سەرەکی » وتار » ئەڵمانیای شکستخواردووی جەنگی جیهانی دووهەم…

ئەڵمانیای شکستخواردووی جەنگی جیهانی دووهەم…

ئەڵمانیای شکستخواردووی جەنگی جیهانی دووهەم و پێشەنگی ئێستای جیهان

هەستیار مارف ئاغا

لە دوای شکستی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەم و وەستانی جەنگ لە دیسەمبەری ساڵی 1945 دا، تێکشکانی سوپای نازییەکان لە لایەن ڕوسیا وهاوپەیمانانەوە لە هەمان ساڵ ڕاگەیەنرا، زیاتر لە 70 ملێون مرۆڤ لەو جەنگەدا کوژران و ئەو جەنگە بەگەورەترین جەنگ دادەنرێت لە میژووی مرۆڤایەتیدا، کە زۆرترین مرۆڤی تێدا کوژرابێت تائێستا، دوابەدوای جەنگەکە، جیهان دابەش بوو بەسەر چەندین بەرەدا و هێزی هاوپایمانان لەهەندێک لەو وڵاتانەی دۆڕاوی جەنگبوون جێگیرکران و مانەوە.

کاریگەری جەنگەکە لەسەر جیهان
هەرچەندە ئەم جەنگە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان درووستکرد و شەڕی لە نێوان هەر سێ کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا وئەمریکادا هێنایە ئارا، لەهەمانکاتدا چەندین میللەت و نەتەوە پاکتاوی نەژادی کران وهەوڵی لەناوبردنی یەکجارەکیان درا.
سەبارەت بەوڵاتی ئەڵمانیا کە پشکی شێری بەرکەوت لە هەڵگیرسانی ئەم جەنگەدا بەسەرۆکایەتی ئەدۆلف هیتلەر، ئەوا لە دوای شکستی شەڕ و دۆرانی سوپای نازییەکان و لەناوچوونیان، وڵاتی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی سەرەکی بوویەوە، لە بوارەکانی سیاسی و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان و بڵاوبوونەوەی برسێتی و هاتنی داگیرکەر و تێکشکانی سەربازی و لاوازبوونی ئابووری و لە دەستدانی توانای پیشەسازی وکاولکاری و هتد..

وڵات بە گشتی بەهۆی بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانەوە، چۆلکرا و بوو بەوێرانە، بە جۆرێک شارێکی وەک دریسدن لە ڕۆژهەڵات، بەتەواوەتی خاپووربوو، دانیشتوانی شاری کۆڵن لە 75 هەزار کەسەوە کەم بووەیەوە بۆ تەنها 32 هەزار کەس، زیاتر لە 7 ملێون هاوڵاتی ئەڵمانی لەم جەنگەدا کوژران و مردن و لەناوچوون.

لە دەرەنجامی شکستی جەنگەکەدا وڵاتی ئەڵمانیا داگیرکراو بوو بە دوو بەشەوە، بە هۆی دروستکردنی دیواری بەرلینەوە وڵتت، دابەشکرا بۆ دووبەرەی ڕۆژهەڵاتت و رۆژئاوا، زۆربەی شاری بەرلین و گەورەترین بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کەوتە ژێر ڕکێفی ڕوسیای کۆمۆنیستی و گەورەترین باڵوێزی ئەو وڵاتەی لێدانرا، بەزۆری ئامانجی سۆڤیەت، بردنی سەروەت و سامانی ئەلمانیا بوو بۆ خۆی، لەهەمان کاتدا ئەم قەوارە لاوازەی ئەڵمانیا ناچاربوو ساڵانە قەرەبووی زیانەکانی شەر بداتەوە بەرووسیا.

هەرچی بەشی ڕۆژئاواشە کەوتەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی هاوپەیمانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دەورووبەرەوە، کە تەنانەت لەو بارودۆخەشدا ئەم بەشە بە گەورەترین و گرنگترین بەشی ئەڵمانیا لەقەلەم دەدرا، هاوپایمانان هەرچی کەل و پەل و چەکی سەربازی جبەخانە و یەدەگ هەبوو بۆخۆیان داستیان بەسەرداگرت و چی خێرو بێر وسەروەت و سامانی ئەڵمانیا هەبوو بردیان، ئەمە سەرەرای وەرگرتنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکان، لە ئەڵمانیای لاواز و بەش بەشکراو.

