سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ته‌نها نا ئومێدیه‌ قورسه‌كان پشت ده‌چه‌مێننه‌وه‌

ته‌نها نا ئومێدیه‌ قورسه‌كان پشت ده‌چه‌مێننه‌وه‌

پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بۆ فیلمی the glass castle

ئا: سیڤا ئازاد

هه‌ندێكجار وه‌ك بینه‌ر تووشی سه‌ر لێشێوان ده‌بین له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێك فیلمدا چیرۆكه‌كانیان دووباره‌یه‌‌و هیچی نوێیان تێدا نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سۆزمان بۆی هه‌یه‌‌و به‌دڵمان ده‌بێت‌و ناتوانین ره‌خنه‌ی لێبگرین زۆر به‌ئاسووده‌ییش ته‌ماشای ده‌كه‌ین، فیلمی the glass castle یه‌كێكه‌ له‌و فیلمانه‌.
فلیمی the glass castle ساڵی 2017 به‌رهه‌مهێنراوه‌، مانگی ئابی هه‌مان ساڵ نمایشكرا، له‌ده‌رهێنانی «دێستین دانیاڵ كریتۆن»ه‌ كه‌به‌شداریشی كردووه‌ له‌ نوسینیدا، چیرۆكه‌كه‌ له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی «جانێت وۆڵس» وه‌رگیراوه‌ كه‌ له‌ساڵی 2005 به‌هه‌مان ناونیشان بڵاوی كرده‌وه‌.
رووداوه‌كان به‌ رۆژنامه‌نووسی سه‌ركه‌وتوو جانێت «بری لارسۆن» ده‌ستپێده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی له‌رێستۆرانتێكی گرانبه‌ها بۆ نانخواردنێكی ئێواره‌ی تایبه‌ت به‌كار دانیشتوون، به‌ رووخۆشی‌و قسه‌ خۆشه‌كانی زیره‌كیه‌كه‌ی ، چیرۆكی دایك‌و باوكه‌ به‌رێز‌و سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی ئه‌ندازیار‌و هونه‌رمه‌ند سه‌رسام ده‌كات، به‌ڵام كه‌ له‌رێستۆرانته‌كه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بینین خۆیان ده‌كێشن به‌ پیاوێكی بێ لانه‌‌و هاوسه‌ره‌كه‌یدا، دوایی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت دایك‌و باوكیه‌تی.
بۆ زانینی چیرۆكی پشت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ فلاشباك ده‌گه‌رێینه‌وه‌ رابردوو بۆ ناسینی ئه‌م خێزانه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێكهاتووه‌ پیاوه‌ زیره‌كه‌ خاوه‌ن خه‌یاڵه‌ فراوان‌و دیده‌ جیاوازه‌كان بۆ جیهان ریكس «وودی هارلسۆن»، هاوسه‌ره‌كه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ بۆهه‌یمیه‌كه‌ رۆزماری (نایۆمی واتس) له‌خانوویه‌كی هه‌ژاردا له‌ناو دارستاندا ده‌ژین، به‌زۆر ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه‌ په‌یدا بكه‌ن ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زۆر جێ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خێزانه‌یه‌ له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر.
باوكه‌كه‌ ناتوانێت له‌ چه‌ند مانگێك زیاتر له‌كاردا بمێنێته‌وه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: ئالوده‌ی كحوله‌، كه‌سایه‌تیه‌كی توندی هه‌یه‌، رۆحی كه‌ جێگیربوونی ده‌وێت، به‌م هۆیه‌ش منداڵه‌كانی منداڵیه‌كی تراژیدی‌و سه‌خت ده‌ژین ته‌نها خه‌ونی دروستكرنی قه‌ڵا شوشه‌ییه‌كه‌ باری سه‌رشانیان سوك ده‌كا كه‌ به‌رده‌وام باوكی به‌ڵێنیان پێده‌دات رۆژێك له‌ رۆژان بۆیان دروست بكات.
ناتوانرێت به‌راورد له‌نێوان چیرۆكی ئه‌م خێزانه‌‌و خێزانێكی تردا نه‌كرێت ساڵی رابردوو ته‌ماشا كراوه‌ له‌ فیلمی captain fantastic نواندنی فیجۆ مۆرتیسن كه‌ پاڵێورا بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ ئه‌م رۆڵه‌ی، ئه‌م فیلمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ چیرۆكی خێزانێكه‌ دایك‌و باوكه‌كه‌ بڕیار ده‌ده‌ن منداڵه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز په‌روه‌رده‌ بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی فێریان بكه‌ن، له‌ دارستانێكه‌وه‌ ده‌یان به‌نه‌ دارستانێكی تر تاكاروانی گه‌شته‌كه‌یان تووشی رووداوێكی ناخۆش ده‌بێت باوه‌ریان به‌ ژیان ده‌ڕوخێنێت. فیلمی captain fantastic راستیه‌كی بێ بوون‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی روونه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م به‌راوردكردنه‌ وای له‌چه‌ندین هه‌ڵسه‌نگاندن كردبێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی فیلمی The glass castleدا نه‌بێت، قورسه‌ ره‌خنه‌گران‌و بینه‌ر بتوانن دوو چیرۆكی تاڕاده‌یه‌ك لێكچوو له‌دوو ساڵی یه‌ك له‌ دوای یه‌كدا قبوڵ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پلانی به‌فیلم كردنی هه‌یه‌ به‌ڵام ئاشكراوه‌ نه‌كراوه‌ هۆی لێخۆشبوون بۆی.
