سەرەکی » ئاراستە » کچێکی دەستڕەنگین

کچێکی دەستڕەنگین

ئا:تانیا

دەست ڕەنگینی و کاری دیزاینت بۆ کەی دەکەڕێتەوە و هۆکاری چی بوو ؟
– دەسپێکی کاری دیزاین بە شێوەیەکی فەرمی ساڵی ٢٠١٦ بوو ، ئارەزوو خولیای مناڵیم ڕێکخستن وڕازاندنەوەی ناوماڵ بوو دواتر حەزم ئەکرد بە شێوەیەکی ئەکادیمی پەرە بە کارەکەم بدەم حەزم ئەکرد زانکۆی ئەندازیاری دیکۆری داخلی بخوێنم ، بەڵام بەداخەوە من وێژەیی بووم و نەمئەتوانی ئەم بەشە زانستی یە تەواوبکەم لەگەڵ ئەوەشدا بێ هیوانەبووم و دەستم کرد بە کاری دیزاین لە خوێندنەکەشم بەشی کارگێڕی کار سودی هەبوو بۆم .
هەمیشە وابووە کاتێ ژنێک کارێک دەکات چاوەکان لەسەری زیاتر ئەبن یاخود وەرگرتنی لەلایەن کۆمەڵگەوە ئاسان نابێت کارەکەی تۆ چۆن بوو ؟
– ڕاستە بێگومان بە ڕێژەی گشتی کارکردنی ژنان تێڕوانێکی ئیجابی وەرناگرێت دواتر بە تێ پەڕ بوونی کات بەرەوئاسایی بونەوە ئەڕوات ، خۆشبەختانە لای من قبوڵ کردنەکەی زۆر ئاسایی بوو بەتایبەت لەلایەن خێزان و هاوڕێکانم ئەمەش بۆ من گرنگتربوو دواتریش لای کەسانی تر بە هەمان شێوە بوو.
کارە دەست ڕەنگینی یەکانت بۆچەند مەبەستێکی دیاری کراوە یاخود هەمووکارێکی دیزاین و ڕیکخستنە ؟
– هەمووکارێک دەکەم کە پەیوەندی بە دیزاینەوە هەبێت بەتایبەت کاری بۆنە و ئاهەنگەکانان کە زیاتر پەیوەندی بە خانمانەوە هەیە وەک ڕازاندنەوەی مێزی مارەکردن و ئاهەنگی گواستنەوە یان ڕۆژی لە دایک بوون ئەمە بۆ مناڵانیشە هەر بابەتێکی تر لەم چوارچێوەیەدا بێت من کاری لەسەر دەکەم .
کاردانەوە و پێشوازی خانمان لەسەر کارەکانت چۆن بووە بەو جۆرە بووە کە خۆت چاوەڕێت دەکرد ؟
– کارەکەی من لەبەر ئەوەی زیاتر پەیوەندی بە خانمانەوە هەیە بەڵێ زۆر بە دڵخۆشیەوە دوای تەواو بونی کارەکە، بینیومن و دەستخۆشی زۆر یان لێ کردووم منیش هەوڵم یاوە بە دڵی ئەوان بێت بۆیە پشتگیری بەردەوامم لێ دەکەن .
کارەکەی تۆ ئۆنلاینە هەوڵی ئەوەت نەیاوە فراوانی بکەیت و خانمانی دیکەش سودمەندبن لە فێرکاریەکانت؟
– پێمخۆشە لە داهاتوودا ئەوکارە بکەم و لە بەرنامەدا هەیە وەخانمانیش داوام لێ دەکەن چۆن دەست بکەن بەکار یان داوای هاوکاری ڕێکخستینی ماڵ و بۆنەکانیانم لێ دەکەن، بەڵام ئەگەر هاوکاری و دەرفەتی باش هەبێت ئەوا لە شوێنێکی باشتردا ئەتوانم پەرە بە کارەکەم بدەم و خانمانی تر فێربکەم.
تاچەند گرنگە ژن ببێتە خاوەن کاروئابووری و بونی خۆی بسەلمێنێت ؟

– جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا نییە ژنیش پێویستی بە داهات و کاری خۆیەتی پشت بەخۆی ببەستێ و خێزانەکەی پاڵپشتی بن ئەوا هیچ جۆرە سەرسوڕمانێکی تێدانییە بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستەدا ژنیش پێویستە کاربکات ، هیچ شتێک مەحاڵ نییە حەزو و ئارەزووەکانی نەنێژێت بۆهیچ کارێک نەڵێت ناتوانم، چونکە دڵنیام سەرکەوتوو ئەبێت .
هیچ گرفتێک هەیە لەبەردەم کارەکەت یان چی بێزارت دەکات ؟
– تاکە شت کە بێزارم دەکات ئەوەیە کە هەندێ کەس ئەڵێن دیزاین کارێکی ئاسانە و هیچی ناوێت، بەڵام ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە دیزاین کاری زۆروکاتێکی زۆری ئەوێت ، یان کەوێنەی دیزاینێک ئەبینم هەڵەی زۆری تێدایە هەستی پێ نەکراوە ئەمە خۆی وردەکاری و ووردبینی یە هەرکەس ئەم کارە بکات دەبێت بچوکترین هەڵە و ناڕێکی بەسەریدا تێ نەپەڕێت تا کارێکی جوان و ناوازە دەربچێت .
دیزاین و رێکخستنەکان بەخواستی خۆتە یان داوات لێ دەکەن بە جۆروشێوازێکی دیاری کراوبێت ؟
– من بەهیچ جۆرێ کاری کۆپی ناکەم بیرۆکەو شێوازی تایبەتی خۆمم هەیە ئەوکارانەی لێم داوادەکرێت خواستەکانیان ڕەچاو دەکەم بە گۆڕینەوەی بیروڕای هەردوولا زۆر جاریش کە شێوازەکانی خۆم پێ وتوون ئەوەیان بەدڵ بووە یان خۆیان پێم ئەڵێن کارێکی تایبەتیان بۆبکەم واتە خواستەکە ئەدەنەوە دەست خۆم.
تاچەند گرنگی بە داب و نەریتە کوردەواریەکان ئەدەی یان کارەکان زیاتر مۆدێرنن؟
– لە ئێستادا زۆر شێوەی مۆدێرن بەکار ئەهێنم ناتوانین دەست بەرداری داب و نەریتە کوردەواریەکانیش ببین بەتایبەت لە ئاهەنگی مارەکردن و خەنە بەندانا زۆربەی کەل و پەلەکان هەمان شتن، بەڵام وەک ڕێکخستن شێوازێکی جوانتری پێ دەدەین .

 1,595 جار بینراوە