سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدانی داعش لە عیراقپەڕە 2

بیره‌وه‌ریی شه‌ڕی دژی داعش

سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

(33) و کۆتایی

هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی سوپا و پێشمه‌رگه‌
من راستی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌م له‌گه‌ڵ فه‌ریقی‌ روكن جه‌مال ئیمینكی‌ سوپاسالاری‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ باسكرد، پێم ووت بۆچی‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ی‌ نێوان سوپای‌ عیراق و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ رزگاركردنی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ كه‌ له‌ژێر راسپارده‌ی‌ كاك مه‌سعود بارزانی فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌نجام درابوو، واتانكرد له‌باربچێت، فه‌ریق جه‌مال له‌وه‌ڵامدا ووتی‌، عیراقییه‌كان له‌ خاڵی‌ شه‌شی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، له‌پاش رزگاركردنی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌، سوپای عیراق باره‌گاكانی بگێرێته‌وه‌ ئه‌ودیووی‌ ساتره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ پێشووتر لێی‌ جێگیر بووبوون، به‌ گوته‌ی‌ فه‌ریق جه‌مال وه‌فده‌ سه‌ربازییه‌كی‌ عیراق پێیان راگه‌یاندبوو ده‌بێت باره‌گاكانمان له‌ جێگاكانی‌ خۆمان بهێڵینه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ بارودۆخی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ به‌ ته‌واوی‌ ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌، ئێمه‌ش به‌مه‌ رازی‌ نه‌بووینه‌ بۆیه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ سه‌یربوو رێكه‌وتنی‌ نێوان وه‌فدی‌ سه‌ربازی‌ عیراق و وه‌فدی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ئاماده‌بوونی‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌ركان و ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسی‌ یه‌كه‌كانی‌ حه‌فتا و هه‌شتا و به‌رپرسی‌ میحوه‌ره‌كان كرابوو، له‌ باره‌گای‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌ هه‌ولێر، له‌ژێر چاودێری‌ كاك مه‌سعود، كه‌چی‌ له‌ماوه‌ی‌ 8 كاتژمێردا له‌ نێوان عه‌بدولئه‌میر یاروالله‌ جێگری‌ هێزه‌ هاوبه‌شاكانی‌ عێراق و فه‌ریق جه‌مال ئیمینكی‌ سوپاسالاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و كه‌سیش له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌هاته‌ سه‌ر خه‌ت و هیچی‌ نه‌ووت، منیش كاك كۆسره‌ت و شێخ جه‌عفه‌رم به‌ فه‌رمی‌ ئاگادار كردبۆوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌.

له‌ راستیدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ سه‌ربازیه‌، سه‌ره‌تای‌ هه‌ڵگیرساندنی‌ شه‌ڕی‌ نێوان سوپای‌ عێراق و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌ .

هەر ئەو رۆژە لەگەڵ شێخ جەعفەر لەبارەگای‌ میحوەری‌ چوار پێشوازیمان لە ریش سپی‌ و سەرۆک عەشیرەتەکانی‌ سنووری‌ رەشاد کرد، کە هەموویان عەرەبی سوننە بوون. ئیسماعیل حەدیدی‌ سەرۆکایەتیانی‌ دەکرد، داوایان لێکردین کە رێگایان بۆ بکەینەوە مەڕ و ماڵات و ئۆتۆمبیلەکانیان لە سنووری‌ پێشمەرگەوە بهێننە ناو شاری‌ کەرکوک و دەوروبەری‌.

ئێمە ئاگادارمان کردنەوە، بێ خەم بن پەیوندی بەکەس و کارتانەوە بکەن با هەرچییان هەیە لە سنووری‌ میحوەری‌ چوارەوە بیهێنن، هەموو هاوکارییەکتان دەکەین. پاشان بەیاوەری‌ هەڤاڵ شێخ جەعفەر و لیوا کاوە کەریم سەردانی‌ میحوەری‌ پێنجمان کرد و نیوەرۆ داوەتی‌ دکتۆر کەمال بووین، پێشتر هەندێ ناخۆشیمان ببوو لە سەر ئەوەی‌ هەڤاڵ ئاسۆ مامەند دوو رەبیەی‌ لە سەر رێگای‌ قوتانی‌ کوردان زیاد کردبوو لە هێزە تایبەتەکەی‌ خۆی‌.

