سەرەکی » مانشێت » گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوام دەبێت

گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوام دەبێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی وەفدی دانوستانكار، ئێوارەی ئەمڕۆ، بەرەو بەغدا بەڕێكەوت.

مەبەستی سەردانەكە، چەسپاندنی رێكەوتنی مانگی 12ی 2020ی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 كەتێیدا پشكی هەرێم بە 12،67 % دیاریكراوە.

ئێستا لیژنەی دارایی ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستی پەسەندكردن.

كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن
لەلایەكی دیكەوە، د.جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سبەینێ سێشەممە دووەم كۆبوونەوەی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی كۆبوونەوەی یەكەمی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا «لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە بارەی پرسی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكانەوە».

 211 جار بینراوە