سەرەکی » هەمەڕەنگ » لبلبە ئاسوودەیە بەوەی لە فیلمێکی نوێدا رۆڵ دەبینێتپەڕە 26

لبلبە ئاسوودەیە بەوەی لە فیلمێکی نوێدا رۆڵ دەبینێت

ئەکتەری دیاری سینەمای میسری «لبلبە» لە فیلمێکی نوێدا بەشدایی دەکات، بۆ ئەمەش دڵخۆشە بەوەی کە تەمەن رێگر نییە لە بەخششی هونەریی و شانبەشانی ژمارەیەک ئەکتەری دیار و سەرکەوتوو بەشداریی لە فیلمێکی نوێدا دەکات.

هەواڵە رۆژنامەوانییەکانی میسر بڵاویانکردەوە کە خانمە ئەکتەری دیاری سینەمای میسری «لبلبە» دوای جەژنی رەمەزان خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستکردن بە وێنەگرتنی دیمەنەکانی فیلمی «العميل صفر» کە فیلمێکی نوێیەو جگە لە «لبلبە» کە یەکێکە لە ئەکتەرە بەئەزموونەکان چەندین ئەکتەر و سینەماکاری تر رۆڵی تێدا دەبینن.

هەروەها ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە فیلمەکە بیرۆکەی «محەمەد سامی و ئەکرەم حوسنی»یەو چەندین ئەکتەر بەشداریی تێدا دەکەن لەوانە: «بەیومی فوئاد، محەمەد عەلاء، دارین حەداد، لەیلا عز» و چەندین ئەکتەری تر، هەروەها فیلمەکە «محەمەد سامی» کاری دەرهێنانی بۆ دەکات کە ئەمە یەکەمجارە «لبلبە» بەشداریی لە فیلـمێکدا بکات دەرهێنەرەکەی «محەمەد سامی» بێت.

شایانی باسە «لبلبە» ناوی تەواوی «نینوتشکا مانوک کوبلیان»ەو لە خێزانێکی ئەرمەنی ساڵی 1946 لە قاهیرە لە دایکبووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای هونەری هەبووەو بەشداریی لە چەندین کاری هونەری تایبەت بە منداڵان کردووە، دواتر بەردەوامبووەو لە ژیانی هونەریدا شانبەشانی ئەکتەرە بەناوبانگەکانی میسر بەشداریی لە چەندین فیلمدا کردووەو بۆ ئەم بەشدارییانەشی چەندین جار خەڵاتکراوە.

لە ئێستادا کە تەمەنی 75 ساڵە هێشتا بە گوڕتینەوە بەردەوامە لە بەخششە هونەرییەکانی.

ئومێد محەمەد

 510 جار بینراوە