سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » زۆرانبازیی ئەمریكاو ئێران لە عیراقدا دەگاتە کوێ؟

زۆرانبازیی ئەمریكاو ئێران لە عیراقدا دەگاتە کوێ؟

*وا نزیكەی 15 ساڵی رەبەقە كە رژێمی بەعسی سەدامی رووخاوە لەعیراقدا بەهێزی هاوپەیمانان بەڕابەرایەتیی ئەمریكاو ئیدی لەوكاتەوە گەلان و خاكی عیراق رزگاریان بووە لە دڕندەترین رژێمێكی تاكڕەو و ستەمكاری سەدەی بیستەم، هەرچەندە ئەمە دەستپێك و سەرەتای قۆناغێكی نوێ‌ بوو بۆ گەلانی عیراق و مایەی دڵخۆشیان بوو، بەڵام لەدوای ئەو مێژووەوە‌و بەدرێژایی ئەم 15 ساڵەی رابردوو نە گەلانی عیراق و نە ناوچەكەش ئارامییان بەخۆیانەوە نەبینیووە، كە هەمووانیان وایان دەزانی رژێمەكەی سەدام حسێن هۆكاری ئەو گرژیی و نائارامییە بووە، بەڵام لەئێستادا بۆیان دەركەوتووە كە ئەوە ململانێ ناوخۆییەكانی نێوان حزب و سەركردە سیاسییەكان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە ململانێ‌ نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییە جیاوازەكان هۆكاربوون و لەپاڵ ئەمانیشدا ململانێ‌ ناوچەییەكان و نێودەوڵەتیەكانیش بە بەهێزییەوە ئامادەییان هەبووە. بۆیە ماوەی ئەم 15 ساڵەی رابووردوو، گەلانی عیراق بەری رەنجی چەندین ساڵەی خەبات و قوربانییەكانی 30 ساڵەی قۆناغی رژێمی سەدام حسێنیان نەچنییەوە تا رووبارێك خوێن و فرمێسك و قوربانیی تری هاتەسەرو تائێستاش بەردەوامیی هەیەو ئەوسەری رێگاو تونێلەكەش ناڕوون و نائاشكرایە بۆ ئایندە.
*وڵاتانی ناوچەكەو زلهێزەكانیش هەریەكەیان بە پێی تواناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەستیان وەرداوەتە ناو كاروباری عیراقەوەو هەریەكە بەمەرامێك و بۆ جێگە كردنەوەی پێگەیەكی شیاو لە ئایندەی عیراقی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی و ..هتد، گەرەكیانە بمێننەوەو لەو پێناوەشدا ململانێ‌ دەكەن.
*لەناو هەموانیاندا ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران زۆر ئاشكرایەو زۆریش توندەو هەریەكەیان كێبكڕكێی ئەویتریان دەكات بۆ سەركەوتن و بەئامانج گەیشتنیان لە چەسپاندنی دەسەڵات و هەژموونی سیاسی و ئابووریی و سەربازیی خۆی لە عیراقدا. ئێستا عیراق بۆتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ ململانێ‌ نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەتیش ئێران و ئەمریكا. هەردووكیان گرنگی تەواو دەدەنە ئایندەی عیراق، چونكە باش لەگرنگی و كاریگەریی جێگە و پێگەی عیراق دەزانن لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونكە عیراق وڵاتێكی دەوڵەمەندو بەهێزو خاوەن 38 ملیۆن كەس و یەدەگێكی زەبەلاحی نەوت و غازی سروشتییەو پێگەو هەڵكەوتەیەكی جیۆسیاسی گرنگی هەیە لە ناوجەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستداو دەڕوانێتە سەر وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و دەروازەی وڵاتانی عەرەبییە بۆ ئێران و هەریەكێك لە ئێران یان ئەمریكا بتوانێت عیراق كۆنتڕۆڵ بكات، وەكو ئەوە وایە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆنتڕۆڵ كردبێت. بۆیە ئەم ململانێیانەی ئێران و ئەمریكا بەتەنها لەعیراقدا نەماوەتەوە، بەڵكو پەلی كێشاوە بۆ تەواوی ناوچەكە لە سوریا و لوبنان و فەلەستین و میسر و یەمەن و عومان و بەحرەین و …هتد.
