سەرەکی » مانشێت » ڤاكسینی كۆرۆنا دەگەیەنرێتە هەرێم ‌و عیراق

ڤاكسینی كۆرۆنا دەگەیەنرێتە هەرێم ‌و عیراق

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند: ئەمڕۆ یەكەم كاروانی ڤاكسینە چینییەكەی كۆرۆنا دەگاتە هەرێم ‌و ناونووسین بۆ پێدانی ڤاكسینەكە لە بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان دەستیپێكردووە.

بەپێی هەواڵێكی PUKmedia، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم كاروانی ڤاكسینی كۆرۆنا بگاتە هەرێم، كە بڕەكەی 5 هەزار دۆس-ی ڤاكسینە و لەسەر داوای كونسوڵی چین، لەلایەن ئەو وڵاتەوە دراوە بە هەرێم. وتیشی: پێش بەكارهێنانی، ئەو ڤاكسینە پێویستی بە پشكنینە، دواتر دەست بە بەكارهێنانی دەكرێت و هەزار دۆس-یان بۆ ئەو هاووڵاتییە چین-یانەیە كە لە هەرێمن و چوار هەزارەكەی تریش كە بەشی نزیكەی دوو هەزار كەس دەكات، بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیدا دابەشی دەكەین.

وەزیری تەندروستی هەرێم راشیگەیاند: لە بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكاندا ناونووسین دەستیپێكردووە بۆ پێدانی ڤاكسین بەو كەسانەی لە سەرەتادا وەریدەگرن. وتیشی: ئەم كاروانە بەشی هەموو كارمەندانی تەندروستی ناكات كە لە سەرەتادا ڤاكسینی كۆرۆنایان پێدەدرێت، بەڵام چاوەڕێین بەم نزیکانە لە بەغداوە بڕێك ڤاكسین بگەیەنرێتە هەرێم، بەڵام دەبێت خەڵك بزانێت كە جێگرەوەی ڤاكسین، تەنها بەستنی ماسك و خۆپارێزییە.

لەلایەكی دیكەوە، كەناڵەكانی راگەیاندن لە زاری سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراقەوە بڵاویانكردەوە: كاروانێكی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری سینۆفارم-ی چینی دەگەیەنرێتە بەغدا، پاشان دوو جۆری تری ڤاكسین لە جۆری فایزەر بایۆنتیك و ئەسترازینكا، بە شێوەیەكی گشتی تا كۆتایی مانگی ئازار زیاتر لە سێ ملیۆن دۆس-ی ڤاكسینی كۆرۆنا دەگەیەنرێتە عیراق.

چەند رۆژێك لەمەوبەریش، ریاز حەلفی بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند: زۆربەی وڵاتانی جیهان كێبڕكێیانە لەسەر كڕینی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا، بەپێی ئامارەكانیش، زیاتر لە 263 ملیۆن كەس دۆزی ڤاكسینەكەیان پێدراوە.

روونیشیكردەوە: زۆربەی ڤاكسینەكان كاران و سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، تا ئێستاش هیچ توێژینەوەیەكی زانستی نەكراوە كە بیسەلمێنێت ڤاكسینەكان سەركەوتوو نەبوون. وتیشی: بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، یەكەم كاروانی ڤاكسینی ئەسترازینیكا بگەیەنرێتە عیراق.

هەروەها د.هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە گەلی كوردستان-ی راگەیاندبوو: لە هەرێم ئامادەكاریی كراوە بۆ وەرگرتنی ئەو ڤاكسینانەی كۆرۆنا، كە لە مانگی ئازاردا دەگەیەنرێنە عیراق.

 309 جار بینراوە