سەرەکی » کەلتوور » مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان

مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان

خوێندنەوەی: شێرزاد حەسەن

2-2 و کۆتایی

لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا ئاماژەیەک هەیە بەوەی کە بێجگە لە چەندین هۆکاری واقیعی و سەرزەمینی بۆ خۆکوشتن لەسەر ئاستی رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام هاوکات خۆکوشتن مەرج نییە کە کەسانی خۆکوژ بە دەست و نەخشە و پلانی خۆیانەوە بەو کاری خۆکوژییە هەستن و دەستیان بچێتە خوێنی خۆیانەوە، بەڵکو مۆتیڤ و هۆکاری دیکە بە درێژایی مێژوو هەبوون: ئایینی و مەزهەبی کە تیایدا خەڵکێک هەن بە ناوی خوداوە خۆیان بە کوشتن دەدەن و دەچنە نێو جەنگەکانەوە، یانژی خۆ دەتەقێنەوە، کە دیارە ئایدیۆلۆژیایەکی بە پیرۆزکراو ئەم دۆخ و سەرزەمینە خۆش دەکات، لەم رۆمانەدا دورگەیەکی بەهەشت ئاسا هەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خۆکوژەکان بڕوایان وایە کە مەرجە هەتا زووە بگەنە ئەو فیردەوسە کە تیایدا هەموو خەونەکانیان بەدی دێن، نووسەر گەرەکییەتی بڵێت کە هەر ئایدیۆلۆژیایەک بە ناوی پیرۆزییەوە خەڵکی فریو بدات، بێگومان مەرگدۆستە، بە واتا لەوەدا دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە ئێمە دەنێو دونیایەکدا دەژین کە مەرگدۆستی زاڵترە لە ژیاندۆستی!

بەڵام تەوەرێکی دیکەی زەق لەم رۆمانەدا لەسەر دەستی کارەکتەرە واقیعبینەکان خواستی ئەوەیان هەیە کە مەرجە مەردمگەل لەتەک ئازاردا هەڵبکات، بەو نیاز و ئامانجەی کە بڕوا بەوە بێنین هەموو ئەزموونێکی خراپ و باش دەوڵەمەندمان دەکات لە باری رۆحییەوە، ئاخ هەتا عیشقیش بێ ئازار و تلانەوە نییە.

کەچی لەولاوە «ئیمام» بڕوای وایە بە ناوی زانستخوازییەوە رەوا نییە هیچ کەسێک سنووری خۆی ببەزێنێت، ئەوەیان رێک ئاماژەیە بە داخستنی عەقڵ و چەقبەستن لەسەر ئیمانێک کە هیچ بەرهەمێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە.

هەر بۆ نموونە ئێمە کارەکتەرێکمان هەیە کە توانا و کاریزمایەکی ساختەبازانەی هەیە بە ناوی {بانک} کە فیکر و زانست و سیحری هونەرەکان دەخاتە گەڕ بە مەرامی پووچکردنی ژیان و بوون، کە دیارە بە درێژایی مێژوو ئەم هەوڵە دراوە کە تیایدا مرۆڤەکان روو لە گەمژەیی بکەن، بگرە رۆحێکی مێگەلگەرایی بێتە کایەوە، هەر بۆ نموونو «نازیزم» و «فاشیزم» و «ناسیۆنالیزم» و بگرە «سۆشیالیزم» بە دیوە چەواشەکارییەکەی چین؟ بێگومان دەتوانین ناوێکی تازەی بۆ بدۆزینەوە «مێگەلیزم»!

« بانک» پتر قەشە «مالتۆس»مان وەبیر دێنێتەوە کە بڕوای وابوو دانیشتووانی سەرزەمین زۆر بوون کە تیایدا ململانێیەکی خوێناوی دروستکردووە، بۆیە وا گونجاوترە کە جەنگەکان بەرپا بن لە پێناو ئەوەی کە ژمارەکە کەمتر ببێتەوە.

بە گشتی «گۆران» گومان لەو بەها باڵایانە دەکات کە لە گەوهەردا ساختەن و مرۆڤکوژن، مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، دەبێت ئەوەشمان یاد نەچێت کە لە نێو ئەو تراژیدیایەدا خودی تێکنۆلۆژی جەنگ و کاولکاری رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت کە زادەی زانست و پیشەسازییە کە مرۆڤ شانازی پێوە دەکات، کەواتە زانست و تێکنۆلۆژیا و سەنعەتسازی چەکێکی دووسەرەیە بۆ خێر و شەڕ، نموونەی دوو جەنگی کاولکاری لە سەدەی بیستەم بەرپا بوو کە ناومان نابوو سەردەمی رۆشنگەری و تازەگەری و پێشکەوتن کە تیایدا هەر هەموو ئایدیۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینیییەکان خوێناوی و فاڵسۆ دەرچوون.

