو كە چاوەڕوان دەكرا و تەنیا 12 ترلیۆن دینار بوو، ئەم بڕەش پێویست نییە و دەكرێت لە سەرچاوەكانی تری وەك كۆمپانیاكانی مۆبایل و سەرچاوەكانی ترەوە دابین بكرێت”.

بە وتەی خالیدی:”بۆچوونێك هەیە و ناڵێم ڕای گشتییە، بەڵام زۆرێك لە ئەندامانی پەرلەمان بڕوایان وایە، پێویستە كێشەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار چارەسەر بكرێت، بە تایبەت كە بازاڕی عیراقی كۆنترۆڵ ناكرێت و زۆربەری هەرە زۆری كاڵا و پێداویستییەكان تێیدا هاوردەكراون و لەئێستادا نرخییان بەرزبۆتەوە”.

لەبارەی كاریگەریی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانیش، حازم خالیدی وتی:”بەدڵنیاییەوە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دروستكردووە، چونكە بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانان، 31%ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، حكومەتیش هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هەڵنەناوە و بگرە بەبێ‌ ئەوەی بازاڕ كۆنترۆڵ بكات و ڕێگە لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی بگرێت، بەهای دۆلاری بەرزكردەوە كە كاریگەریی لەسەر چینی هەژار دروستكرد”.

بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق:”بڕیارەكەی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، بڕیارێكە تاوتوێ‌ نەكراوە و پێویستە حكومەت پاشەكشە بكات و لێی پاشگەزببێتەوە”.

پەرلەمانی عیراق بەردەوامە لەسەر دانیشتنەكانی بۆ گفتووگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021و خوێندنەوەی، پێشبینیش دەكرێت جگە لەو بڕگانەی ناكۆكییان لەسەرە، دەستكاریی نرخی فرۆشتنی بەرمیلی نەوت بكرێت كە پێشتر لە بودجەدا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە 42 دۆلار خەمڵێنرابوو.

پێش سەری ساڵی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی ڕەوانەی پەرلەمان كرد، لەئێستاشدا پەرلەمان بەردەوامە لەسەر گفتووگۆكردن لەسەر پرۆژە یاساكە بۆ مەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام بەهۆی زۆرێك لەو خاڵە ناكۆكانەی لە پرۆژە یاساكەدا هەیە، پێناچێت هەروا بە ئاسانی تێبپەڕێنرێت.

 436 جار بینراوە