• دکتۆر کەمال کەرکوکی‌ کە فەرماندەی‌ میحوەری‌ پێنجی‌ رۆژئاوای‌ کەرکوک بوو گلەیی هەبوو لەوەی‌ کە بۆ پرسی پێنەکراوە و ئەو دوو رەبیەیە لە سنووری‌ میحوەری‌ پێنج جێگیر کراون. لە راستیدا هێزەکە لە نێوان هەردوو میحوەری‌ چوار و پێنج بوو، بەڵام ئەو وای‌ لێکدابۆوە کەئەمە زیادەڕۆییە بۆ سەر دەسەڵاتی‌ ئەوان، بۆیە هێزی‌ جوڵاندبوو بێنە سەر هێزەکانی‌ ئێمە. من ئەوکاتە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دکتۆر کەمال کرد کە هەڤاڵ شێخ جەعفەر لە ژووری‌ فەرماندەیی میحوەری‌ چواربوو ئاگاداری‌ هەموو مشت و مڕەکان بوو، زۆرم هەوڵدا وازبێنێ و هێز نەهێنێتە سەر هێزەکانمان، بەڵام گوێی نەگرت، من هەندێ بەتووندی‌ قسەم لەگەڵ کرد و تەلەفۆنەکەم داخست. لەسەرنان خواردن هەندێ گلەییمان لەیەک کرد، پاشان هەموومان پێکەوە سەردانی‌ هێزەکانی‌ زێرەڤانیمان کرد لەدوبز. لەلایەن عەزیز وەیسی‌ و فەرماندەکانی‌ زێرەڤانییەوە بەگەرمی‌ پێشوازییان لێمان کرد. هەڤاڵ شێخ جەعفەر بەناوی‌ میحوەری‌ چوارەوە بەخێرهاتنیانی‌ کرد بۆ دەڤەرەکە و وتارێکی‌ حەماسی پێشکەش کرد.

كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی
لە 1/10/2017 لە بارەگای‌ هێزەکانی‌ 70 لە کەرکوک بە ئامادەبوونی‌ هەڤاڵ شێخ جەعفەر و هه‌یئەی‌ میحوەر و لیوا شێخ جەلال شێخ ناجی‌ لەگەڵ تیمەکانی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ کۆبووینەوە. بە ووردی‌ باسی‌ پێشهاتەکانی‌ سوپای‌ عێراق لە شەڕی‌ داعش و رزگارکردنی‌ حەویجه ‌و بێ منەتی‌ فەرماندە سەربازیەکانی‌ عێراق لە هێزی‌ پێشمەرگە کرا، پێشبینی‌ پێکدادانیش لە نێوان هێزەکانی‌ پێشمەرگە و سوپای عیراق کرا.

دیاربوو تیمەکانی‌ هاوپەیمانان بەلایانەوە گرنگ نەبوو شەڕ رووبدات یان نا، خۆیان لە باسەکە لادا و وتیان: ئێمە وەکو هێزەکانی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ تەنها بۆ شەڕی‌ دژی‌ تیرۆرستانی‌ داعش هاوکاریتان دەکەین.

لە 2ی‌ تشرینی‌ یەکەم 2017 لەبارەگای‌ مەکتەبی سیاسی بەئامادەبوونی‌ کاک کۆسرەت رەسوڵ و کۆمەڵێک لەهەڤاڵانی‌ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی‌ یەکێتی‌ و پارتی‌ و فەرماندەکانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە پێشوازیمان لە کاک مەسعود بارزانی‌ کرد.
لەکۆبوونەوەیەکی‌ فراواندا لەگەڵ کادیرانی یەکێتی و پارتی‌ کاک مەسعود وتی‌: عێراق بەهێز پەلاماری‌ سەنگەرەکانی‌ پێشمەرگە نادات، بەڵکو هەر فشارمان لێدەکرێ . زۆر بەشانازییەوە باسی سەرکەوتنی‌ پرۆسەی‌ ریفراندۆمی‌ کرد.

من داوام لێکرد هەوڵ بدرێت مانگانە بڕی سەد هەزار دینار بۆ پێشمەرگە زیاد بکرێت، هەندێ پێداویستی‌ سەنگەرسازیشمان هەیە پێشتر لەرێی وەزارەتی پێشمەرگەوە داوامان کردووە، کاک مەسعود لە سەر خاڵی دووەمی داواکاریەکان رازی بوو بۆ یادکردنی‌ بڕی‌ سەد هەزار پێشمەرگە وتی: حکومەت ناتوانێ ئەوە بکات ، هەروەها داوام له‌كاك مه‌سعود كرد هه‌وڵده‌ن له‌گه‌ڵ عێراق بگه‌نه‌ رێكه‌وتن له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ زۆر نابه‌رامبه‌رن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عیراق، ئێمه‌ به‌رگه‌ی شه‌ڕ ناگرین له‌گه‌ڵ ئه‌وان، له‌وه‌ڵامدا كاك مه‌سعود وتی : عیراق شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ ناكات به‌ڵكو ته‌نها زه‌ختمان لێ ئه‌كات .

هەر ئەو رۆژە هەواڵی جەرگ بڕم پێگەیشت بەکۆچی دوایی سەرکردەی‌ گەورەی‌ گەلەکەمان سەرۆک مام جەلال، بەپەلە سەردانی‌ شێخ لاهور تاڵەبانیم کرد، پێکەوە بەیاوەری‌ شێخ جەلال شێخ ناجی سەردانی‌ مەکتەب سیاسیمان کرد، نیگەرانی‌ هەموومانی‌ داگرتبوو، دڵمان پڕ لەخەم و چاومان پڕ لەفرمێسک.

