سەرەکی » ئەدەب و هونەر » میدال بۆ كه‌ره‌كه‌

میدال بۆ كه‌ره‌كه‌

عه‌زیز نه‌سین

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: کوردەوان محەمەد سەعید

مانگایه‌ك به‌ هه‌ڵه‌داوان خۆی گه‌یانده‌ به‌رده‌م كۆشكی سوڵتان و به‌ سه‌رۆكی ده‌رگاوانه‌كانی وت: به‌ سوڵتان بڵێن ده‌مه‌وێ چاوم پێی بكه‌وێ.

ده‌رگاوانه‌كان ویستیان ده‌ری بكه‌ن، به‌ڵام ده‌ستی كرد به‌ بۆڕه‌ بۆڕ و وتی: ئه‌م ده‌رگایه‌ به‌رناده‌م تا سوڵتان نه‌بینم.

سه‌رۆكی ده‌رگاوانه‌كان كه‌سێكی نارد بۆ لای سوڵتان تا پێی بڵێ مانگایه‌ك له‌ ره‌عیه‌ته‌كه‌ی خۆی داوا ده‌كات چاوێ پێی بكه‌وێت.

سوڵتان وتی: با بێت بزانین چۆنه‌.

مانگا وتی: گه‌وره‌م بیستوومه‌ میدال ده‌به‌خشیته‌وه‌، منیش ده‌مه‌وێ.

سوڵتان وتی: به‌ چ هه‌قێك؟ چیت كردووه‌؟ سوودت چییه‌ بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ تا میدالت بده‌ینێ؟

مانگا وتی: میدال ئه‌گه‌ر بۆ من نه‌بێ بۆ كێ باشه‌؟ گۆشته‌كه‌م ده‌خۆن، شیره‌كه‌م ده‌خۆنه‌وه‌، چه‌رمه‌كه‌م له‌به‌ر ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ته‌پاڵه‌كه‌شم فڕێ ناده‌ن و سوودی لێ وه‌رده‌گرن، چیدیكه‌ ماوه‌ بیكه‌م تا میدال به‌ده‌ست بهێنم؟

سوڵتان سه‌رێكی هێناو سه‌رێكی برد، سه‌یری كرد راست ده‌كات، میدالێكی پله‌ دووی پێ دا.

مانگا میداله‌كه‌ی كرده‌ ملی و له‌ كۆشك گه‌ڕایه‌وه‌، دڵی خۆش و كه‌یفی ساز بوو سێ جرته‌كه‌ی هه‌ڵیده‌خسته‌وه‌، له‌ رێگا چاوی به‌ هێستر كه‌وت و ده‌ستیان كرد به‌ گفتوگۆ.

چۆنی خوشكه‌ مانگا.

تۆ چۆنی برای هێستر.

ئه‌وه‌ بۆ وا خه‌نی بوویت؟ له‌ كوێ بوویت؟

مانگا به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌ و كه‌ وتی میدالی له‌ سوڵتان وه‌رگرتووه‌، هێستر به‌له‌سه‌ بوو، چوارناڵه‌ تێی ته‌قاند به‌ره‌و كۆشكی سوڵتان.

له‌به‌رده‌م ده‌رگای كۆشك هاوار كرد كه‌ ده‌یه‌وێ سوڵتان ببینێت.

پێیان وت قه‌ده‌غه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لله‌ڕه‌قییه‌ی له‌ باوكییه‌وه‌ بۆ مابۆوه‌ سووربوو له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی، به‌ هه‌ر چوار پێ تۆزی ده‌كرد و سمی له‌ عه‌رز ده‌دا، وتی ناڕۆم و ناڕۆم.

ناچار بابه‌ته‌كه‌یان گه‌یانده‌ سوڵتان.

سوڵتان وتی: هێستریش هه‌ر ره‌عیه‌تی خۆمانه‌ با بێت.

هێستر سڵاوێكی هێسترانه‌ی له‌ سوڵتان كرد، ده‌ست و كه‌وای سوڵتانی ماچ كردو وتی: منیش میدالم ده‌وێ.

