سەرەکی » زانست » رێنمایی و زانیاری دەربارەی ڤاكسینی ئەسترازینكا

رێنمایی و زانیاری دەربارەی ڤاكسینی ئەسترازینكا

د.شێركۆ نەریمان سوبحان*

ڤاكسینی ئەسترازینكا چییە؟
ئەم ڤاكسینە نە میكرۆبەكە خۆیەتی و نە میكرۆبەكەشە بە لاوازی. بەڵكو بە ئەندازیاری جینات، جینی لق و پۆپەكانی كۆرۆنا (بەشێوەی ترشی ناوكیی دی ئێن ئەی) لە ناو ڤایرۆسێك (پێی دەوترێت ئەدینۆڤایرۆس) دانراوە كە لە بنەڕەتدا ئەم ڤایرۆسە تووشی مرۆڤ نابێت، بەڵام تووشی چامپانزی دەبێت.

چی روودەدات كە ڤاكسینەكە دەچێتە لەشەوە؟
كاتێك ڤاكسینەكە دەكرێتە ناو ماسوولكەی شان (ماسولكەی دەلتۆید)، ماسولكە خانەكان ئەو پڕۆتینە دروست دەكەن كە بەرپرسە لەو لق و پۆپەی كۆرۆنا كە لە پێكهاتەی ڤاكسینەكەیە. خانەكانی ناسینەوەی بەرگریی لەش ئەو پڕۆتینە دەناسنەوە، دەیبەن بۆ لیمفە خانەكان، دژەتەن دروست دەبێت دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا. رەنگە ئەم دژە تەنانە بۆ ماوەی 6 مانگ مرۆڤ بپارێزن لە تووشبوون. هەروەها ڤاكسینەكان هانی خانەی لیمفی جۆری تی دەدەن، ئەگەری سەختی تووشبوونیش كەم دەكەنەوە. چونكە خانە لیمفییەكان لە میمۆرییەکەیاندا ئەوە دەمێنێتەوە كە بتوانن بەرگریی لە كەسی توشبوو بكەن.

كاریگەرییە لاوەكییە دەگمەنەكان
زۆربەی كەسانی كوتراو، كاریگەریی لاوەكی زۆر كەم دەبێت وەك سەرئێشە و تا و ئێشی ماسولكەو…هتد، بەڵام هەندێك كەس زۆر بە دەگمەن تووشی كڵۆبوونی خۆێن دەبن.

هۆكاری كڵۆبوونی خوێن
تا ئێستا نەزانراوە كە ڤاكسینەكە ئەم كڵۆبوونە دروست دەكات. وە زاناكان لە توێژینەوەدان بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكان. ئەوەی هەیە وا بڕوا دەكرێت كە لە بارێكی زۆر دەگمەندا:

1- دژەتەنەكان هێرش دەكەنە سەر خەپلەكانی خوێن كە بەرپرسن لە خوێن مەیین، هەربۆیە خەپلەكانی خوێن كەمدەبنەوە، چونكە تێكدەشكێن. هەربۆیەش جەلتەی مێشك دروست دەبێت، چونكە خەپلە تێكشكاوەكان تۆپەڵ دەبەستن لە ناو لوولە خوێنەكانی مێشكدا.

2- ئەگەر بێتو ڤاكسینەكە راستەوخۆ بچێتە ناو خوێنەوە، رەنگە كاریگەریی زیاتر بێت. كەواتە باشترە هەڵلوشانی سرنج (ئەسپایرەیشن) بكرێت بە جوانی، پێش لێدانی ڤاكسینەكە بۆ ناو ماسوولكەی دەلتۆید. پشكنینی خوێن بكرێت پاش ژەمی یەكەم، بۆ ئەوەی ژەمی دووەم لەسەر بنەمای باری خەپلەكانی خوێن بدرێت. دەزگا تەندروستییەكانیش بە گوێرەی پلان و پرۆتۆكۆلی زانستی ڤاكسینەكە بدەن لە هاووڵاتیان.

هەندێك رێنمایی پێویست بۆ ئەو كەسەی بەم ڤاكسینە دەكوترێت

1- دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە پێویستە ئەو كەسە كە پشكنینی خوێن(CBC) بكات، ئەگەر خەپلەكانی خوێنیان بەشێوەی بەرچاو دابەزیبوو، ئەوا وا باشترە ژەمی دووەمی ڤاكسینەكە وەرنەگرن.

2-كارمەندی تەندروستی كاتێك ڤاكسینەكە دەدات لە كەسەكە، پێویستە سرنجەكە هەڵلووشێتەوە، وەك دڵنیاییەك كە نووكی دەرزییەكە نەچووبێتە ناو لولەی خوێنەوە. هەرچەند ماسولكەی سەرشان (دەلتۆید) لوولەی خوێنی ئەوتۆی لە شوێنی دەرزی لێدان لەسەر نییە.

3- ئەگەر نیشانەی سەرئێشەی بەردەوام بۆ ماوەی چوار رۆژ هەبوو، حەبی ئازارشكێن رۆڵی نەبوو لە كەمكردنەوەی سەر ئێشەكە، تەنگە هەناسە بوو، بەرچاوی تەڵخ بوو، دەبێت بە زووترین كات سەردانی پزیشكی هەناوی بكات.

4- ئەم ڤاكسینە بۆ بارودۆخی لەناكاو (ئیمێرجینسی) ە، واتە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكە لە ناو كۆمەڵگەدا، بە بەراورد بە كەمی كاریگەرییە لاوەكییەكانی. بۆیە دەبێت ئەولەوییەت بدرێت بە كارمەندانی تەندروستی، بەتەمەن و ئەو كەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

5- بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ بێپلانی داڕێژراو، رۆڵێكی خراپ دەبینێت لە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە. چونكە بەكارهێنانی ڤاكسین، بەبێ پلان، رەنگە جۆری گۆڕاوی كۆرۆنای تر بێتە كایەوە. لەبەرئەوەی زۆربەی ڤاكسینەكان بۆ كۆرۆنا بنەڕەتییەكەی وۆهانی چین دروست كراوە. ئەگەرەكانی پەرەسەندنی كۆرۆنای گۆڕاو زیاتر دەبێت.

میكانیزمەكە بەم جۆرەیە: ڤایرۆسەكە بەردەوام خۆی دەگۆڕێت، ڤاكسینەكەش زیاتر بۆ جۆرەكەی وۆهانە، گۆڕاوەكان هەلێكی باشتریان بۆ دەڕەخسێت بۆ سەرهەڵدان، جۆرەكەی وۆهان هەلی نامێنێت بۆ مانەوە. بۆیە جۆرە گۆڕاوەكە سەرهەڵدەدات، بەڵام بنەڕەتییەكە لەناو دەچێت.

بەڵام ئەگەر بە پلان و زانستی بدرێت، وەك ئەوەی لە وڵاتە ئەوروپییەكان دەدرێت، كاریگەریی زۆر باشی دەبێت بۆ كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكە، پێش ئەوەی جۆری گۆڕاو سەرهەڵبدات.

*پرۆفیسۆری یاریدەدەر- بەرگری لەش

مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجی و كۆلێجی پزیشكی، زانكۆی گەرمیان

 995 جار بینراوە