سەرەکی » ئابووری » سلێمانی دەبێتە سەنتەرێكی بازرگانی لە عیراقدا

سلێمانی دەبێتە سەنتەرێكی بازرگانی لە عیراقدا

كۆبوونەوەی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی عیراق كە هەر دوو مانگ جارێك لە پارێزگایەك بەڕێوەدەچێت، لە سلێمانی كرا و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، تەنیا لەساڵی رابردوودا بە بەهای سێ ملیار دۆلار بەرهەممان گەیاندۆتە شارەكانی خوارووی عیراق.

بە بەهای سێ ملیار دۆلار
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە بۆ سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی و سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی عیراق لە سلێمانی رێكخرا، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، گرنگی زیاتر بە بەرهەمە ناوخۆییەكان دەدەین و ئێستاش سلێمانی بۆتە ناوەندی بازرگانیی ناوخۆ.

وتیشی: «ساڵی رابردوو بە بەهای سێ ملیار دۆلار بەرهەممان گەیاندۆتە شارەكانی خوارووی عیراق و دەشمانەوێت گەنجینەی زیاتری خۆراك لە سلێمانی دامەزرێنین، بۆ ئەوەی هەلی كار و جوڵەی بازرگانی لە ناوخۆ و شارەكەدا زیاتر بكەین».

راشیگەیاند، رێكەوتنێك لە نێوان عیراق و سعودیەدا هەیە بەمەبەستی ناردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و پیشەسازیی عیراق بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە دەمانەوێت ئەو بەرهەمە وەرزیانەی كە جووتیاران بەرهەمی دەهێنن لە رێگای ئەو رێكەوتنەوە هەناردەی سعودیە بكرێت‌ و بەمەش بەشێك لە گرفتەكانی جووتیاران چارەسەر دەبێت.

586 كۆگای هاوچەرخ
دواتر، سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی عیراق و هەرێم سەردانی پڕۆژەی گەنجینەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیان كرد، لەلایەن سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و بەڕێوەبەری پڕۆژەی گەنجینەكانەوە، تەواوی زانیارییەكانی تایبەت بە پڕۆژەكەیان خرایە بەردەست.

پڕۆژەی گەنجینەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بریتییە لە دروستكردنی 586 كۆگای هاوچەرخ بە رووبەری جیاواز، پڕۆژەكە لەسەر 400 دۆنم زەوی لە سلێمانی لە نزیك گوندی ژاڵەی سەروو جێبەجێ دەكرێت، لەم قۆناغەدا قیرتاوكردنی شەقامەكان و دروستكردنی شۆستە كاری تێدا دەكرێت.‌ لە دروستكردنی پڕۆژەكەدا هەموو پێوەرێكی جیهانیی رەچاو دەكرێت ‌و ئێستاش كاركردن تیایدا بەردەوامە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، سلێمانی دەبێتە سەنتەرێكی گرنگی بازرگانی لە سەرتاسەری عیراقدا.

 316 جار بینراوە