سەرەکی » کەلتوور » باستێل-ی ریمۆن ئارۆنپەڕە 2

گفتوگۆ لەگەڵ ژان پۆل سارتەر

باستێل-ی ریمۆن ئارۆن

شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی

3-3 و کۆتایی

مەعریفە چییە؟ بەردەوام ئەو شتەیە پێچەوانەی ئەوەی ئێمە ئەندێشەمان کردووە. شتێکە زەحمەتە وەک خۆی بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی ئەزموونی نوێ و تاقیکردنەوەی نوێ بە شیوازی باشترو بەئامرازی پێشکەوتوو تر ئەنجام دەدرێت. پاشان ئەو ئەزموونە تازانەش لەسەر دەستی زانایانی دیکە رەتدەکرێنەوە. هەیانە پاشکەوتووەو هەشیانە پێشکەوتوو. ئیدی مەسەلەکان هەمیشە بەو جۆرەن.

ئاخر تیۆریای ئەنشتاین لە ئەنجامی بیرکردنەوە لە ئەزموونی میکلسۆن و مۆرلی فۆرمەلابوو کە ئەرگیومێنتەکانی فیزیای نیوتنی رەتکردەوە. بەرهەمی ئەو پرۆسەیەش رێژەگەرایی ئەنشتاینیەت بوو، ئەویش دوای سی ساڵ رووبەڕووی رەخنە بووەوە. بەڵام رەنگە بوترێت خوێندکاران ناتوانن رەخنەیەکی سوودبەخش لە بیروبۆچونی مامۆستاکانیان بگرن، لەبەرئەوەی هێشتا سەرەتایانەو شتێکی ئەوتۆ نازانن. بەرلە هەرشتێ بیستوومانە ئەوەی هیچ نازانێ، بەردەوام زیاتر لەوە دەزانێ کە پێی وایە. هەروەک ئەو کۆیلەیەی سوکرات وایلێکرد چاو بە تیۆریایەک لە تیۆریاکانی ماتماتیکدا بخشێنێتەوە. پاشان سەرباری ئەوە ڕۆشنبیریی ناکرێت بەرەو پێشبچێ، گەر لەهەر ئان و ساتێکدا ڕێی ئەوە بە خەڵک نەدرێت، تا مشتوماڵی بکەن و رەخنەی لێبگرن.

بە توندی هەڵوێستیان نواند
لەو بوارەدا بۆخۆم دوو ئەزموونی روون و رەوانم هەیە. سەروەختێک لە ئامادەیی (لان) مامۆستا بووم، خوێندکارەکانم منداڵی ئەو گەورە موڵکدارانە بوون کە باوکیان سەرمایە گوزرییان لەبواری کشتوکاڵدا کردبوو(واتە عانەیان بە عانە و مێزیان بە مێز و گایان بەگا دەبینی). ئیدی بوارێک نەبوو تا لەو هەستە ماتریالیە دەربازببن. رۆژێکیان لە دڵی خۆمدا وتم دەبێت وەرزی نوێی خوێندن، بە هەندێ پرسیار دەست پێبکەم بیانجوڵێنێت. بۆیە دەستم بە باسکردنی ئایدیالیزمی ئیمانوێل کانت کرد بۆیان. کەچی زۆر بە توندی هەڵوێستیان نواند و قبوڵیان نەدەکرد باوەڕ بەوەبهێنن ئەو واقیعەی پێی دەڵێن دەرەکی، لەو یەکە ناوەکیانەی ئەزموونی ئێمە پێکدێت. وەلێ دوای مانگێک بێنەو بردە وتیان:(دەی تێگەیشتین!). ئیدی بە درێژایی ساڵەکە ژیانیان لێ تاڵ کردم، چونکە بمویستایە باسی هەرچی بکەم، ئەوان بە کانت وەڵامیان دەدامەوە. بە قوڵی ئاوێتەی بووبوون، تا ئەو رادەیەی بووبووە ژێدەری سەرەکی و هەمیشەییان.

