سەرەکی » ئابووری » كەی پشكی هەرێم دەنێردرێت؟

كەی پشكی هەرێم دەنێردرێت؟

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق، پەیوەستە بە پشكی پارێزگاكانی دیكەی عیراقەوە. پێشیوایە، پێش ئەو هەنگاوە پێویستە وەفدی هەرێم بچێتە بەغدا.

د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە، پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق هیچ كێشەو گرفتی نییە، هەر كاتێك وەزارەتی دارایی فیدراڵ پشكی پارێزگاکانی دیكەی عیراقی نارد، ئەوكات پشكی هەرێمی كوردستانیش دەنێرێت.

وتیشی: «پێویستە پێشتر وەفدێكی هونەری و دارایی هەرێم بێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنی حكومەتی فیدراڵ كۆبێتەوە، بەمەبەستی دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان هەردوولا، كە لەبارەی بودجە ئەنجامدرابوو».

جێی ئاماژەیە، ماوەی مانگێكە یاسای بودجەی 2021 پەسەندكراوە، دوای ئیمزاكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمار و بڵاوبوونەوەی لە وەقایعی عیراقی، كەچی تائێستا ناردنی پشكی هەرێم لەو بودجەیە دیار نییە.

ئەمەش لەكاتێكدا پرسی مووچەی فەرمانبەران و جوڵەی بازاڕەكان لە كوردستان بە ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی بەغدا پەیوەست كراوە.

 65 جار بینراوە