پڕیشكی ئەم ململانێ یان زۆرانبازییە دوو قۆڵییە پەلی هاویشتووەو مەترسیشی دروستكردووە بۆسەر نفوزو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو رۆژئاواو هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا بەوێنەی سعودیەو میسرو ئیسرائیل. هەربۆیە پێناچێت ئەم ململانێیە بەئاسانی كۆتایی پێبێت و كۆتاییەكەشی كۆتاییەكی مەترسیدارو خوێناویش دەبێت بۆ ناوچەكە، چونكە لەلایەك هیچ كامیان پاشەكشە ناكەن و لەلایەكی تریشەوە بۆخۆی ئاگری شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەكانی هێشتا بەتەواوەتی كۆتایی نەهاتووە.
ئێران وەك زلهێزێكی ناوچەیی خۆی نمایش دەكات و هەرچی هەوڵی هەیە بۆ پاوانكردن و فراوانكردنی دەسەڵات و نفوزی خۆیەتی و پاڵپشتیشی هێزە رۆحی و ئاینی و مەزهەبییەكەیەتی لەناو گەلانی ناوچەكەداو هەرچی ئەمریكاشە وەك زلهێزێكی جیهانی مەبەستی دەستبەسەراگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی ناوچەكەیە لەڕووی سیاسی و ئابووریی و ئەمنیەوە، چونكە ئەم ناوچەیە بۆ زلهێزەكانی خۆرئاواو خۆرهەڵاتیش گرنگیی خۆی هەیە.
*ئێستا ئەمریكا لەسەر زەمینەی واقیع و لەناو پێكهاتە جیاوازەكانی عیراقدا بە رادەی ئێران نەیتوانیووە سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەهۆی لایەنگریی زۆرینەی شیعە مەزهەبی عەرەبییەوە بۆ ئێران و هەرواش سوننەی عەرەب و كوردیش لەبێ‌ بەڵێنی ئەمریكا وڕس بوون و شكستە سیاسی و سەربازییەكانیان بۆ ئەمریكا دەگێڕنەوەو توركمانەكانیش توركیا بە پاڵپشتی راستەقینەی خۆیان دەزانن و كەمینەی مەسیحییەكانیش لەو نێوەندەدا بێ‌ دەسەڵات ماونەتەوە.
ئێستا زۆرانبازییەكی ئەمریكا و ئێران لە پاڵپشتی هەریەكەیان دەردەكەوێت بۆ سەركردەو حزبە سیاسییەكان لە پێكەوەنانی لیست و قەوارەو هاوپەیمانێتییەكانیان بۆ هەڵبژاردنی ئایندەو هەریەكەشیان گەرەكێتی لایەنگرانی خۆیان سەركەوتووبن تابتوانن بۆ 4 ساڵی ئایندە بەردەوامیی بە هەژموون و مانەوەیان لەعیراقدا بدەن.
هەربۆیە ئەم زۆرانبازییەی نێوان ئەمریكاو ئێران لەسەر حسابی خاك و گەلانی عیراق بۆ ماوەیەكی تریش بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی ئەگەر ئەمریكا بتوانێت گۆڕانكاریی لەسیستمی سیاسیی ئێراندا دروست بكات ‌و مەگەر بەمە بتوانێت سەركەوتنی كۆتایی بەدەست بێنێت، بەڵام ئەم كارەش بۆخۆی نە ئاسانەو نە لەئایندەیەكی زوودا دێتەدی، بەڵكو هێندەی تر ناوچەكە رووبەڕووی مەترسی و جەنگێكی تری تیرۆریستی دەكاتەوە، هەربۆیە ئایندەی ململانێكە و كۆتایی چارەنووسی عیراق و ناوچەكەش بەتاریكی و لێڵی دەمێنێتەوە و نائارامی لە ناوچەكەشدا بەردەوامیی دەبێت.
Nawzad_mohandis@yahoo.com

 130 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*