لەگەڵ ئەوەدا، دواتر لە ئامادەیی باستور لە پاریس دەستم بە وانە وتنەوەکرد. لەوێ خوێندکاران هیچیان نەوت. دەبێت جیاوازی لە نێوان جیهان کە واقیعێکی دەرەکی یان زنجیرە دیدگایەکی پێکەوە بەستراوبێت چی بێت، یاخود منداڵ ئارەزووی باوکی یان دایکی بکات؟ هەموو ئەوانە بۆئەوان وەک یەکبوون، رۆژنامە و رادیۆ بە کلتورێکی شێواو پەروەردەی کردبوون. لە هیچیان نەدەکۆڵیەوەو مشتومڕیان لە بارەی هیچەوە نەدەکرد. تا کۆتایی ساڵ هیچ فێرنەبوون. تاکە شێوازێک بۆ فێربوون دیالۆگ و رەخنەگرتنە. هەروا تاکە شێوازێکیشە بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە مرۆڤ. ئاخر مرۆڤ شتێکی وانییە کە رەخنە و سەرنج و بۆچوونی لەسەر شتەکان نەبێت، بەڵام هاوکات پێویستە دڵسۆز و وەفاداری شتێکیش بێت. بە بۆچونی منیش دروست رۆشنبیر ئەوەیە:(بوونەوەرێکی بە ئەمەک و دڵسۆز بۆ سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وەلێ لەرەخنە لێگرتنیان سڵ نەکاتەوە. رەنگەو بە دڵنیایشەوە وایە، لە نێوان وەفاداری و رەخنە و رەتکردنەوەدا ناکۆکی رووبدات، وەلێ ئەوە کارێکی باشە، چونکە رەخنە و رەتکردنەوە بە پیت و بەرهەمدارە).

یەکەمین نیشانەکانی پیربوونە
زانکۆ بۆئەوە دروستبووە تا کەسانی رەخنەگر پێبگەیەنێ. بە واتایەکی دی دەبێت کەسێکی تەمەن چل و پێنج ساڵ بزانێت، ئەو بیروبۆچونانەی بۆخۆیی دروستکردون و بەخەڵکانێکی دیکەی دەڵێتەوە، بەرهەمی رەتکردنەوە و نایاندن و رەخنەگرتن بوون لە بیروبۆچونی ئەو کەسانەی رۆشنبیریان کردووە و یارمەتیان داوە، هەربۆیە لەماوەی پێنج ساڵدا دەبنە جێی رەخنە و رەتدەکرێنەوە. بە دیاریکراویش لەلایەن ئەوانەی وانەیان پێدەڵێت و رۆشنبیرییان دەکات، پێیدەڵێن:(مەسەلەکان بەوجۆرە نییە، بەڵکو ئاواو ئاوایە). لە راستیدا ئەوەش بۆخۆی یەکەمین نیشانەکانی پیربوونە. ئاخر مرۆڤ لە نێوان ساڵانی سی و پێنج و چل و پێنج دا، داخڵ بە قۆناغی پیریەتی دەبێت. وەلێ گەر فێری ئەوەبوو(دوای ئەوەی ئەو شتانەی وت کە دەیویست بیانڵێت)، چۆن چۆنی بە بیرو راکانیدا بچێتەوەو رەخنەی قبوڵ بووە، ئەوا لەو حاڵەتەدا بتوانێت کەمێک لە تەمەنی کامڵی و ژیانی بەسوود و پڕ بەخششی درێژ بکاتەوە.

