سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » هەرێم كەمال ئاغا: نەوت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان نەبێت بۆ چیمانە؟

هەرێم كەمال ئاغا: نەوت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان نەبێت بۆ چیمانە؟

دیدار: كاوە عەزیز حەمەد

پێدەچێت پشكی هەرێم لەبودجەی گشتیی عیراق مشتومڕی زۆری لەبارەوە بكرێت، جارێ‌ دیار نییە چۆن لەناو قانونی بودجەی ئەمساڵ جێی دەكرێتەوە، یان هەرێم لەگەڵ بەغدا دەتوانێت رێكەوێت و مووچە و شایستەداراییەكانی هەرێم دابین بكرێت؟ ئەمانەو پرسیاری دیكەمان لە هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی پەرلەمانی عیراق كردووە.

*دۆخی ئێستای هەرێم كاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر توانای كورد لە بەغدا هەیە؟
– هێزی كورد لە بەغدا لە یەكبوونیەتی یان لەیەكبوونی هێزە كوردستانیەكانە. چەند هەرێمی كوردستان بتوانێت یەكڕیزی ناوماڵی كوردی بپارێزێت، ئەوەندە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر توانای كورد لە بەغدا، ئەمە معادەلەیەكە غەڵەت قبوڵ ناكات. ئەو یەكڕیزییەی كە پێویستە لە كوردستان هەبێت بوونی نییە، بەداخەوە بەهۆی كۆمەڵێك ناعەدالەتی و بارودۆخ كە ئێستا كاتی باسكردنی نییە. ئەو بارودۆخەی باس دەكرێت لەبەغدا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو یاسایانەی یان هەموو ئەو بابەتانەی كە رەهەندی نیشتمانیی هەبووە، هەموو لایەنە كوردییەكان لەسەر ئەوە كۆدەنگیی هەبووە، بۆ نموونە؛ ئەو (دەق)ەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رێكەوتوون خراوەتە ناو پرۆژەی بودجەی ئەمساڵ، چونكە لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، لە قازانجی موچەخۆر و جوتیاران و ئابووری خەڵكی كوردستانە. ئێمە بەهەموو لایەنەكان رازین ئەو دەق-ە لەناو پرۆژە قانونی بودجەی 2021 بچەسپێنرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبیندرێت پێدەچێت بەوشێوەیە لەناو پەرلەمان بۆمان نەچێتەسەر كەلایەنە كوردستانییەكان لەسەری كۆكن یان جۆرێك لەكۆدەنگی لایەنە كوردستانییەكانی لەسەرە.

*كەوایە هێزی كورد وەكو جاران نەماوە و سازانی نیشتمانی نەماوە؟
– بۆ ئەوەی وەڵامێكی وردی پرسیارەكەت بدەمەوە، بێگومان ئەوەی كە لەبەغدا ئێستا هەیە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی رابردوودا بەتایبەتی سەردەمی سەرۆك مام جەلال. كاریزمای ئەو سەركردە مەزنە و رابردووی ئەو و پەیوەندییەكانی ئەو هەروەها قۆناغەكەی ئەو و پەیوەندییەكانی عیراق و بارودۆخی ئەوكاتەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو سەردەم زۆر جیاوازبوو.

لەو سەردەمە بەهۆی سەنگ و حیكمەتی جەنابی مام جەلال، عیراق دەیتوانی هاوسەنگییەكانی هەرێمەكە رابگرێت، بەڵام ئەمڕۆ عیراق نەیتوانیوە بەهۆی كۆمەڵێك بارودۆخ وەك ئەو سەردەمە ئەو هاوسەنگییە رابگرێت بۆ نموونە؛ لەو ململانێیەی ئەمریكا ئێران نەیتوانییوە بێلایەن خۆی بپارێزێت.

ئەمڕۆ نوێنەرایەتی باڵیۆز و دیبلۆمات و نێردەی وڵاتان لە عیراق بە ئامانج دەگیرێن، هێزەكانی هاوپەیمانان بە ئامانج دەگیرێن، سەفارەتەكان بەتایبەت ئەمریكا هەفتەی جارێك دووجار بە ئامانج دەگیرێن! هەموو ئەوانە وایكردووە عیراق ئەو متمانەیەی جارانی نەمێنێت لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی! كاریگەریی زۆر زۆرخراپی لەسەر عیراق كردووە، لەسەر ئایندە و ئاراستەی سیاسەتی بێلایەنەی عیراق كردووە كە رەنگدانەوەی هەبێت .