جگە لەو کێشانەی لەسەرەوە باسمانکرد، هاونیشتمانیانی ئەڵمانیا دەبوو نزیکەی بیست کاتژمێر لە ڕۆژدا کاریان بکردایە تا بتوانن شوێنەواری باڵەخانە رووخاو و کاولکارییەکان پاکبکەنەوە لە زووترین کاتدا، چونکە ژیانیان ئەستەمبوو بەردەوامبێت لە نێوان ئەو هەموو کاولکاریەدا.

کارکردن بۆ هەڵسانەوە و بوژانەوەی ئەڵمانیا
دەستی کاری پیاوان بە هۆی کارەساتەکانی جەنگ و کوشتن و بەدیلگرتنەوە، زۆر کەمیکردبوو. زیاتر هێزی ژنان وەک دەستی کار ئیشیان دەکرد بەبێ ووچان، رۆژانە وڵاتیان خاوێندەکردەوە لەپاشماواکانی شەڕ و دەوریان دەگێڕا لەدانانی نەخشەی بنیاتنان و ئاوادانی وڵاتێکی نوێ. لە کاتێکدا بێ ئیشی و بێ کاری و برسێتی و داگیرکردن بەرۆکی وڵاتی ئەڵمانیای گرتبوو، نەهامەتی پەڵی کێشابوو بەسەر هەموو وڵاتدا، ئا لەم کاتەدا شارەزایەکی بواری ئابووری ئەڵمانی بەناوی (لۆدیغ ئیرهاد) هەستا بە نوسینی ڕاپۆرتێک لەسەر چۆنیەتی بوژاندنەوەی ئابووری وڵات و پێشنیازەکانی هەستانەوەی ئەڵمانیای خستەڕوو، بەهۆی ئەم ڕاپۆرتەوە (لۆدیغ) ڕاستەوخۆ کرا بەوەزیری ئابووری ویلایەتی باڤاریا کە لەلایەن ئەمەریکاوە دانراو پشتگیری لێکرا، ئەم شارازایە لەسەر دوو ئاست ئیشیکرد، یەکەم پووچەڵکردنەوەی دراوی مارکی ئەڵمانی کۆن و دەرکردنی دراوێکی نوێی بە بەها، ئەوەبوو دوابەدوای ئەم دراوە تازەیە، مامەڵەکردن پێی لەناو ئەڵمانیا، بووە مایەی خۆشحاڵی هاونیشتمانیان و کڕین و فرۆشتن و جمووجوڵی بازرگانی و پیشەسازی و ئاوەدانی دەستیپێکرد.

بەریتانیا لەسەراتای ساڵی 1950 دا ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند کە ئەڵمانیای نوێ بەرەو بووژانەوە و پێشکەوتن و درووستبوونەوە هەنگاودەنێت. ئەوەبوو ئەڵمانیا لەو پارە کەمەی هاوپەیمانان بۆیان تەرخانکردبوو بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوی وڵات، توانی زۆرترین وەبەرهێنان بکات و وڵات پێش بخات و هەنگاوبنێت بەرەو سەرکەوتن لەسەرجەم بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبان، تەندروستی، بازرگانی، پیشەسازی، شارساتنی و هونەری دا.

بەم شێوەیە ئەڵمانیا توانی لە سەرەتای ساڵی 1971 دا سەرجەم قەرزەکانی سەری بداتەوە و بەتەواوەتی ئازادبێت لە بەکارهێنانی سەروەت و سامان و بەرهەمی بازرگانی و پیشەسازی خۆی بۆ خۆی و هەناردەی بکات، خۆشبەختانە هاوکات لەسەردەمی بوژاندنەوەی ئەڵمانیادا، ولاتی کۆریای باشووریش دەستی بەئاوەدانکردنەوە کرد بۆیە زۆربەی زۆری پێداویستیەکانی کۆریا، ئەڵمانیا دابینی دەکرد، بەمەش دەستکەوتێکی ئابووری گەورە بۆ ئەڵمانیا فەراهەم بوو.