رەخنەی لە خۆی گرتبێت
هەرچۆنێک بێت هەتا ئەمڕۆش لەنێو زانکۆدا، هەر لەو نموونانە ماون کە لەسەرەوە و لەپشتی مێزو کورسیەکەوە، وانە دەڵێنەوەو هەرگیز بەخۆیاندا ناچنەوە. قۆڵم بە بڕین چێ گەربۆ یەکجاریش چییە، ریمۆن ئارۆن بە خۆیدا چووبێتەوەو رەخنەی لە خۆی گرتبێت، لەبەرئەوە بەبۆچوونی من شایستەی ئەوەنییە ببێتە مامۆستا. بێگومان هەرئەویش نییە بەتەنها، وەلێ ناچارم باسی ئەو بکەم، چونکە لە ماوەی دوایدا زۆری نووسی. یەکێک لەو شتانەی نووسیویەتی، دەڵێت:(بە هیچ کلوجێک نابێت خوێندکاران لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی مامۆستادا بەشداربن). بۆچی؟ لەبەرئەوەی بەبڕوای ئارۆن ئەو دەسەڵاتەی پشت ئەستوورە بەمەعریفە، پێویستە لە مامۆستایەکەوە بۆ مامۆستایەک و لە ئاقڵ مەند و پێگەیشتوویەکەوە، بۆ ئاقڵ مەند و پێگەیشتوویەک بگوازرێتەوە. هەروەها پێویستە ئەوە لەسەرەوە بدرێت، وەک چۆن لە سەردەمی کۆندا خانەدانەکان نەک بۆرژواکان، دەسەڵاتی بەرزکردنەوەی خەڵك و خوایان بۆ پلەی ئەشرافەکان هەبوو. بۆ پاساودانەوەی ئەو بۆچونەی، ئارۆن دەڵێت:(ئەوە سروشتیە، مادامەکی خوێندکاران هیچ نازانن. خوێندکارانی قۆناغی یەکەم ناتوانن بڕیار لەسەر وانەی مامۆستایەک بدەن کە هێشتا گوێیان لێی نەبووە).
لێرەدا دەمەوێت سەرنجتان بۆلای شتێک رابکێشم، ئەویش ئەوەیە زۆربەی زۆری ئەو مامۆستایانەی مامۆستایەکی نوێ لە کۆلێژێک لە کۆلێژەکان هەڵدەبژێرن، هەمان پسپۆڕی مامۆستاکەیان نییە. سەرباری ئەوە بە تەنها داوا لە خوێندکارانی قۆناغی یەکەم ناکرێت، راوبۆچونی خۆیان لەسەر دیاریکردنی مامۆستایەک بدەن و لەو پڕۆسەیەشدا خوێندکارانی قۆناغی دوو و سێ بەشدار دەبن، واتە ئەو خوێندکارانەی گوێبیستی وانەکانی بوون و بە چاکی دەیناسن. ئەڵبەتە پێویستە تەواوی خوێندکاران بەو پرۆسەی دەنگدانە هەستن. هەروەها ئارۆن دەڵێت:(کارێکی نابەجێیە بە جۆرێک لە جۆرەکان، خوێندکار ڕۆڵی پشکنەر بگێڕێت). بە بیانووی چی ئەوە ناکرێت؟ دەی بۆچی لەکاتی پێویستدا خوێندکارانی خانەی باڵای مامۆستایان بانگ ناکرێن، تا بڕیار لەسەر زانیاری و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکارانی قۆناغەکانی خوار خۆیان بدەن؟ ئەوەش کارێکی بە جێیە تا ئەوپەڕی، بە جۆرێک زۆرجار لە ئەوروپاو لە ئان و ساتی شەڕ یان شۆڕشدا رویداوە، خوێندکاران شوێنی ئەو مامۆستایانەیان گرتۆتەوە کە کوژراون یان ناچاربوون هەڵبێن.

