سەرەکی » ئابووری » عیراق 10 هەزار تۆن تەماتە هەناردە دەكات

عیراق 10 هەزار تۆن تەماتە هەناردە دەكات

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رەزامەندیی پیشاندا بڕی 10 هەزار تۆن تەماتە هەناردەی سعودیە بكرێت، تەئكیدیشی كردۆتەوە، هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەنگاوێكە بە ئاراستەی پاڵپشتیكردنی ئابووریی نیشتمانی.

محەمەد كەریم خەفاجی، وەزیری كشتوكاڵی عیراق ئاشكرایكردووە، رەزامەندییان پیشانداوە بڕی 10 هەزار تۆن تەماتە لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە هەناردەی عەرەبستانی سعودی بكرێت.

هاوكات وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بڕە تەماتەیەی هەناردەی سعودیە دەكرێت، لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە ‌و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە، كە بۆ زیادكردنی داهاتی دەوڵەت دەدرێن، هەروەها پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ ئابووریی نیشتمانی.

لە مانگی رابردووشدا، وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندبوو، 5 هەزار تۆن تەماتە هەناردەی سعودیە كراوە، بەو پێیەش هەناردەی كۆی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی عیراق بۆ سعودیە لەماوەی 32 رۆژدا گەیشتۆتە 12 هەزار ‌و 500 تۆن.

 73 جار بینراوە