خاتوو ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا، بە بەهێزترین و یەکەمین راوێژکاری ئافرەتی ئەلمانیا دادەنرێت، کە بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ لە پۆستەکەی مایەوە و هەمیشە لەخەمی بەردەوامی یەکێتی ئەوروپا دایە بە گشتی و بەهێزکردنی پێگەی وڵاتی ئەلمانیا بە تایبەتی، کە سەرەڕای ئەزمونی گەورەی لە سیاسەت و بەرێوەبردندا لە هەمانکاتدا، خاوەنی پسپۆڕی تایبەتە لە بواری کیمیای فیزیاییدا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەلایەن ڕۆژنامەنووسەکانەوە نازناوی (سەرۆکی وڵاتە ئازد و سەربەخۆکانی) ی لێنراوە، کە لە نێو ئەو وڵاتانەدا (ئەمریکا وبەریتانیا) هەیە.

لە ناوخۆی وڵاتی ئەلمانیا ولە یەکێتی ئەوروپا دا، تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا، مـیرکل بە خاوەنی کۆتا بریاردەر دادەنرێت، کە هەمیشە لە هەوڵی بێووچاندایە بۆ بە‌هێزکردنی ئابووری ئەوروپا و چارەسەرکردنی گرێ کوێرە ئابوورییەکان لە ئەوروپا و ناوچەی ئەتڵەسیدا، ئەم خانمە ڕاوێژکارە بە دووەم بەهێزترین کاراکتەری جیهانی دادەنرێت، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی گۆڤاری (فۆربس)ی ئەمریکی، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتەکانی هەمان گۆڤار و ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دە جار ئەم خانمە، بە بەهێزترین ئافرەت لە قەڵەمدراوە لە جیهاندا.

دووەم خانمی بەهێزی ئەڵمانیا خاتوو (ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین)ە، کە پێشتر وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بووە لە ساڵانی 2013 بۆ 2019، کە لەو ماوەیەدا زۆرترین سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە کاتە دژوارەکاندا یارمەتی و چەکی گەیاندۆتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و زۆر ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی (داعش) و پاراستنی خەڵکی کوردستاندا، ئەم خانمە لە ئێستادا سەرۆکی دانوستانکاری یەکێتی ئەوروپایە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا.

ئەڵمانیا.. چوارەم گەورە بەرهەمهێنەری جیهان
بە هۆی هەوڵ و تێکۆشانی ئەم کەسایەتیە دڵسۆزانەوە، ئێستا ئەڵمانیا چوارەم گەورە بەرهەمهێنەرە لەجیهاندا لەسەر جەم بوارەکاندا، سەرەڕای ئۆتۆمبیلەکانی مێرسیدس و بی ئێم دەبلیو، ئۆتۆمبیلی (ڤۆلکسواگن) گەورەترین ڕیژەی فرۆشتنیی هەیە لەسەر ئاستی سەرجەم بەرهەمە پیشەسازیەکانیدا، بەهەمان شێوە ئامێری کارەبایی (زمێنس) گەورەترین فرۆشتن و باشترین و بەناوبانگترین کوالێتی هەیە لە جیهاندا.

سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا لەبوارەکانی سیاسەت و تەکنەلۆژیا و پیشەسازی، خزمەتگوزاری، تەندروستی، ئابووری لە پێشەوەدایە، لەهەمان کاتدا ئێستا ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی خاتوو مێرکڵ و تیمەکەی، هەوڵدەدات ببێت بە ئەندامی هەمێشەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.

ئەو ئەڵمانیایەی لە دوای شکستی جەنگ، لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکەدا لەدوای دواوەوە بوون، ئێستا بووە بە پێشەنگ، ڕکابەریی وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانی دووەم دەکات لە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا و ئابووری، سیاسەتدا.

 91 جار بینراوە