سەرەکی » دۆسێ » وەزارەتی تەندروستی: هێشتا لە تەوژمی دووەمی كۆرۆناداین

هاووڵاتیان ناچاردەكرێن لەخۆیان بدەن

وەزارەتی تەندروستی: هێشتا لە تەوژمی دووەمی كۆرۆناداین

وەزارەتی تەندروستی عیراق پێیوایە هێشتا لە تەوژمی دووەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناداین و نەچوینەتە تەوژمی سێیەم و چوارەم، وەك لە هەندێك وڵات رویداوە، باس لە لایەنی یاساییش دەكرێت بۆ ناچاركردنی هاووڵاتیان، تا ڤاكسینەكانی دژ بە پەتاكە وەربگرن.

حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق، لە 10ی نیسانی 2021، بە رۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە رەسمی راگەیاند»عیراق تائێستاش لە تەوژمی دووەمی كۆرۆنادایە و رووبەڕووی تەوژمی سێیەم و چوارەم نەبۆتەوە، وەك لە هەندێك لە وڵاتان رویداوە»، هۆكاریی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوانیشی بۆ «لاوازیی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەكانی خۆپاراستن، و گەڕانەوەی چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و گردبوونەوەكانی هەڵبژاردن و ئاهەنگەكانی دەرچوونی خوێندكاران و بۆنە ئاینییەكان و پرسەكان و زەماوەندەكان و كردنەوەی بازاڕ و مۆڵەكان» گەڕاندەوە.

بە وتەی تەمیمی»وەزارەتی تەندروستی، هەندێم لە ناوچەكانی بەغدای پایتەخت، وەك گەڕەكەكانی سەدر و شوعلە و حوڕیە و كازمیە و شەعب و شۆڕجە و جەمیلە و سوقلغەزەل و ناوچەكانی تری وەك شارەكانی بەسرە و كوردستان و ژمارەیەك ناوچەی گوندنشین، بەو ناوچانە پۆلێن دەكات كە ئاستی مەترسییان بەرزە».

عیراق لەم ماوەیەی دواییدا لە ماوەی دوو رۆژدا نزیكەی 16 هەزار حاڵەتی تووشبوونی بە كۆرۆنا تۆماركرد، ئەم رێژەیەش لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە بە بەرزترین رێژە دادەنرێت، ئەمەش وای لە لایەنە تەندروستییەكان كرد، هۆشداریی لە دروستبوونی «كارەساتی تەندروستی» بدەن، لەگەڵ هاتنەبەری ئەگەرەكانی داڕمانی كەرتی تەندروستی لەحاڵەتی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی تووشبوون.

عیراق لەم ماوەیەی دواییدا، 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی سنۆفارمی چینی و 336 هەزار ژەمە ڤاكینی ئسترازینیكای بەدەست گەیشت، و دەستیكرد بە هەڵمەتی كوتان لەڕێی 700 ناوەند لە تێكڕای وڵات كە 70 ناوەندییان لە بەری رەسافە بوون.

لە 10ی نیسانی 2021، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق، كۆمەڵێك بڕیاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەركرد.

لە بەیاننامەیەكیشدا وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند»نوسینگەكانی هێڵی ئاسمانی، نابێت بلیت بۆ هیچ هاووڵاتییەك ببڕن، تا كارتی خۆكوتانی نەبێت».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»هەموو ئەو مۆڵ و كۆگا و چێشتخانانە دادەخرێن كە كارمەندەكانیان كارتی خۆكوتانیان نییە، وێڕای داخستنی هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەكان و تاقیگە و دەرمانخانەكان و گەنجینەكان لەو حاڵەتەی كارمەندانیان هەڵگری كارتی خۆكوتان نەبن».

لەلایەكی ترەوە، عەلی تەمیمی پسپۆڕی بواری یاسا، لەبارەی هەڵوێستی یاسایی سەبارەت بەناچاركردنی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا رونكردنەوەیدا.

تەمیمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە رایگەیاند»وەزارەتی تەندروستی و ژینگە، مافی ئەوەی هەیە هەندێك رێكار و ئەحكامی عورفی بەپێی ئاستی ئەو پەتای لە وڵاتدا هەیە، بگرێتەبەر».

بە وتەی ئەو پسپۆڕە یاساییە»یاسا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسەدا دەكات كە نەخۆشی بڵاودەكاتەوە، بۆیە وەزارەت دەسەڵاتی هەیە، لەپێناو بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتر و مەترسیداری پەتاكە، هاووڵاتیان ناچار بكات ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن».

تەمیمی دەڵێت»رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە رێگرتن لە بڕینی بلیتی سەفەركردن، و داخستنی كەرتە حكومی یان ئەهلییەكان كە كارمەندەكانیان ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان لەخۆیان نەداوە، دەستورییە و لەچوارچێوەی كارەكانی رەوشی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی پەتاكەدایە لە وڵاتدا».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەیسەم عوبەیدی، بەڕێوەبەری بەشی كۆمەك لە وەزارەتی تەندروستی، پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنای كرد لەلەم چەند رۆژەی داهاتوو، دوو رێگەشی بۆ خۆپاراستن لە پەتاكە دیاریی كرد.

عوبەیدی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی رایگەیاند»بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان كە ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێدەكەن، وەك ئەوەی بڵێت لە عیراقدا كۆرۆنا نییە، پێشبینی دەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە بەرزببێتەوە».

بە وتەی عوبەیدی»پابەندنەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی وڵاتی گەیاندنە قۆناغی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و بووە مایەی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە تەمەنە جیاجیاكان، دەركەوتووترین هۆكارەكانی مردنیش بە ڤایرۆسەكە، دواكەوتنە لە سەردانی نەخۆشخانە».

عوبەیدی پێیوایە»باشترین شێواز بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویستی پابەندبوونە بە بەستنی ماسك و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو هاووڵاتیانەی ماسك نابەستن و بەستنی ماسكیش بكرێتە كلتوری كۆمەڵگە، و دووركەوتنەوە لە گردبوونەوەكان»، ئاماژەی بە پێویستی سودوەرگرتنیش كرد لە ئەزمونی وڵاتان لەگەڵ كۆرۆنادا.

 222 جار بینراوە