لە 4ی‌ تشرینی‌ یەکەم، لەگەڵ هەموو فەرماندەی‌ لیواکانی‌ میحوەری‌ چوار و هەیئەی‌ میحوەر کۆبووینەوە، هەستمان بە مەترسیەکانی‌ سوپای‌ عیراق دەکرد، لەدوای‌ رزگارکردنەوەی‌ سنووری‌ قەزای‌ حەویجەوە لە سەنگەرەکانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە نزیک دەبوونەوە. پاش ئەوەی‌ هەموومان بە وردی‌ قسەی‌ جدیمان لەبارەی‌ ئەوەوەکرد کەدەبێت هێزەکانمان لەسەر قەڵاکانی‌ پێشەوە بکشێنینەوە پشتی‌ دیواری‌ بەردەکە لەسەر پرۆژەی‌ ئاوی‌ رەی‌ کەرکوک و هێزەکان بەم شێوەیە دابەش بکرێت له‌ ناو شار و له‌ سه‌نگه‌ره‌كاندا :

1ـ هەردوو لیوای‌ (7،3) هەڤال کاک کۆسرەت لە ناو شاری‌ کەرکوک و لەسەر بینا بەرزەکان دابەش بكرێت و پردی هه‌ڵواسراوی ڕێگای تازه‌ -كه‌ركوك به‌وان بسپێرێت.

2ـ لیوای‌ دووی‌ سکرتایەت لە بەرزاییەکانی‌ سەیادە و هەردوو بینای‌ نوێی پارێزگا و نەخۆشخانەی‌ کەرکوک و بەشێکیان لەگەڕەکی‌ پیشەسازی‌ بێت.

3- لیوای‌ (1)ی‌ پیادە بۆ بەرزاییەکانی‌ رێگای‌ لەیلان و لەسەرجادەی‌ خولاوەی‌ کەرکوک بێت.

4 ـ لیوای‌ (102) لە قەرەیاڵ لە قۆناغی‌ یەکەمدا و بەشەکەی‌ تر بچنە گوندی‌ چەرداغلو.

5 ـ لیوای‌ (128) لەسەر رێگای‌ رەشاد تا ناو گۆمەڵگای‌ قادسیە.

6 ـ لیوای‌ (106) بگەڕێنەوە پردەکەی‌ مریەم بەگ.

7 ـ لیوای‌ (134) لە سەر پردی‌ مەکتەب خالید بن.

8 ـ لیوای‌ (114) لە یایچی‌ بێت.

لە سەر ئەم کشانەوەیە راپۆرتێکمان بۆ هەڤاڵانی‌ یەکەی‌ 70 ی و وەزارەتی‌ پێشمەرگە نارد و بەتەواوی‌ مەترسیەکانی‌ قۆناغەکەمان لەنزیکبوونەوەی‌ هێزەکانی‌ عێراق دەربڕی، داوامان کرد ئالیاتی‌ زۆرمان بۆ پەیدابکەن تاوەکو بتوانین سەنگەرسازی لەپشتی‌ دیواری‌ بەردینەکەوە دروست بکەین، كه‌ جه‌بهه‌كه‌مان له‌ به‌رامبه‌ر ناحیه‌ی تازه‌وه‌ 35 كم درێژبووبوه‌وه‌ و ده‌بوو سه‌نگه‌ر سازی بۆ بكرێت .

بۆ یەکەمجاربوو هەموو فەرماندەی لیواکان لە سەرئەم گۆرانکاریانەی‌ ناو هێزەکان لەهێڵی‌ بەرگری‌ یەکەم بۆ هێڵی بەرگری دووەم واژۆ لەسەر مەحزەرەکە بکرێت، داوامان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كرد وه‌فدێك بۆ سه‌نگه‌رسازی بنێرێت بۆ لامان.

هەر ئەو رۆژە وەفدێکی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە سەردانیان کردین بۆ چۆنیەتی‌ دەست بەکاربوونیان لە سەنگەرەکانی‌ پێشەوە. بۆ ئەم مەبەستە وەفدەکەی‌ وەزارەت لەگەڵ لیوا هیوارەش و عەمید سەرتیپ سەردانی‌ مەیدانی‌ سنوورەکەیان کرد و ئەوانیش پرۆتۆکۆڵێکیان ئامادەکرد لەم بارەیەوە، پێشکەشی وەزارەتی‌ پێشمەرگەیان کرد.

هەوەها لە بارەگای‌ میحوەری‌ چوار پێشوازیم کرد لە وەفدێکی‌ تیمەکانی‌ فەرەنسا بۆ بەئاگابوون لەرووداوەکانی‌ داهاتوو.

 

 525 جار بینراوە