لەجێی خۆیدا نییە
تەنانەت کاتێک خوێندکاران بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە لیژنەی تاقیکردنەوەکاندا، پێموایە پرۆسەکە هێندە لەجێی خۆیدا نییە، چونکە تۆش وەک من لە رادەی بایەخی میزاجی مامۆستاو خواستی فیکری و دردۆنگی لە تاقیکردنەوەدا ئاگاداریت. بەیانیانێک گەر میزاجی باش نەبێت، ئەوا دوو یان چوار نمرە دەداتە خوێندکارانێک، لە کاتێکدا پاش نیوەڕۆ بەشایستەی دە نمرەیان دەزانێت. من بیرمە بۆ نمونە گۆرفیتش(11)، گەر بهاتبایە دەرسگوتارەکانیت لە بواری سۆسیۆلۆژیادا وەک ئەوەی خۆی نەنووسیایەتەوە بە ریزبەندیەکی تەواوەتی، ئەوا حیسابت فت دەبوو. نمونەیەکی دیکەت بدەمێ. لاشولیێ دەڵێت:(تا من سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەی خانەی باڵای مامۆستایان بم، کەس دەرناچێت باسی هیگڵ بکات لە بوارەکەی دا). هەر واشبوو ماوەی چەندین ساڵ لاشولیێ ڕێگربووە لەوەی فەلسەفەی هیگڵ ئاودیوی فەڕەنسا بێت، لە کاتێکدا لە ئینگلتەرا و ئیتاڵیا باوی بوو.

هەتا ئێستاش بەردەوامە
هەروەها برانشڤیک(12) کە ئێمە لە سۆربۆن گوێبیستی وانەکانی دەبووین، لەبەرئەوەی پێمان وابوو ژیرتر و زۆرزانترە لەوانی دی، لەدوو کتێبی یەکەمیدا ناوی هیگڵ و مارکس ناهێنێت. لە سێهەم کتێبیشیدا تەنها هەشت لاپەڕە بۆ هیگڵ تەرخان دەکات، بێ ئەوەی یەک وشەش چییە لە بارەی مارکسەوە بنووسێت. ئەوە ئەو خوێندن و پەروەردەیە بوو کە بە ئێمەیان دەداو هەتا ئێستاش بەردەوامە. هەر بۆیە گرنگە خوێندکاران ئامادەییان هەبێت – نەک هەر خوێندکارانی ئەو ساڵە، بەڵکو هی دوای ئەوانیش تاکو بتوانن هەڵەکان راست کەنەوە یاخود پارسەنگێ دروست بکەن، گەر مامۆستایەک بە میزاجی خۆی بڕیاری لەشتێک دا. ئەوەش بۆئەوەی مامۆستا بزانێت وەک چۆن دادگایی ئەوان دەکات، ئەوانیش دادگایی دەکەن. ئەوەش کلیلی تەواوی پرسەکەیە :(ئەوەی لێپرسینەوە دەکات گەر خۆی نەخاتە شوێنی ئەوەی لێی بپرسنەوە، ئەوا ئازادییەکی ڕاستەقینە بوونی نابێت). هەروەها ئازادی ڕاستەقینەش نابێت، گەر تەواوی تاقیکردنەوەکان -وەک ئەوەی ئەمڕۆ وایە، ببنە پێشبڕکێ و بۆڕبۆڕێن. پرسەکەش لێرەدا تەنها کورتدەکرێتەوە بۆ ژمارە. بەو پێیەی بڕێكی زۆر و زیاد لە پێویست خوێندکار هەیەو بڕیاریش وایە ژمارەیەکی دیاریکراویان وەربگیرێن، ئەوا هەر دەبێت پێشبڕکێیان بۆ سازبدرێت. سەروەختێک خوێندکار دەڵێت:(لەمڕۆ بەدوا تاقیکردنەوە نییە)، ئەوا لە واقیعدا مانای وایە:(لێرەبەدوا پێشبڕکێ نییە و ئیدی زانکۆ ئەرکی ئەوەنابێت، %5 لە خەڵکی دەستەبژێر وەرگرێت و %95 وەک خاشاک توڕبدات).

