سەرەکی » زانست » وزە چەتری دەسەڵاتە

وزە چەتری دەسەڵاتە

د. مدیحە صوفی

ئامادەکردنی: كامۆ حەوێزیی

كتێبی وزە چەتری دەسەڵات، یەكێك لەو كتێبە زۆر گرنگانەی پێویستە وەك سەرچاوەیەكی زانستی بۆ كوردستان و ناوچەكە، بەسەر بكرێتەوە، لەم رۆژانەدا لە چاپخانەی كارۆ چاپ و بڵاوكراوەیەوە، ئەم كتێبە بابەتێكی ژینگەیی زۆر گرنگە، كاتێك ئەم كتێبە دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین نووسەر چەند خەمخۆرانە گوزارشت لە هەڵسوكەوتی نێگەتیڤانە لە سروشت و دۆخی ژینگە دەڕوانێت. نووسەر لەم كتێبەدا بابەتی زۆری وروژاندووە و لێكۆڵینەوەی لە بارەیانەوە كردووە، لەوانە پرسی وزەی بایۆلۆجی و وزەی هایدرۆلۆكی و، مەترسییەكانیان و رێگە چارەیان چۆن دەبێت، هەموو ئەم چەمك و بابەتانە بە رەوشتەوە دەبەستێتەوە، كە چۆن مرۆی خاوەن زیندوویی ئاكار لە خەمی ئەم پرسانەدایە و خۆی بە خاوەنیان دەزانێت و، بەپێچەوانەشەوە، هەر مرۆڤ خۆی خاوەنی تێكدان و شێواندنی ژینگەیە. لەبەشی یەكەم ئەم كتێبەدا نووسەر ئاماژە بە توانای مرۆڤ بۆ زانینی راستییەكان بۆ پێشبینی داهاتوو دەكات، ئەمە بە مەبەستی یەكلاییكردنەوەی دیاردەكان و بوێریی بڕیاردان بەمەبەستی پلان دانان و پەیڕەوكردنی ئاسایشی نیشتمانیی و گەشەكردن و هەنگاوی دروست بەرەو داهێنان و بەرهەمهێنانی داتا و زانست بۆ بەردەستبوونی تەكنەلۆجیای نوێ،بێگومان هەوڵدان لەو بوارەدا پێویستی بە توانای مرۆیی و زانیاری تازەیە. بەشی چوارمی ئەم كتێبە، شەڕی وزە لە سەدەی بیست و یەك، لەم بەشەدا نووسەر جەخت لەسەر بەندەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكاتەوە، كە لەساڵی 1945 دوای جەنگی دووهەمی جیهانی دامەزراوەو، دەڵێ: هیچ وڵاتێك بۆی نییە هێرش بكاتە سەر وڵاتێكی دی، ئەگەر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێنەبێ، نووسەر لێرەدا ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو خودی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن زلهێزەكانەوە شكۆی لەدەستداوە، هەر بڕیارێك لەبەرژەوەندیی ئەوانە نەبێت، بێ گوێدانە بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنە، پەلاماری وڵاتانی دی دەدرێت.

لەبەشی پێنجەمدا باس لە سامانی ئاو و ئاسایشی ئاو دەكات. سامانی ئاو سامانێكی سروشتییە، ژیانی هەموو مرۆڤایەتی لەسەر بوونی ئاو و سەقامگیریی ئاسایشی سامانی ئاو زامن دەكرێت، لەسەر ئاستی جیهان ئاو وێڕای سامانێكی سروشتییەو لە بواری خزمەتكردنی مرۆڤایەتیدا بەهای تایبەتی خۆی هەیە، وێڕای بەرهەمی سروشتی ئاو، وەلێ وڵاتە خاوەن پیشەسازیە گەورەكان سروشتی رێڕەوی ئاویشیان ئاڵۆز كردووە و ئێستا شەڕی ئاو، چەكێكی تری دەستی ئەو وڵاتانەیە، بۆ شكاندنی شكۆی وڵاتانی دی و لێدان لە بەرژەوەندییەكانی، ئەگەر ئاو پەیوەندیی بە كشتوكاڵەوە هەبێ، ئەو هێزانە لێرەوە لە پێناو شكست هێناو بە پڕۆژەی كشتوكاڵیی و لەباربردنی سامانی سروشتی ئاو، ئەو چەكەش بۆ لێدان لەوی دی بەكار دەهێنن، لەدەمێكدا راستەوخۆ پەیوەندیی بە بوونی تەواوی بوونەوەرەوە هەیە و، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەبڕیار دەست بردن بۆ شەڕی ئاو قەدەغە كراوە. لەم بەشەشدا نووسەر زۆر بەوردی باسی لە سروشتی گەشەكردنی ئاو لەرێی سەهۆڵبەندان و باران، دەكات، تەنانەت نەخشەی ئاو لەسەر رووی زەوی بە پێی دابەشبوونی دانیشتووانی جیهان دابەش كردووە.

لەبەشێكی دی ئەم كتێبەدا نووسەر باس لە گەردیلەكانی چەكی ئەتۆمی و شێرپەنجە دەكات. نووسەر لەم بەشەدا باس لە رۆڵی فریدێر ڤاگنەر دەكات كە لەساڵی 2007 فیلمێكی بە نێو تۆزی مردن بەرهەم هێناوە و لە كەنەكانی تیڤی ئەڵمانی پەخش كراوە، لەم فیلمەدا جەخت لە كارەساتەكانی دوای شەڕی كەنداو لە عیراق و بۆسنا و كۆسۆڤۆ دەكات، ئەم فیلمە لە 93 خولەكدا تەواوی ئەو مەترسیانەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە دەخاتەڕوو،كە چۆن ئەم شەڕ و ماڵوێرانییە شێرپەنجەی بۆ ناوچەكە بەجێ هێشتووە، ئەگەرچی پیشەسازی گەورەترین خزمەتی بە مرۆڤایەتی كردووە، وەلی دیوی دووهەمی پیشەسازی، لێدانە لە خودی مرۆڤ، هەموو ئەو ئامێرە خزمەتگوزاریانە، لەبەرانبەریدا پیشەسازی ماڵوێرانی جێی بەو جوانیەكانی پیشەسازی لەق كردووە،دەرئەنجام دەگەینە سەر ئەو خاڵەی مرۆڤایەتی لەنێوان دیوە جوان و دڕندانەكەیدا، لەشەڕی مەترسیدایە. خوێنەری كورد و دەسەڵاتی كوردیی پێویستە لەو مەترسیانە هوشیار بێتەوە و بزانێت شەڕەكانی دی لە كوێوە سەرهەڵدەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر خوێنەری كورد زۆر بەجدیی ئاوڕ لەم كتێبەی د. مەدیحەسۆفی بدەنەوە.

 90 جار بینراوە