سەرەکی » زانست » بۆ هەندێك دوای ڤاكسین تووشی كۆرۆنا دەبن؟

بۆ هەندێك دوای ڤاكسین تووشی كۆرۆنا دەبن؟

كەشتی نوح

زاناكان وەڵام دەدەنەوە و ئاماژە بەوە دەدەن كە هیچ ڤاكسینێك نییە گەرەنتی ئەوە بكات كەسێك تووشی كۆرۆنا یان هەر پەتایەكی تر نەبێت.

ئەوان دەڵێن» كاتێك كەسێك ژەمێك یان هەردوو ژەمەكەی كۆرۆنا وەردەگرێت وا هەست دەكات ئیدی پارێزراوە لە پەتای كۆڤید- 19، بەڵام هەندێك كەس دوای ئەوە كاتێك پشكنین دەكات ئەنجامەكەی پۆزەتیفە».

ئەم حاڵەتەش كەم نییە، بەڵكو رووبەڕووی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا بووەتەوە لەوانەش ئەدریانۆ ئیسبیلات و ستیفان لینش و لۆری تراهان كە هەرسێكیان سەربە دیموكراتەكانن.

پسپۆڕان پێیانوایە كە ئەوە حاڵەتێكی ئاساییە، ئەمە مانای ئەوە نییە كە كێشەیەك هەبێت یان ڤاكسینەكە بە هەڵە وەرگیرابێت.

بە پێی ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) ئەو ڤاكسینانە راستەوخۆ كارگەرییەكەیان دەربكەوێت، چونكە دوای وەرگرتنی ژەمێك یان دوو ژەم لەش پێویستی بە ماوەیەكە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بدات بە بەرگریی خۆی.

بۆ نموونە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڤاكسینی (فایزەر) و (مۆدێرنا) پێویستیان بە ژەمی دووەم هەیە كە دوای ژەمی یەكەم بە دوو هەفتە كەسەكە دەبێت وەریبگرێت‌و ئەوەش پێویستی بەئارامگرتن و چاوەڕوانیی هەیە.

لە لایەكیترەوە، ڕەنگە ئەو كەسەی كە ڤاكسینەكە وەردەگرێت بەر لە ماوەیەكی كەم لە كوتانەكە تووشی كۆرۆنا بووە، بۆیە كە ئەوە روودەدات، ئەنجامی پشكنینەكە پۆزەتیف دەبێت.

توێژەرەوەكان رونیدەكەنەوە كە ڤاكسینەكان لە نەخۆشییەكە دەمانپارێزێت نەك لە تووشبوونەكەی، واتە كوتان وا ناكات كەسەكە تووشی ڤایرۆسەكە نەبێت، بەڵكو كاتێك كە تووش دەبێت نیشانەكانی سووكتر دەبێت بە بەراورد بەو كەسەی كە خۆی نەكوتاوە و ڤاكسینەكەی وەرنەگرتووە.

بەو پێیەش، ڤاكسینەكان وا دەكەن ئەو تووشبوانە كەم ببنەوە كە پێویستیان بەوەیە بچنە نەخۆشخانە و حاڵەتەكانی مردنی ئەوانەش كەمدەكاتەوە كە بە قورسیی نەخۆشییەكە دەگرن.

لەبەر ئەوە، ئەوانەی ڤاكسینەكە وەردەگرن تایبەتمەندیی ئەوەیان نییە ئیتر ماسك نەبەستن و پابەندی دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی نەبن، چونكە لە مەترسیی تووشبون پارێزراو نین.

زانایان هۆشداریی دەدەن لەوەی تەنانەت باشترین ڤاكسینەكانیش نمونەیی نین ئەگەر رێژەی كاریگەرییان زۆر بەرزیش بێت، بۆ نموونە ڤاكسینەكانی ( فایزەر) و (مۆدێرنا)ش كاریگەرییان (100 ٪) نییە.

 55 جار بینراوە