سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » نێردەی وڵاتان دەگەڕێنەوە بۆ لیبیا

نێردەی وڵاتان دەگەڕێنەوە بۆ لیبیا

هەرچەندە لە ساڵی 2014 دا بەهۆی دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتەوە، زۆرێك لە وڵاتان باڵیۆزخانە ‌و نوێنەرایەتیی خۆیان لە لیبیا داخست، بەڵام ئێستا بەهۆی رێكەوتنی لایەنە ناكۆكەكان ‌و پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەرەوە، كەمێك دۆخەكە هێوربۆتەوە ‌و وڵاتانیش هەنگاو بەرەو كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیان لە لیبیا دەدەن.

فەرەنسا ‌و یۆنان ‌و ماڵتا ‌و میسر
لە یەكەم هەنگاویش بو ئاراستەیە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، فەرەنسا سەرلەنوێ باڵیۆزخانەكەی لە تەرابلوسی پایتەخت كردەوە ‌و دەستی بەكارەكانی كردەوە. بەبۆچوونی چاودێرانیش، ئەو هەنگاوەی پاریس ئاماژەیەكە بۆ گەڕانەوەی لەسەرخۆی سەقامگیریی بۆ ئەو وڵاتە.

بڕیارەكەی پاریس دوای دیدارێكی نێوان ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ‌و محەمەد مەنفی سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی لیبیا دێت. دوای فەرەنساش، چەند وڵاتێكی دیكە دەستپێكردنەوەی چالاكیی دیپلۆماسیی خۆیان لە تەرابلوس راگەیاند، لەوانە یۆنان ‌و ماڵتا ‌و میسر.

كوژرانی باڵیۆزی ئەمریكا
دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی موعەممەر قەزافی لە ساڵی 2011 دا، لیبیا پشێوی تێكەوت ‌و تەنگژەیەكی سیاسی بەدواداهات، كە دواتر ململانێی چەكداریی نێوان هەردوو دەسەڵاتی تەرابلوس ‌و هەرێمی بەرقە لە خۆرهەڵاتی لیبیای لێكەوتەوە، لەو نێوەشدا ژمارەیەك دیپلۆماتكاری وڵاتان رفێنران ‌و دەستدرێژیی كرایە سەر نێردە نێودەوڵەتییەكان، بەوهۆیەشەوە، زۆرێك لە دیپلۆماتكارانی بیانی ئەو وڵاتەیان جێهێشت. یەكێك لە دەستدرێژییە خوێناوییەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر نوێنەرایەتیی وڵاتان، رۆژی 11ی ئەیلولی 2012 بوو، كاتێك چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان لە بنغازی، پەلاماری كونسوڵخانەی ئەمریكایان دا ‌و چوار کەسیان كوشت، كە یەكێكیان باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بوو.

برینداربوونی دوو سەربازی فەرەنسی
لە تەرابلوسی پایتەختیش، لە مانگی نیسانی 2013، لە رێی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە باڵیۆزخانەی فەرەنسا كرایە ئامانج ‌و بەهۆیەوە دوو پاسەوانی فەرەنسی برینداربوون. دوای ئەوەش، حكومەتی پاریس باڵیۆزخانەی خۆی بۆ ئوتێلێك لە تەرابلوس گواستەوە ‌و لە مانگی تەمموزی 2014 شدا، فەرەنسا وەكو زۆرێك لە نوێنەرایەتیی وڵاتان لە لیبیا، باڵیۆزخانەی خۆی بۆ تونس گواستەوە، بەڵام ئیتالیا تاكە وڵاتی خۆرئاوا بوو، كە تاكو دوای ساڵی 2017، باڵیۆزخانەی خۆی لە پایتەختی لیبیا هێشتەوە.

رۆژی 10ی مانگی ئازاری رابردوو، حكومەتی راگوزەری لیبیا متمانەی پەرلەمانی وڵاتەكەی بەدەستهێنا، كە ئەركی یەكخستنی دامەزراوەكانی حكومەت ‌و رێكخستنی هەڵبژاردنی نیشتمانی بوو لە 24ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، لەوكاتەشەوە دۆخی سیاسیی لیبیا بە شێوەیەكی رێژەیی هێوربۆوە.

دوێنێش دەسەڵاتدارانی ئەمنی تەرابلوس، 120 چەكداری سەر بە خەلیفە حەفتەر-یان ئازاد كرد، كە نزیكەی دوو ساڵ لەمەوبەر دەستگیركرابوون.

لە كاتی ئازادكردنی دەستگیركراوەكاندا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت ‌و جێگری ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ‌و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانی لیبیا ئامادەبوون، كە دوای دیالۆگ ‌و گفتۆگۆ بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە مانگی رابردوودا پێكهێنرا.

سەچاوە/ ئاژانسەكان

 141 جار بینراوە