سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » خوێندنەوەیەك بۆ شكست

خوێندنەوەیەك بۆ شكست

بەپێوەری «تیۆری مێژوویی بۆ دیاردەكان». دۆخی شكست، یان داكشانی كایە جیاوازەكان لەهەر كۆمەڵگەیەكداو لەقۆناغە جیاوازەكانی مێژوودا؛ تێناپەڕێت ئەگەر ئەو شكستە بەباشی نەخوێنرێتەوەو ئەزموون نەكرێت. ئەم پرسەیش مایەی ململانێی چەندان دەیەبوو لەنێوان رۆشنبیران و فەیلەسوفانی سەدەكانی ناوەڕاست لەگەڵ پیاوانی فەندەمێنتاڵیست و ئاینیدا لەئەوروپا.
پاڵپشت بۆ ئەم تێزو بڕوایە، ئەگەر لەباری شكست لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا بڕوانین، دەبینین كە ئامادەیی بەردەوامی شكستەكان لەدنیای سیاسی و ئابووریی و سەربازی و …هتدی كوردیدا، سەلمێنەری راستییەكە كە چارەسەری كۆتایی بۆ هەر شكستێك نەدۆزراوەتەوەو لەخاڵی دەستپێكی هەر شكستێكدا خاڵی كۆتاییشی بۆ دانەنراوە.
یاخود، پڕۆژەی خوێندنەوەمان بۆ تێپەڕاندنی شكستەكان نییەو شكستەكان نەبوونەتە ئەزموون بەدرێژایی مێژووی كورد. بۆیە دووبارەو سێبارەی شكستەكان لەناو رێڕەوی مێژووییماندا سەرهەڵدەداتەوەو نەمری خۆیانمان بۆدەسەلمێنن، یاخود گورزی گەورەیان لە خەونی دەوڵەتسازیی و یەكێتی نیشتمانیمان داوە.
سەبارەت بەهەموو ئەو شكستانەش كە چوونەتە مێژووی دوورو نزیكی كوردەوە، دەبینین لەنێوان خوێندنەوەی جدی و رەخنەی پۆپۆلیستی و ئامانجداریشدا، نە رەخنەیەكی جدی و زانستی دەبینین كە خزمەت بە دۆخی پاشكەوتووی كورد بكات لەسایەی شكستەكاندا، نە خوێندنەوەیەكی قووڵیش دەبینین كە شۆڕببێتەوە بەمێژووی كوردداو بگاتە رەگە مێژووییەكانی هۆی روودانی ئەم شكستانەی لە دنیای كوردەواریدا هەیە.
مادام شكستەكان لە دنیای كورددا؛ یەك جۆرن، لەچەندان وێستگەو مێژووی جیاوازدا، لەسەر دەستی چەندان نەیاری جیاوازو دراوسێ، ئەوا تێگەشتن لە هۆكاری ئەم شكستانە ئاسانە كە؛ ئەویش نەبوونی دنیابینی و وردهەڵسەنگاندنی شكستەكانە بۆ گەیشتن بە چارەسەری پێویست و ئەزموونكردنیان. لەكاتی غیابی ئەم خوێندنەوە جدییەشدا، هێزێكی مادی و مەعنەوی و لۆجستیش نەبووە كۆمەك بە گەلێكی مێژوویی وەك كورد بكات بۆ تێپەڕاندنی گێژاوێك لە شكستی قورس و كەڵەكەبوو.
ئەگەرچی ئێمە ئەم شكستانە ناودەنێین یەك جۆرو هەموو شكستە گەورەكانمان لەبواری نەتەوەیی و نیشتمانیدا بووە، لەبەرامبەر نەیارێكی سەد ساڵەدا، بەڵام لە فەرهەنگی سیاسیی كورددا رەنگی جیاوازو هۆكاری زیاتری بۆ زیادكراوەو دابەشكراوە لەنێوان لایەنێكی خەتاباری كوردی و لایەنێكی بێخەتای! كوردیدا. بۆیە رەنگە ئەمەش یەكێكی تربێت لە هۆیەكانی نائامادەیی خوێندنەوەیەكی جدی بۆ شكستەكانمان لەمێژوودا.
بەمانایەكی دیكە. ئەگەر خوێندنەوەیەكیش هەبێت بۆ كۆی گشتیی شكستەكان، خوێندنەوەیەكی جدی نییەو خوێندەوەیەكی حزبییە كە لایەنێك وێنەكانی شكست دەخاتەوە بیری لایەنێكی تر. ئەمەش نەك ناچێتە خزمەت پرۆسەی دەوڵەتسازیی و تێگەشتن لە شكستەوە، بەڵكو رەخنەیەكی ئامانجدارە بۆ ناشیرینكردنی ئەویدترو رەخنەیەكە پێش هەر شتێك وەزیفەی ئەخلاقیی خۆیی ونكردووە.
گواستنەوەی چەمكی شكست لەهەر كایەیەكەوە بۆ نێو فەرهەنگ و هەندێكجاریش بۆ سەر رووپەڕی میدیاو شاشەكان و دواتر بۆسەر زمانی هەر تاكێك، ونكردنی هۆی راستەقینەی روودانی شكستەكانە لە مێژووی كورددا.
ئەم ونكردنەش خزمەت بە شكستی هەر پڕۆژەو هەوڵێكی جدی دەكات بۆ لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەكی وردی كۆی گشتی شكستەكانی كورد بەدرێژایی مێژوو.

 248 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*