خۆیان رۆشنبیر بکەن
لە کاتێکدا خوێندکاران داوای پێچەوانەی ئەوە دەکەن، واتە سیستەمێکیان دەوێت %100 دەرفەت بە هاوڵاتیان بدات خۆیان ڕۆشنبیر بکەن، بێ ئەوەی بە پرس و باسی پسپۆڕی و بە ئامرازی گەیشتن بە ریزی زانایانی ماتماتیک یاخود پزیشکانی نەخۆشیەکانی دڵ، تەنگیان پێ هەڵبچنرێت. دەبێت ئەو سیستەمەی لەمڕۆدا کاری پێدەکرێت، هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەوەش کارێکی ئەستەم نییە. نابێت لەسەر بنەمایەکی دەستە بژێریی بیربکەینەوە، بەڵکو پێویستە دەرفەت بۆ هەمووان کراوەبێت و هەمووان بزانن مرۆڤن و خۆ رۆشنبیرکردن مافی هەمووانەو دەتوانن کار لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکەن.

پێویستە ئەم شۆڕشە لە ئێستادا لەسەر ئاستی زانکۆ ڕووبدات. دەبێت ئەرکی مامۆستاو وانەبێژان ئەوەبێت، دەرگای ڕۆشنبیریی بە رووی سەرجەم خوێندکارەکانیاندا بکەنەوە، نەک وەک جاران هەر تایبەت بێت بەوانەی ئەوان پێیان وایە، شایستەی ئەوەن جیاواز لەخوێندکارانی دیکە، بچنە ڕیزی دەستە بژێرەکانەوە.

مامۆستایان واز لەو بۆچوونە بێنن
بێگومان گۆڕینی ئەوەش پێویستی بە شێوازی خوێندنی نوێ هەیە. کەوابێ دەبێت مامۆستایان گرنگی بە سەرجەم خوێندکاران بدەن و هەوڵ بدەن، هەمووان لێیان تێبگەن و چەندێک قسە بۆ خوێندکاران دەکەن، هێندەش گوێیان بۆ بگرن. ئەمەش ئەوەی دەوێت مامۆستایان واز لەو بۆچوونە بێنن -وەک ئەوەی ئارۆن دەیکات – وا بزانن، بەتەنها دانیشتنیان لە پشتی مێزێکەوە بۆ بیرکردنەوەو تێڕامان لە شتێک، ئەوە بۆخۆی ئەکتی ژیری و زیرەکییە. دواجار تەقەللایەکی لەوجۆرە ئەوەش دەخوازێت هەموو مامۆستاو وانەبێژێک، ڕازی بێت بەوەی لێی بپێچرێتەوەو لەلایەن ئەوانەی وانەیان پێدەڵێت، رەخنەی لێبگیرێت و بەخۆی و لەدڵی خۆیدا بڵێت:(ئەوانە وەک خۆم بە رووت و قوتی دەمبینن). ئەڵبەتە ئەوە دەبێتە مایەی رووگیری، وەلێ چارنیەو دەبێت قبوڵی بکات، گەر بە راستی خوازیارە شایستەی ئەوە بێت سەرلەنوێ وانە بڵێتەوە.

دوای ئەوەی تەواوی فەڕەنسا شارل دیگۆلیان بە رووت و قوتی بینی، هەنوکە کاتیەتی بواری ئەوە بۆ خوێندکاران بڕەخسێت تا ڕیمۆن ئارۆن بە رووتی ببینن و جل و بەرگەکانی نەدەنەوە، تا ئەوکاتەی رازی دەبێت بەوەی وەڵام بدرێتەوە و رەخنەی ئاڕاستە بکرێت.

پەراوێزەکان:

11 – جۆرج گۆرڤیتش: مامۆستای کۆمەڵناسی لە سۆربۆن.

12 – لیۆن برانشڤیک: یەکێک لە مامۆستا دیارەکانی فەلسەفە لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهانی و هاوکات یەکێک لە ئەقڵە کۆنەپەرستە بەناوبانگەکانیش.

*ئەم دیدارە سێرج لاڤۆری لەگەڵ ژان پۆڵ سارتەردا سازی داوەو لە (لو نوڤێل ئوبزێر ڤاتۆر)دا بڵاوبۆتەوە.

سەرچاوە:
جان بول سارتر – دفاعا عن المثقفین – ترجمة‌: جورج طرابیشی – دار الطلیعة‌، بیروت.

 103 جار بینراوە