سوڵتان لێی پرسی: چیت كردووه‌ تا میدال وه‌ربگریت؟

هێستر وتی: گه‌وره‌م كێ له‌ من زیاتری كردووه‌؟ هه‌ر من نه‌بووم له‌ رۆژانی جه‌نگدا تۆپ و تفه‌نگه‌كانم به‌ كۆڵی خۆم بۆ ده‌گواستنه‌وه‌؟ هه‌ر من نه‌بووم له‌ رۆژانی ئاشتیدا منداڵه‌كانتانم سوار كۆڵی خۆم ده‌كرد؟ ئه‌گه‌ر من نه‌بوومایه‌ چیتان ده‌كرد؟

سوڵتان كه‌ سه‌یری كرد هێستر راست ده‌كات، بڕیارێكی ده‌ركرد و وتی: میدالێكی پله‌ یه‌ك بده‌ن به‌ هێستر.

هێستر به‌ چوارناڵه‌ له‌ كۆشك گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌ خۆشییان خه‌نی ببوو، چاوی به‌ كه‌ر كه‌وت.

كه‌ر وتی: چۆنی برازا.

هێستر: تۆ چۆنی مامه‌.

كه‌ر لێی پرسی: ئه‌وه‌ له‌ كوێ بوویت، به‌ره‌و كوێ مل ده‌نێیت؟

هێستر به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌.

كه‌ر وتی: جا كه‌وایه‌ منیش ده‌چم داوای میدال له‌ سوڵتان ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ی وت و دایه‌ چوارناڵه‌ به‌ره‌و كۆشك.

خۆی كرد به‌ كۆشكداو ده‌رگاوانه‌كان زۆریان هه‌وڵ دا به‌ری پێ بگرن به‌ڵام بێسوود بوو، تا لای سوڵتان به‌ دوایدا رایانكرد و به‌ سوڵتانیان وت: ئه‌م ره‌عیه‌ته‌ش داوای بینینی جه‌نابتان ده‌كات، چی ده‌فه‌رموون؟

سوڵتان وتی: كه‌ری ره‌عیه‌تمان چیت ده‌وێ؟

كه‌ر داواكارییه‌كه‌ی به‌ سوڵتان وت، سوڵتان كه‌ تووڕه‌ییه‌كه‌ی گه‌یشتبووه‌ سه‌ر لووتی وتی: مانگا سوودبه‌خشیه‌ بۆ وڵات و گۆشت و شیر و چه‌رم و ته‌پاڵه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، هێستر له‌ جه‌نگ و ئاشتیدا بار هه‌ڵده‌گرێ، كه‌واته‌ ئه‌ویش به‌سووده‌، تۆ چیت كردووه‌ وا به‌ كه‌رێتی خۆت كردووه‌ به‌ ژووردا بێ شه‌رم داوای میدال ده‌كه‌یت؟ بۆ وا شێواندووته‌؟

كه‌ر وتی: ره‌حمه‌ت له‌ سوڵتان، ئه‌و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ی له‌لایه‌ن راوێژكاره‌ كه‌ره‌كانته‌وه‌ پێشكه‌شت ده‌كرێ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌زاران كه‌ری وه‌ك من نه‌بێت له‌ نووسینگه‌كه‌تاندا ده‌تانتوانی له‌سه‌ر ئه‌و كورسییه‌ بمێننه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ره‌عیه‌ته‌كه‌ت كه‌ر نه‌بوونایه‌ یه‌ك رۆژ له‌سه‌ر حوكم نه‌ده‌مایته‌وه‌.

سوڵتان گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ر له‌سه‌ر هه‌قه‌، نه‌ك هه‌ر وه‌كو ئه‌وانی دی میدالێكی بدرێتێ، به‌ڵكو شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ ده‌رگای خه‌زێنه‌كانی ته‌ویله‌كه‌ی بۆ بخرێته‌ سه‌ر پشت تا وه‌ك هه‌موو كه‌رانی دی به‌ دڵی خۆی بله‌وه‌ڕێ و چی ده‌وێ و چه‌ندی ده‌وێ به‌ دڵی خۆی هه‌ڵی بگرێت.

سه‌رچاوه‌: سایتی الرساله‌

                                  سکێچی نازدار ئەحمەد

 214 جار بینراوە