هه‌ردوو چیرۆكه‌كه‌ ئازاربه‌خشن بینه‌ر ناتوانێت هه‌روا به‌ئاسانی تێیپه‌ڕێنێت، له‌وانه‌یه‌ چیرۆكی فیلمی The glass castle راستگۆیانه‌تربێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خانمێك وه‌رگیراوه‌ كه‌ ئه‌م منداڵیه‌ تاڵه‌ ژیاوه‌، توانیویه‌تی له‌قۆناغی پێگه‌یشتندا له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا ئاشت ببێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگترین خاڵ نواندنه‌، بری لارسۆن رۆڵێكی زۆر جوان‌و سه‌رنج راكێشی هه‌بوو كه‌پێشتریش له‌فیلمی room ئه‌م به‌هره‌یه‌ی پێشانداوه‌ كه‌له‌گرنگترین رۆڵه‌كانی بوو ، له‌نێوان خاتونێكی سه‌ربه‌خۆ‌و سه‌ركه‌وتوو هه‌روه‌ها لاوازی ژنێكدا كه‌ ناتوانێت رابردوو له‌بیر بكات‌و پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت‌و ناتوانێت له‌و كه‌سانه‌ خۆشببێت كه‌ ئازاریان داوه‌‌و نزیكترین كه‌سه‌كانی خۆی بوون، ده‌كه‌وێته‌ نێو دوودڵیه‌كه‌وه‌ وای لێ ده‌كات به‌ ده‌ست به‌ستوویی له‌ئاماده‌بوونی رابردوودا بمێنێته‌وه‌.
ئێلا ئه‌ندرسۆن رۆڵی لاوی جانێتی ده‌بینی‌و رۆڵێكی زۆر لێهاتووی گێڕا كه‌له‌ ئاستی بری لارسۆن‌و وودی هارلسۆندا بوو، له‌كاتێكدا هارلسۆن له‌هه‌ر دیمه‌نێكدا رۆڵی گێرابێت به‌ته‌واوی چاوی بینه‌ری به‌لای خۆیدا راكێشاوه‌، توانی زۆر لێهاتووانه‌ رۆڵی‌ ریكسی باوك ببینێت ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ندێكجار زۆر بلیمه‌ت‌و هه‌ندێكجار به‌نده‌ی ئه‌لكهوله‌، خاوه‌نی رابردوویه‌كی گرانه‌ هه‌وڵده‌دات له‌باوه‌شی خێزانه‌ بچوكه‌كه‌ی‌و خۆشه‌ویستی هاوسه‌ره‌كه‌یدا له‌بیری بكات به‌ڵام هه‌رجارێك بۆ ساتێك لاوازی زاڵ ببێت به‌سه‌ریدا ده‌یگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ خاڵی سفر، ئه‌وه‌ی واده‌كات به‌راورد له‌نێوان باوك‌و كچه‌كه‌دا بكه‌ین هه‌ردووكیان كۆمه‌ڵێك یادگاری قورس‌و ناخۆشیان هه‌یه‌ ده‌توانێت ئێستا داهاتوویان وێران بكات به‌ڵام یه‌كێكیان ئه‌م بازنه‌ جه‌هه‌نه‌میه‌ی رووخاند‌و زاڵ بوو به‌سه‌ریدا‌و یه‌كێكیشیان خۆی به‌ده‌ستیه‌وه‌ دا.
نواندنی نایۆمی واتس زۆر ناسك‌و گونجاو بوو بۆ رۆڵی دایكێكی هونه‌رمه‌ند، رابردوویه‌كی رووخاوی هه‌یه‌‌و ته‌نها له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌وه‌ی رێزو نرخاندنی بۆ كاره‌ هونه‌ریه‌كانی دۆزیوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام رێز‌و خۆشه‌ویستی‌و پێزانینی بۆی هه‌بووه‌‌و وای لێكردووه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كانی پێش بچوكوكانی خۆش ببێت.
یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌كانی فیلمه‌كه‌ درێژنه‌كردنه‌وه‌ی كۆتاییه‌كه‌یه‌تی هه‌روه‌ها له‌كۆتاییدا په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نێت پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ چیرۆكه‌كه‌ راستییه‌ هه‌روه‌ك له‌ یاده‌وه‌رییه‌كاندا هاتووه‌ به‌ڵام سه‌ره‌تاكه‌ی مه‌نتیقی تره‌.
كاری ده‌رهێنانه‌كه‌ی تۆزێك ناڕوون بوو دێستن دانیاڵ كریتۆن شتێكی سه‌رنجڕاكێشی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، هه‌موو دیمه‌نه‌كان ئاسایی‌و چاوه‌ڕوانكراو بوون، ئه‌مه‌ش شتێكی سه‌یر نییه‌ له‌ پاش ئه‌و چاككردنه‌ی بۆ ده‌قه‌كه‌ی كردووه‌.
له‌كاتێكدا وێنه‌گرتنه‌كه‌ی زۆر ناوازه‌‌و سه‌رنج راكێش بوو به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ سروشتیه‌كاندا هه‌روه‌ها دیزایینی جل‌و به‌رگه‌كانیش زۆر بوو بۆ سه‌رده‌می هه‌شتاكان.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا له‌كۆتاییدا فیلمی The glass castle هێشتا فیلمێكی ناوازه‌یه‌‌و نه‌رم‌و نیانه‌‌و نواندنێكی ئاست به‌رزی تێدایه‌ وا ده‌كات له‌هه‌موو هه‌ڵه‌كانی خۆش ببێت‌و هێشتا فیلمێكه‌ شایه‌نی سه‌یر كردنه‌.

 656 جار بینراوە