ئەمەی باسی دەكەم لەكاتێكدایە كە هاوپەیمانان بە هەموو توانایان هاوكاری عیراق دەكەن لە ئاسمان لە زەوی بۆ گەشەكردنی سوپای عیراق، لە تێكشكاندنی داعش، كەچی شەوانە موشەك باران دەكرێن، بە ئامانج دەگیرێن! هەموو ئەوانە وایكردووە ئەو متمانەیەی عیراق لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەگەڵ هاوپەیمانان لاواز بێت و وەكو جاران نەبێت. بێگومان لەداهاتووشدا ئەگەر بەو ئاراستەیە بەردەوام بێت خراپتر دەبێت.

*ئەی لەرووی ئابورییەوە دەگوترێت عیراق لەبارودۆخێكی باشدا نییە؟
– ئەمڕۆ عیراق لە رووی ئابوورییەوە لە قەیرانێكی قوڵدایە، نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕبكات، نەیتوانیوە دادپەروەریی تەواو دابین بكات، نەیتوانیوە چەك لەدەستی میلیشیاكان دەربهێنێت و تەنها لای دەوڵەت بێت! عیراق نەیتوانیوە هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێدا بەدیبێنێت. دەبینین ئێستا چەندین گرووپ بە ئاشكرا كونسولگەر و باڵیۆز و بارەگای نوێنەرایەتییەكان دەكەنە ئامانج كە لە رووی عورف و یاساوە دەبێ دەوڵەت پارێزگاریان بكات، بەڵام تا ئێستا ناتوانێ بیكات، كەوایە عیراق لاوازە.

ئێمەش وەك كورد لەعیراق لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە بێگومان زیانمان بەركەوتووە، واتە بەهۆی پرسی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی زیانی بەربكەویت، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئێمە نەمانتوانیوە كۆمەڵێك بابەتی گرنگ هەیە وەك پێویست كاری لەسەر بكەین كە ببێتە مایەی بەهێزبوونمان. دەبینین كەمووكوڕییەكانی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە مەلەفی نا شەفافی نەوت و كۆمەڵێك شتی دیكە وایكردووە كە رەنگدانەوەی خراپی هەبێت لەسەر رەوشی كورد لەبەغدا و وایكردووە زیاتر بیانو بدەینە دەست حكومەتی فیدڕاڵ.

*ئێستا لەبەغدا نەك سازان و تەوافوق نەماوە، بەڵكو گروپی زۆر توندرە و بەرامبەر كورد پەیدابوون، دژایەتیكردنی كورد بەكاردێنن بۆ موزایەدەی سیاسی؟ هۆكاری دروستبوونی ئەو ئاراستەیە چییە؟
– بێگومان خراپە لەسەر بنەمای دژایەتی كردنی كورد موزایەدەی سیاسی بكرێت، واتە لەڕێی دژایەتیكردنی كورد بتەوێ دەنگ بەدەستبێنیت، بەڵام ئەمانەش دەرئەنجامن، بۆ نمونە: لەوانەیە سەبارەت بەدۆسیەی نەوت زۆرمان لەبارەیەوە وتبێت، لە پێناو ئابووری كوردستان لە پێناو ئابوورییەكی باش و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئایا مەلەفی نەوت نەبۆتە داڕمانی متمانەی جەماوەر و حكومەتی هەرێم؟ هەرێم و حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەرێم و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، یان حكومەتی هەرێم لەگەڵ هەموو دۆست و ناحەزەكانیشی نەبۆتە كارتێك بەدەستیانەوە؟

ئایا ئەم نەوتەی ئێستا كە ئاماژەم پێدا كە هەموومان چاوەڕێی ئەوە بووین ببێتە هۆكاری پێشخستنی كوردستان، بەڵام ئەگەر نەوت لەپێناو بوژانەوەی ئابووری نەبێت، لە پێناو خوشگوزەرانی خەڵكی كوردستان نەبێت، نەوت كارتێكی سیاسیی بەهێز نەبێت، ئەی بۆ چیمانە؟ قازانجی نەوتی كوردستان بچێتە خەزێنەی ناحەزانی كورد بۆ چیمانە؟ ئینجا ببێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ كێشەی گەورە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بۆچیمانە؟ هەموو ئەوانە بە راستی وایكردووە كە رێگەخۆشكەر بێت بۆ دروستبوونی ناسەقامگیریی و بۆ ناداپەروەریی، ئەمانە وایكردووە رەنگدانەوەیەكی خراپی هەبێت لەسەر شەقامی عیراقیی.