خودی رۆمانەکەش لەوەدا جیاوازە لای من کە هەمان پێشبینی کارەساتبار و درامی وتراژیدییانە بۆ داهاتووی ئێمە دەکات، کە ئەم رەهەندە خودی ئەدەبیاتی ‹ساینس فیکشن›: داستانئامێزی و زانستخوازانە کاری لەسەر کردووە، واتا رووی لە داهاتووە و نەک رابردوو کە لێرەشدا نووسەر پەنای بۆ بردووە.
***
ئیمە لە بەرامبەر چەند کارەکتەری دیکەی خێرخواز و ژیاندۆست و ئاشتیخواز راماوین کە رۆڵیان هەیە لە هاوسەنگی راگرتنی ئەم دونیای کە مەرجە رووی لە جوانی و هەق و خۆشەویستی و راستی بێت، نەک بەدکاری و رق و کینەبازی و ستەم و دووفاقی، کە یەکێک لەو کارەکتەرە سەرەکییانە «شووشە»یە کە هاوشانی ئەم چەند یاوەرێکی هەیە.

«شووشە» و یاوەرەکانی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چارەسەرێکی ئاسان هەیە کە فەرامۆشیان کردووە: ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سروشت و جوانییەکانی، هەڵبەتە ئەوەش دوای ئەوە هاتووە کە خودی مرۆڤ ملهوڕانە هێلانە و ژینگەی خۆی کاول کرد، بە واتا توانی ئەم سەرزەمینەی خۆی بۆگەن بکات و ئاو و هەوا و خاکی پیس کردووە. خودی ئەو ‹خۆکوشتن›ە کۆگیرییە زۆر پەیوەستە بەوەی بەر لەوەی مرۆڤەکان خۆیان بکوژن، ئەوان پێشتر سەرگەرمی کوشتنی رۆحی سروشت و جوانییەکانی بوون.

دیارە خودی خاتوو «شووشە» ئامادەی مەرگ و قوربانیدانە لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی، چونکە زۆرینە وەک فریادرەس دەیبینن، تاکە کەسێک «رام»ە کە وەک سێبەر بە دواوەیەتی و هەوڵدەدات کە لە ناو ئەو ململانێیەدا کۆتایی نەیەت، ‹رام› ئەویندارێکی بێ مەرج و داوایە!

هەڵبەتە لە ناوئاخنی کۆی تێکستەکەدا رەخنەیەکی رادیکالانە هەیە کە بڕ و بارستاییەکی زۆری ئەم دۆخی خۆلەناوبردنە کۆگیرییە زادەی رۆحی بارباریستی سیستمی سەرمایەدارییە/ کاپیتالیزم، هەمان سەرچاوەشە بۆ کاولکاری لە ناو سروشتدا. گرفتێکی دیکە کە بووەتە قەیرانێکی گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی؛ ئەویشیان هەوڵی گەوجاندنی مرۆڤە لە سەردەم و جوگرافیای جیاوازدا لە نێو دوو کایەدا کە مەردمگەلی گەمارۆ داوە و ماڵی و کەوی و رامی کردوون تا ئەندازەی گەوجاندن و بە کۆیلەبوون کە لە دوو کایەدا دەیدۆزینەوە: سیاسەت و ئایین بە مانا هەرە رەهاکەی نا.. بەڵام بە ئەندازەیەکی زۆر!

وەک دەرئەنجامی ئەم دۆخە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، مرۆڤێکی هەرزان و بێ سەنگ و رەنگ و دەنگ پەیدا دەبێت کە تاکڕەهەندە، تاکڕەهەند: واتا مەرگی دیوە رۆحی و مرۆییەکەی ئێمە و بایەخدان بەو دیوە ماتریاڵ پەرستییەکەی کە بۆتە دیاردە و دەردەداری کە ببین بە مەردمگەلێکی بەرخۆر و مشەخۆر و خەسارگەر و بەس، کە فەیلەسووف و تیۆریستی رامیاری و کۆمەڵناسێکی وەک «هێربێرت مارکیوز-ی ئەلمانی/ئەمریکی: ١٨٩٨-١٩٧٩» لە کتێبی {مرۆڤی تاکرەهەند}دا بە قووڵی لێیکۆڵیوەتەوە کە لە روانینی مندا هەمان ئەو «مرۆڤی هەرزان»یە کە لە رۆمانی «مرۆڤی هەرزان»دا دەیبینینەوە، گەرچی ئەم بیرمەندە لە خوێندنەوەی بۆ مرۆڤی تاکرەهەند و هەرزان پتر پەیوەستە بە کۆمەڵگای ‹رۆژئاوایی›، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە رێک بەسەر کۆمەڵگای ئێمەشدا و سەرجەم جوگرافیاکانی دیکە دەسەپێت کە خودی جیهانگیری/ گلۆبلایزەیشن زۆر نزیکی خستینەوە لەو بازنەیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە بیرمەندانی رۆژئاوایی سەرگەرمی هەڵکۆڵین و رەخنەگرتن بوون لە ناو خۆیدا، بە تایبەتیش بیرمەندانی سەر بە قوتابخانەی فیکری ناسراو بە «فرانکفرت»ییەکان!

