سەرەکی » ئابووری » لە عیراق هەڵاوسان بە رێژەی %4 بەرزبۆتەوە

لە عیراق هەڵاوسان بە رێژەی %4 بەرزبۆتەوە

یەکەی ئابووری

دامەزراوەی ناوەندی بۆ رووپێوی سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عیراق، راپۆرتی خۆی سەبارەت بەڕێژەی بەکاربەر و نرخی کاڵاو کەلوپەل بڵاوکردەوە، بەو پێیەش تێکڕای هەڵاوسان بەڕێژەی (%4) بەزربۆتەوە.

عەبدولزەهرە هیداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاندوە، راپۆرتەکە نیشانی دەدات کە هەڵاوسان بەڕێژەی (%3.3) لەمانگی کانوونی یەکەمی 2020دا بەرزبۆتەوە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم، هەروەها هەڵاوسان بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2019 بەڕێژەی (%3.2) بەرزبۆتەوە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە نرخی دۆلاردا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشی مادە توتنییەکان بەڕێژەی (%10.1) بەرزبوونەوەی نرخی تۆمارکردووە، هەروەها بەشی تەندروستی و پزیشکی بەڕێژەی (%8.8) بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بەشی کەلوپەلی یاری و ئامرازەکانی کاتبەسەربردن بەڕێژەی (%7.5)، هەروەها بەشی گواستنەوە بەڕێژەی (%7.2) بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانان، بەشی کاڵا و کەلوپەلە خۆراکییەکان بەڕێژەی (%4.9) بەرزبۆتەوە، هەروەها ئاڵتوون لەسەرتاسەری وڵاتدا بەرزبۆتەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی ناوماڵ و ئامێرە کارەباییەکان بەڕێژەی (%3.7).

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نرخی یەکەکان و شوێنی نیشتەجێبوون بەڕێژەی (%3.2) بەرزبۆتەوە، بەشی پەیوەندیکردن بەڕێژەی (%3)، بەشی خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە ناکحولییەکان بەبڕێکی کەم بەرزبۆتەوە کە (%0.5)ە.

ئەنجامی کۆی گشتی ئەو رێژەیە دەریدەخات کە هەڵاوسان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2020دا بەڕێژەی %4 بەرزبۆتەوە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، هەروەها هەڵاوسان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020دا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2019 بەڕێژەی %4.2 بەرزبۆتەوە.

 90 جار بینراوە