لە لایەكی ترەوە بێ ئەزموونییە، خەڵك لەبەغدا لەوانەیە گرەو لەسەر دژایەتی كورد بكات، خۆی بكاتە پاڵەوان لەپێناو دەنگ بەدەستهێنان لەهەڵبژاردن، ئەمەش بێگومان خراپە. بێگومان هەندێك دۆسیە لەكوردستان زیانی پێگەیاندوین، ئێمە رەخنەمان گرتووە لەحكومەتی هەرێم و حكومەتەكە هی خۆمانە، باشترە چارەسەری بكەین، بەڵام ئەگەر رووبەرووی نەبینەوە و چارەسەری نەكەین ئەكید لەداهاتوودا زیانی زیاترمان پێدەگەینێت، تەنانەت ئەم كیانەی هەمانە زیانی گەورەی بەردەكەوێت.

*نەمانی متمانەی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بەیەكەوە كاركردن و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی نێوانیان، زیانی گەورەی بەكورد نەگەیاندووە؟
– بێگومان زەرەرێكی زۆری لە كورد داوە و ئەو دەستكەوتانەی كە هەشمانن لەمەترسیدان! ئێستا مەترسی لەسەر ئەو دەستكەوتانەیە كە لە دەستور چەسپێنراوە و بەدەستمان هێناوە، یان ئەوانەی دەمانەوێ‌ بەدەستی بێنین ئیدی بەیەكجاریی لەبارببرێت، بۆنمونە مادەی 140 و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و شایستەكانی هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتەكانی هەرێم بەپێی دەستور و ..تد .

تەماشاكە ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر بەغدا و ناوچە كێشە لەسەرەكان تیرۆرە، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە و نەبوونی هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن، عیراق ئامادە نییە هێزی پێشمەرگە بێنە ناوچەكە بۆ پارێزگاریكردنی ناوچەكەو پاراستنی خەڵكی ئەو ناوچانە كە زۆرینەیان كوردن، یان لانی كەم هەماهەنگی بكەن لەدانانی خاڵی چاودێریی یان هێزی هاوبەش پێكبێنن.

*سەبارەت بە بودجەی هەرێم پێتوایە رێكەوتن بكرێت؟
– گفتوگۆكان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا وەك ئاماژەم پێدا گرفت و جیاوازیی بۆچوون لەناو پەرلەمان بوونی هەر دەبێت و ئاساییە، رەنگە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت نەتوانرێت لەناو قانونەكە بچەسپێنرێت، بەتایبەت لایەنە شیعەكان چەند گروپێكن و پێم وانیە ئاسان بێت وەكو ساڵان بتوانین تێیپەڕێنین. ئەمە پێویستی بەرێككەوتنی هەرێم و بەغدا هەیە و بەشێك لەرێككەوتنەكە تەكنیكیەو بەشێكیشی سیاسیە. رووە تەكنیكیەكە ئەوە پێویست دەكات هەردولا لەسەری رێككەون، دیوە سیاسیەكەش بێگومان هیمەتی گەورەی دەوێت و لانیكەم پێویست دەكات كوتلە كوردستانییەكان بەیەكەوە كاربكەن و هاوڕابن و هەموو بەشداربن لەداڕشتن و چەسپاندنی خواستی كورد لەبودجەی ئەمساڵ.

ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئەوەین رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت و شایستە داراییەكانی هەرێم مسۆگەربكرێت بەتایبەت لەپێناو دابینكردنی موچە و قوتی خەڵكی كوردستان و هەروەها ئەگەر بەشی هەرێم لە بودجەی عیراق دیاریی بكرێت ئەوا بەشێك لەداهاتی هەرێم دەزانرێت و روون دەبێت.

*خەڵكی كوردستانیش چیتر خەمی موچەیان نابێت.؟
– بێگومان فەرمانبەران و موچەخۆران چیتر بەدوو مانگ جارێك یان لانی كەم خەمی سەرەمانگانی موچەكانیان نابێت، هەروەها حكومەتی هەرێم سودمەند دەبێت لەو قەرز و داهاتانەی عیراق لەغەیری نەوت دەستی دەكەوێت. ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نامانەوێ‌ هاوڵاتیانی كوردستان یان موچەخۆرانی كوردستان ببنە قوربانی سیاسەتی نەوت و ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە. هەروەك پێمانوایە پێویست دەكات هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێم بەتایبەت ئەوانەی لەبەغدا هەن بەشداربن لەداڕشتنی هەڵوێست و سیاسەتی هەرێم بەرامبەر بەغدا، واتە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەشێك بن لەبڕیاردان و هەموو بەیەكەوە بەڵكو كاریگەرییەكان زیاتر ببێت.

 192 جار بینراوە