تەوەرێکی دیکەی ئەم رۆمانە گەڕانە بە دوای «فریادرەس-savior» یان رزگارکەری خەڵکی لەم دۆخە نالەبەرەی کەوتوونەتە ناوییەوە، کە دیارە بیرۆکەی چاوەڕوانی فریادرەس لە ژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ئاسمانی و سەرزەمینی برەوی پێدراوە و تا هەنووکەش بە ملیارەها لە مەردمگەل چاوەڕوانی ئەو پاڵەوانە پەرجوودارە دەکەن کە هەموویان لە تەنگژەی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی قورتار بکەن، ئەوەشیان بەڵگەیە کە بە گشتی خەڵکی خۆیان خاوەن ویست و ئیرادە و بڕیاری خۆیان نین، کەسانی تاکڕەو و سەربەخۆ نین، بێهێزن بە دوای هێزێکدا دەگەڕێن کە ئاسمان بینێرێت یان لە سەر زەوی کە لە ناکاو هەڵتۆقێت کە روانینێکی وا بێجگە لە واهیمە و بێدەستەڵاتی بنیادەمەکان هیچی دیکە نییە!

کارەکتەری « شووشە» کەموزۆر نمایندەی وەها وێنەیەکە، بەڵام لە کۆتایی رۆمانەکەدا ئەم وێنەیە بۆ خانمێکی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و سروشتخواز و جوانپەرست دەگۆڕێت، کە گەرەکی نییە ببێت بە فریادرەس یان گومانی لە فریادرەسە و خۆی رادەپسکێنێت و درۆی فریادرەس پیشانی هەموومان دەدات، واتا نووسەر نەیخواستووە لە ژێر چەتری هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی ئاسمانی بێت یان دونیایی چارەسەرێک بۆ قەیرانی رۆحی و تەنگژەداری مەردمگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، کۆتاییە کراوەکەی رۆمانەکە ئێمە لەو دووڕیانەدا بەجێدێڵێت کە ناچارین بە تێڕامان و تێفکرین بیر لە رێگای خۆ رزگارکردن لەو هەموو تەڵزگە و تەلیسمە بدۆزینەوە، بەدەر لەوەی کە چییە و چۆن کە من ناکرێت نهێنییەکەی بدرکێنم، چونکە جوانی و سیحری رۆمانەکە لەوەدایە کە هەر کەسە و لە دیدگا و کلیلی خۆیەوە دەرگا داخراوەکان بکاتەوە!

بە درێژایی خوێندنەوەم بۆ رۆمانی «مرۆڤی هەرزان» ئەوەم بیر دەهاتەوە کە زۆرن ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی کە بڕوایان وایە شارستانییەت ڕوو لە هەڵدێرە نەک بونیاتنان، ئەو شارستانییەتەی مەردمگەل شانازی پێوە دەکات لەسەر حیسابی کوشتنی «ئێرۆس»ە کە خوداوەندی جوانی و خۆشەویستی و روو لە ژیاندۆستییە، بە پێچەوانەوە کە لە هەنووکەدا «تاناتۆس» زاڵترە کە خوداوەندی مەرگە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا.

لە کۆتایی ناساندنی ئەم رۆمانەدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە گومانکردن لە خودی مرۆڤ رەوایە کە تاکە گیاندارێکە نازانێت بژی، هەر بۆیە ناچارم بچمەوە سەر سێ مەحاڵەکەی «سێگمند فرۆید»یش کە بڕوای وا بوو کە لەوە دەچێت لە کۆنەوە تا هەنووکە سێ شت مەحاڵ بن: پەروەردەکردنی مرۆڤ، خوێندنەوەی بنیادەم لەسەر ئاستی رەوانی دەروونییەوە، سێیەمیان: حوکمکردنی مرۆڤ لە باری رامیارییەوە و کۆنترۆڵکرنی بە نیازی چاکبوونی مەحاڵە، لە کاتێکدا «فرۆید» و یاوەرەکانی بە درێژایی ژیانی پیشەییان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو سێ مەحاڵە بکەن بە کار و کردەوەیەکی شیاو و ئاسان کە نەکراوە!

 381 جار بینراوە