سەرەکی » دۆسێ » كۆمسیۆن: زیاتر لە هەزار كەس خۆیان كاندید كردووەپەڕە 26

بەرەو هەڵبژاردن

كۆمسیۆن: زیاتر لە هەزار كەس خۆیان كاندید كردووە

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عیراق، تۆماركردنی زیاتر لە هەزار كاندید بۆ كێبڕكێ‌ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە وابڕیارە لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت رادەگەیەنێت، ئاماژە بە خۆئامادەكردنی زیاتریش دەكات بۆ پرۆسەكە.

لە سەرەتاوە وابڕیار بوو ماوەی پێشوازیی لە لیستی كاندیدەكان لەلایەن حزب و فراكسیۆنە سیاسییەكان لە 17ی نیسانی 2021 كۆتایی بێت، بەڵام پرۆسەكە بۆ تۆماركردنی هاوپەمانییە سیاسییەكان تا 1ی ئایاری 2021 درێژكرایەوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، تا ماوەی زیاتر بڕەخسێت لەبەردەم قەوارە سیاسییە نوێیەكان و هاوپەیمانییەكان، بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو بڵاوكرایەوە»ژمارەی كاندیدەكان لەو ماوەیەدا هەزار كەسیان تێپەڕاند ، كە شەش كاندیدیان لە پێكهاتەی ئێزدی، و هەشتیان لە پێكهاتەی سابیئی مەندائی، و 12 كاندید لە پێكهاتەی كوردی فەیلی، و 16 كاندید لە پێكهاتەی مەسیحی، و دوو كاندید لە پێكهاتەی شەبەكی، زیاتر لە 500 كەس لەلایەن حزبە سیاسییەكان، و 22 كاندیدیش لەلایەن هاوپەیمانییە سیاسییەكانەوە پێشكەش كراون»، تەئكیدی لەسەر بەردەوامی پێشوازیكردن لە تۆماركردنی هاوپەیمانییە سیاسییەكان و ورگرتنی لیستی كاندیدەكان، تا یەكی ئایاری 2021 كردەوە.

هەر لە بەیاننامەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عیراق، هاتبوو»13 هاوپەیمانی سیاسی، لە كۆی 33 هاوپەیمانی پەسەندكراون، خواستی خۆیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەربڕیوە، 13 هاوپەیمانی تر لە قۆناغی تۆماركردندان، پرۆسەی تۆماركردنی حزب و رێكخراوە سیاسییەكانیش تا وادەی دیاریی كراو بەردەوام دەبێت، گەر مۆڵەتی دامەزراندن ببەخشرێت بە 264 حزبی سیاسی، هەروەها ژمارەی داواكاریی ئەو حزبانەی لە قۆناغی دامەزراندندان گەیشتۆتە نزیكەی 55 داواكاریی، لەكاتێكدا ژمارەی داواكاریی ئەو حزبانەی خواستی خۆیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو خستۆتەڕوو 122 حزبە».

كۆمسیۆن دەڵێت»وەك خەمخۆرییان بۆ هێنانەدی دادپەروەریی و بێخەوشی لە بەشداریی لە رۆژی دەنگدان، بایەخێكی زۆر بە پرۆژەی پەنجەمۆری هەموو دەنگدەران دەدەن لە رۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەت، بۆ ئەوانەی كارتی ئەلیكترۆنی و بایۆمیترییان هەیە، لەپێناو دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی دەنگدان لەیەن دەنگدەرێكەوە، بۆیە لە ماوەی یاسایی و بەر لە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی، لەسەر چەند ئاستێك هاوتاكردن دەكرێت كە عیراق و پارێزگا و بازنەی هەڵبژاردن دەگرێتەوە»، جەختی لەسەر گرتنەبەری رێكارە یاساییەكانیش كردەوە دژ بە سەرپێچیكاران.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە تائێستاش هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان هۆشداریی دەدەن لە هەوڵی تەگەرەخستنە بەردەم سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەی دیاریی كراوی خۆی، لەڕێی وروژاندنی هەندێك دۆسێی تر.

