كامۆ حه‌وێزیی
ئه‌م كتێبه كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی چیرۆكنووسی گه‌نج سیروان كه‌ریمه سیروان یه‌كێكه له‌و گه‌نجانه‌ی به بێده‌نگی ده‌نووسێ، به بێده‌نگی ده‌رده‌كه‌وێت، هێمنانه به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕوات، نووسه‌رێك له روخساریدا غه‌مگینی و ئازار ده‌بارێت، له هه‌ناوی هه‌موو دڵۆپێك له‌و ئازار و غه‌مگینییه چیرۆكێكی شاراوه هه‌یه، جگه له نووسینه‌كانی كه‌س له‌م خه‌مانه‌ی سیروان تێناگات، له‌م ناونیشانه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه رۆحی سیروان كه‌ریم له‌ناو ئه‌و قیتارهدایه كه ناگه‌ن، لێ ئه‌و به‌م حیكایه‌تانه‌ی ده‌مانگه‌یه‌نێته‌وه سه‌ر سروشتی ئه‌و رۆحه بێگه‌رده‌ی، كه له هه‌ناوی ئه‌نفاله‌وه هه‌ناسه ده‌دات، كۆمه‌ڵێك غه‌می له ناخدایه، له‌ناو ئه‌م چیرۆكانه‌دا وه‌ك تیرۆژ ده‌ڕژێنه په‌نجه‌ره‌ی رۆحی خوێنه‌ره‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی بواری قسه‌كردنمان له‌مه‌ڕ چیرۆك لای سیروان كه‌ریم هه‌بێت، چیرۆكی« میترا « به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌مه‌كانی مرۆڤ تێبگه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین نیشتمان چلۆن له نێوان رۆحه‌كاندا دابه‌شكراوه، من ده‌چم بۆ جه‌نگ، تۆش كه سبه‌ی چووی بۆ زانكۆ دژه خۆری هایدرۆدریم spf 30 به‌كار بهێنه، دیالۆگی نێوان عاشق و مهعشوقێكه، سیروان كه‌ریم له‌م چیرۆكه‌دا پشتی به دیالۆگ و هه‌ندێك جاریش مه‌نه‌لۆگ به‌ستووه، به‌ڵام وێنه‌ی هێنده جوان و سه‌رنجڕاكێشمان بۆ ده‌كێشێت، خوێنه‌ر ناچار ده‌كات به‌و مهنهلۆگانهدا بچێته‌وه. بۆیه پێمباشه خوێنه‌ر به‌سه‌ر نووسینه‌كانی سیرواندا باز نه‌دات، له خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕی كه ده‌گوترا چیرۆكی كوردی سسته و خه‌ریكه به‌سه‌ر ده‌چێت.
سیروان كه‌ریم له به‌شێكی زۆری ئه‌م چیرۆكه‌دا پشتی به مه‌نه‌لۆگ به‌ستوه، كاره‌كته‌ری نێو ئه‌م مه‌نه‌لۆگه سه‌ربازه‌كانی ده‌ور و پشتی و هه‌ندێك جار میترایه، میترا دنیا مه‌جازییه‌كه‌ی نێو ئه‌م حیكایه‌ته غهمگینهیه، شه‌هرام ئه‌و كوڕه گه‌نجه‌ی پاڵه‌وانی نێو ئه‌و مه‌نه‌لۆگه‌یه، ده‌مێك له یه‌كه‌م چركه‌ساتی جه‌نگدا شه‌هید ده‌بێت، گێڕه‌ره‌وه خۆی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌یه، واتا گێڕه‌ره‌وه مه‌رگی خۆی ده‌گێڕێته‌وه.
تف له‌و ئیسراحه‌ته.
چیرۆكی ئه‌و غه‌وارانه‌ی به‌پێوه ده‌مرن، ئه‌وانه‌ی خه‌ون به‌پشووی رۆژێكی ئارامه‌وه ده‌بینن. لاسیا ئه‌و كچه‌ی به‌رۆح غه‌ریبه نه‌ك به‌شوێن، كه من ئه‌وانه‌ی له شوێنی خۆیان نامۆن، ئه‌وان به‌ئاوه‌ز نامۆن، لاسیا ئه‌و كچه‌ی به‌دووی ژیاندا ده‌گه‌ڕێت، ته‌نیای بۆ لاسیا ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه جوانه‌یه كه ژیانی خۆی تێدا ده‌دۆزێته‌وه، لاسیا له هه‌موو شتێك غه‌ریبه دایكی نه‌بێت.
سیروان كه‌ریم له‌م چیرۆكه‌دا به راناوی منی گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان چیرۆكه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، كاره‌كته‌ری هه‌مووشتزان لاسیایه ده‌مێك له رێی مه‌نه‌لۆگه‌وه حیكایه‌تی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مه‌نه‌لۆگ په‌یوه‌ندیی بهسایكۆلۆجیاوه هه‌یه، ئه‌وانه‌ی شاره‌زاییه‌كی باشیان له سایكۆلۆجیا نه‌بێت ناتوانن له گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت سه‌ركه‌وتووبن، سیروان كه‌ریم وه‌ك گه‌نجێكی شاره‌زا له‌و بواره ده‌كرێ ئه‌و جوانییه له چیرۆكه‌كانیدا به‌دیبكه‌ین، شاره‌زایی له‌چه‌مكی سایكۆلۆجیا په‌یوه‌ندیی به‌خوێندنه‌وه و دۆخی ناجێگیری ده‌روونی و ژیان له‌ناو غهمگینییهكاندا هه‌یه، به‌و پێیه‌ی سیروان كه‌ریم خۆی له‌ناو ئه‌و غهمگینیانهدا ژیاوه، ئه‌وانه‌ی رێگریی له مرۆڤ ده‌كه‌ن تا چێژ له ژیان وه‌ربگرن، مرۆڤه‌كان ناچار ده‌كه‌ن له ناخه‌وه له‌و هه‌سته بكۆڵنه‌وه و له ناخی خۆیاندا وێنه‌ی ئه‌و دۆخه بكێشن. ئه‌م دۆخه بۆ نووسه‌ر كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ نووسه‌رێك بتوانێت ئه‌م دۆخه له چیرۆك و ده‌قه‌كانیدا به‌رجه‌سته بكات، خوێنه‌ری ئێمه له دوای راپه‌ڕینه‌وه زیاتر گرنگی به شیعر داوه، له‌م ساڵانه‌ی دوایش رۆمان، ماوه‌یه‌ك چیرۆك به دۆخی متبووندا تێپه‌ڕی، لێ ئه‌م ماوه‌یه كۆمه‌ڵێك چیرۆكنووسی گه‌نج به به‌رهه‌مه‌كانیان توانیان ئه‌و هاوكێشه‌یه پێچه‌وانه بكه‌ونه‌وه، له‌وانه مه‌حمود نه‌جمه‌دین عه‌زیز مه‌حمود پوور، سیروان كه‌ریم، به‌ختیار حه‌مه‌سوور، دانا فایه‌ق، سیامه‌ند هادی و پێشتریش سابیر ره‌شید و محه‌مه‌د كه‌ریم و حه‌مه سه‌عید زه‌نگه‌نه و فه‌یسه‌ڵ ههمهوندی و چه‌ند نووسه‌رێكی دی. هیوادارم خوێنه‌ری كورد ئه‌م كۆمهڵهچیرۆكهی سیروان كه‌ریم بخوێنێته‌وه، كه یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مه باشهكانهی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بڵاوبووه‌ته‌وه.
186 جار بینراوە