سەرەکی » ئابووری » راوێژكاری ئابووری: گۆڕانكاری لە بودجەی 2021دا دەكرێت

راوێژكاری ئابووری: گۆڕانكاری لە بودجەی 2021دا دەكرێت

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عیراق، باس لەو گۆڕانكارییانە دەكات كە وەزارەتی دارایی بەنیازە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا جێگیری بکات.

ئەو راوێژكارەی ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە ئاژانسی هەواڵەكانی عیراق(واع)ی راگەیاندووە، وەزارەتی دارایی بەنیازە هەمواری پێویست لە بودجەی گشتیدا بکات، كە بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی، بەرپرسە لە ئامادەكردنی بودجەدا، پێش ئەوەی هەمواركردنەكان بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندكردنی و بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.

راشیگەیاند، عیراق لە بەرامبەر رووبەڕبوونەوەی هەردوو قەیرانی تەندروستی و داراییدا، پشتیوانیی بەهێزی نێودەوڵەتیی لەلایەن كۆمەڵەی هاوپەیمانیی دارایی بەدەستهێناوە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەركەوتنی عیراق لە بواری دیپلۆماسییەت و بەردەوامیدان بە وتووێژەكانی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندا.

ئاماژەشی بەوەشداوە، پێكهێنانی لیژنەی باڵای چاكسازی خۆی لەخۆیدا هێزێكی ناوەندی جێبەجێكردنە بۆ ئیدارەدانی چاكسازیی ئابووری و بەگەڕخستنەوەی ئابووریی نیشتمانیی بەدیدگایەكی یەكگرتوو و لەسەر هەمان بنچینەی وەرەقەی سپی.

روونیشیكردۆتەوە، لەسەرەتاوە وەرقەی سپی پرەنسیپێكی ناوەندیی بوو بۆ چاكسازی و لەكاتی جێبەجێكرنیدا دەبێت گۆڕانكاری لەئاراستەكانی ئابووریی نیشتمانیدا دروست بكات و ئابووری سست و قەیرانە ئابوورییە دووبارەكان بەرەو ئابوورییەكی سەقامگیر و گەشەسەندووی بەردەوام ببات.

پێشتریش، حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو، لیژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو هەموارانەی لە بودجەی ساڵی 2021دا دەکرێت.

 78 جار بینراوە