بەدر زیادی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی سائیرون، لای خۆیەوە هۆشداریی دەدات لە لە بزاوتنێك كە لەلایەن هەندێك لە هێزە سیاسییەكانەوە خراوەتەگەڕ، بۆ یەكخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەگەڵ هەڵبژاردنی خۆجێیی، لەو بارەیەوە بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندووە»ئەو هەنگاوە دەبێتە مایەی دواخستنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریی كراوی خۆی بۆ وادەیەكی دوورتر، رەنگە رەوشەكە گەر بەوشێوەیە رێبكات، بە تەواوەتی بگەینە كۆتایی خولی پەرلەمانی ئێستا».

هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی عیراق، تائێستاش گومانییان هەیە، بتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت، بەهۆی تەنگژە دارایی و ئەمنی و سیاسییە كەڵەكەبووەكان لە وڵاتدا.

هەروەها هێزە سیاسییە دەستدڕۆیشتووەكانیش، لە بنەڕەتدا نایانەوێت هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بكرێت، و هەوڵدەدەن كاتی زیاتر بەفیڕۆبدەن، تا بەتەواوەتی بۆ ئەو شایستەیە خۆیان ئامادەبكەن.

پێشتر سەرچاوەیەكی عیراقی رایگەیاندبوو، ئەگەر هەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە وابڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت، بۆ 10 ڕۆژ دوابخرێت.

لە 22ی نیسانی 2021، سەرچاوەیەكی عیراقی بە ئاژانسی (روسیا الیوم)ی راگەیاندبوو”هەندێك هەن دەیانەوێت هەڵبژاردن زۆر زیاتر لە 10 ڕۆژ دوابخەن، بەڵام تائێستا پەسەندنەكراوە یان ڕاگەیاندنی فەرمی لەبارەوە نییە”.

بە وتەی سەرچاوەكە”هەڵبژاردن بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی لە نێو حكومەتدا دەكرێن دوادەخرێت، ئەو دواخستنەی پێشنیار كراوە 10 ڕۆژە».

پێشتر حكومەتی عیراق، شەشی حوزەیرانی داهاتووی وەك وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی كردبوو، بەڵام پرۆسەكەی بۆ دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو دواخرا.

دوای بەرپابوونی خۆپیشاندانێكی فراوان لە بەغدا و پارێزگەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 كە داوای چاكسازیی و بنبڕكردنی گەندەڵی و باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییان دەكرد، پاشان داواكارییەكانیان گەیشتە ئاستی گۆڕینی سیستمی سیاسی، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، ناچار بوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات.

دوابەدوای دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدیش، پشێبڕكێیەكی ماراسۆنی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەر دەستیپێكرد، هەریەك لە محەمەد تۆفیق عەللاوی و عەدنان زورفی هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت خستەگەڕ، بەڵام هیچ كام لەو دوانە نەیانتوانی لە وادەی دیاریی كراوی خۆی كە مانگێك بوو، حكومەت پێكبهێنن، دواجار مستەفا كازمی سەرۆكی ئەو دەمەی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، لە مانگی ئایاری 2020، حكومەتی راگوزەری پێكهێنا و شەشی حوزەیرانی 2021ی بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی كرد، كۆمسیۆن لەبەر نائادەیی لەڕووی لۆجستی و تەكنیكی، رەتیكردەوە بتوانێت لە شەشی حوزەیرانی داهاتوو پرۆسەكە بەڕێوەببات، بۆیە لەگەڵ حكومەتدا رێكەوتن كرا، تا هەڵبژاردنەكە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو دوابخرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە هەندێك لە بۆچوونەكان روولەوەن، پرۆسەكە بۆ دوای كۆتایی خولی ئێستای پەرلەمان و بۆ ساڵی 2022 دوابخرێت.

 79 جار بینراوە