سەرەکی » راپۆرت » ترەمپ لە داڤوسەوە بەرگری لە دروشمی ״یەکەمجار ئەمریکا״ دەکات

ترەمپ لە داڤوسەوە بەرگری لە دروشمی ״یەکەمجار ئەمریکا״ دەکات

کۆربەندی دافوس کەیەکێکە لەکۆبوونەوە جیهانییەکان و هەمووکاتێک دەبێتە مایەی گرنگی پێدانی میدیا و ناوەندە سیاسیی و ئابوورییەکانی جیهان، ئەمساڵیش بۆیەکەمجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەشداری ئەم کۆڕبەندە بوو. ئەمەش وایکرد کەفۆکسی میدیاکانی جیهانی بەربکەوێت و لێدوانەکانی ببنە مایە‌ی گرنگی پێدان. لەم کۆڕبەندەشدا ، ترەمپ بەرگری لەسیاسەتی «یەکەمجار ئەمریکا» ی کرد. ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی زۆرێک لەسەرانی ئەوروپا و جیهان.

ترەمپ داکۆکی لەسیاسەتەکانی دەکات
لەگەڵ گەیشتنی بۆ کۆڕبەندەکە دۆناڵد ترەمپ بەرگری لە سیاسەتە ئابووریەکانی خۆی کرد کە بریتییە لە سەپاندنی « باج و کەمکردنەوەی بەهای دراوی دۆلار و دژایەتیکردنی گلۆبالیزم» ئەمەش خۆی لەسیاسەتی « یەکەمجار ئەمریکا» دەبینێتەوە. هەرچەندە ئەمەش دژی ئەو سیاسەتە تەقلیدییە‌ کەئەمریکا پێشتر لەجیهاندا پێڕەوی دەکرد و بەیەکێک لەداکۆیکەرانی گلۆبالیزم و ئابووری ئازاد دادەنرا.

شیکردنەوەی سیاسەتەکانی
لەوتەکەیدا ترەمپ رایگەیاند: هەمیشە ئەمریکا دەخەمە پێش هەموو شتێک، منیش هەمان سیاسەتی سەرۆکەکانی تری جیهان پێڕەو دەکەم، کاتێک دەوڵەتەکەیان دەخەنە پێش هەموو شتێکەوە. راشیگەیاند: سیاسەتی ئەمریکا یەکەمجار، مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا خۆی لەجیهان داببڕێت و پەراوێز بێت و بەتەنها بمێنێتەوە. وتیشی: ئەمریکا لەهاوکاری دەوڵەتانی جیهان بەردەام دەبێت و کاتێک ئەمریکا پێشبکەوێت جیهانیش پێشدەکەوێت،چونکە گەشەسەندنی ئابووری ئیەمرکا، هەلی کاری زۆری لەجیهاندا بۆخەڵكی تر رەخساندووە. وتیشی: گەشەسندنی ئەمریکا لەرووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە،وایکردووە کەیامەرتی هەموو دانیشتوانی جیهان بدات، کەژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەریان هەبێت و سوود لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن.

داوای بودجەی سەربازی زیاتر دەکات
لەبارەی سیاسەتی سەربازیشەوە ترەمپ سیاسەتێکی نوێی راگەیاند: ئەمڕۆ ئێمە لەجیهاندا رووبەروی کۆمەڵێک دەوڵەتی ناپەسەند و رێکخراوی تیرۆریستی دەبینەوە، لەبەرئەوە داواکارم لەدەوڵەتە هاوپەیمانەکانمان، لەبواری سەربازیدا پارەی زیاتر تەرخان بکەن ، چونکە تەنها لەرێگەی ئاسایشێکی دەستەجەمعیەوە دەتوانین رووبەروی دەوڵەتە ناپەسەندو تیرۆریستان بینەوە.

جیهان پێویستە رووبەروی کۆریای باکوور و ئێران ببنەوە
لەلایەکی ترەوە ترەمپ داوای لەهەموو جیهان کرد، کەفشاری زیاتر بخەنە سەر کۆریای باکوور، چونکە بەرنامە ئەتۆمیەکانی ئەم وڵاتە بۆتە ترسی گەورە بۆسەر ئاسایشی ئاشتی جیهان. لەهەمانکاتیشدا داوایکرد، کەجیهان رێگە نەدات ، ئێران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی،چونکە ترسی بۆ ناوچەکە و جیهان دەبێت.

دابەزنی بەهای دۆلار سوودە یان زەرەر بۆ ئەمریکا و جیهان؟
لەو گۆرانکارییە سەیرانەی کەلەبواری سیاسەتی ئابووریدا ئەمریکا پێڕەوی دەکات، دابەزینی نرخی دراوی دۆلارە. هەفتەی پێشوو تەواوی جیهان سەیریان لە وتەکانی ستیفن منوچین وەزیری خەزانەی ئەمریکا هات، کاتێک لە دافوس رایگەیاند: دۆلارێکی لاواز سوودی بۆ ئێمە دەبێت. ئەمەش دژی ئەو سیاسەتەی پێشووی ئەمریکایە، کەپشتگیری دۆلارێکی بەهێزی دەکرد.

سوودی بۆ هەناردەی ئەمریکا دەبێت
دابەزینی بەهای دۆلار لەبەرامبەر یۆرۆ و دراوەکانی تری جیهان، سوود بە هەناردەکانی ئەمریکا لەجیهاندا دەگەینێت. هەرچەندە ئەمە بەزەرەر بۆ زۆرێک لە دەوڵەتانی جیهان دەشکێتەوە لەسەروهەمووشیانەوە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

بۆوە مایەی نیگەرانی خەڵکی تر
جێگەی ئاماژەیە جگە لە لێدوانەکانی ترەمپ ، لێدوانەکانی وەزیری خەزانەی ئەمریکاش بووە مایەی نیگەرانی لای زۆرێک لەبەرپرسانی ئوروپای وجیهان. لای خۆیەوە کرستین لاگار بەرێوبەری بانکی دراوی جیهانی ، داوای روونکردنەوەی لە ستیفن منوچین کرد.
دەرئەنجام دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەمریکا لەسایەی دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەیدا لە کۆشكی سپیدا، گۆڕانکاری ریشەیی لەسیاسەتی ئابووریی و سیاسەتی دەرەکیی و ناوخۆییدا دەکات، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر کاریگەری گەورەی بەسەر جیهان دەبێت، چونکە ئەمریکا زلهێزێکی گەورەی جیهانە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان

 999 جار بینراوە