سەرەکی » راپۆرت » بۆچی خواست لەسەر نانی جۆ زیادیکردووە؟

بۆچی خواست لەسەر نانی جۆ زیادیکردووە؟

هەولێر، سەباح شوكر

وەك ئاماژەی بۆ دەكەن جگە لەتام و چێژەكەی هاوكات بەهۆی باسکردنی سوودەكانی نانی جۆ لەلایەن پزیشكانەوە خەڵكی زیاتر داواكاری لەسەر هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت كێش دابەزێنن و ئەوانەشی نەخۆشی شەكرە یان کێشەی ددانیان هەیە، حەزدەكەن نانی جۆ لە جیاتی گەنم بخۆن، هەر بەهۆی زۆری داواكاری نانی جۆ هاوشێوەی نانی گەنم بۆتە بەشێك لە خۆراكی رۆژانە.

بەشێك لەخاوەن نانەواخانەكان لە تابلۆكانیان نووسیویانە نانی جۆمان هەیە، ئەمەش بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیاران بەو پێیەی لەهەموو نانەواخانەیەك نانی جۆ دەست ناكەوێ، ئەگەر سەیری ئەو نانەواخانانە بكەی كە نانی جۆ دروست دەكەن زیاتر خەڵكی بەتەمەن و ئەوانە رووی تێدەكەن كە حەز بە دابەزینی كێش یان نەخۆشیەكی درێژخایەنیان هەیە.

حاجی عەلی، وەك خاوەنی یەكێك لە نانەواخانەكانی شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: هاوشێوەی گەنم خواست لەسەر نانی جۆ زۆرە و رۆژانە داواكاری لەسەر هەیە، وتیشی: لەبەرئەوەی كڕیارانی نانی جۆ تایبەتن، كەمتر هەویری نانی جۆ ئامادە دەكەین، هەروەها لەبەر ئەوەی نرخی جۆ لە هەندێک شوێن گرانترە لە گەنم بۆیە خەڵكی لەبەر نرخەكەش كەمتر نانی جۆ دەكڕن، چونكە هەشت نانی گەنم بەهەزار دینارە، بەڵام هەزار دینار چوار نانی جۆی پێدەكڕێت.

لەلایەن خۆیەوە، بەختیار كۆیی، خاوەنی شوێنی دروستكردنی نانی تیری كوردەواری لەبارەی دروستكردنی نانی جۆوە وتی: ئێمە خۆمان مانگانە بەتەن ئاردی گەنم وجۆ دەكڕین و دوای پاككردنەوەیان دەیكەین بەهەویر و لەلایەن ژنانی شارەزا دەكرێت بەنان، وتیشی: راستە جۆ بەتەنیا نابێتە نان، بۆیە هەندێك ئاردی گەنم لەگەڵ تێكەڵ دەكەین تاكو هەویرەكە یەكتر بگرێت و هەڵنەوەشێتەوە.

جۆی هاوردەکراو گومانی لەسەر هەیە
هەروەها ئیسماعیل هادی خاوەنی دوكانێكی دانەوێڵە لە هەولێر وتی: ماوەی دوو ساڵە خواست لەسەركڕینی جۆ زیادبووە، ئەوانیش دووجۆریان هەیە، هەندێكیان دەشێت بۆ خواردنی مرۆڤ و لەلایەن نانەواخانەكان دەكرێت بەنان، هەندێکیشی ناشێت.

ئەو خاوەن دوكانە باسی لەوەشكرد: جۆ بەهەمان شێوەی گەنم خراپ و باشی هەیە، ئەوانەی خۆمان زۆربەیان باشەو دیارە كە چۆن دەچێنرێ، بەڵام ئەوانەی هاوردە دەكرێن گومانی لەسەر هەیە، ئایە جۆیە یان مادەیەكی ترە، بۆیە دەبێ لەسنوورەكان چاودێری بكرێت.

ئەكرەم مەحمود، تەمەن شەست ساڵ لە شاری هەولێر، لەبارەی بەكارهێنانی نانی جۆ دەڵێ: من بەیانیان و ئێواران نانی جۆ دەكڕم لەبەرئەوەی ناسكە و بۆ ددانی من باشترە، هەروەها لەبەر ئەوەی ماوەیەكە لە سەری راهاتووم ئێستا حەز ناكەم وازی لێبهێنم.

وتیشی: جگە لە لایەنە تەندوستیەكانی نانی جۆ تام و چێژێكی خۆشی هەیە و ئاسانتر هەزم دەكرێت لە گەدە، ئێستاش جگە لە فڕنەكان زۆر لەكابانی ماڵ هەیە نانی جۆ بەشێوەی تیری دروست دەكات و لەبازاڕەكان دەیفرۆشن.

باسی لەوەشكرد: پێشتر لەساڵانی نەوەتەكان و ئەو كاتانەی نرخی گەنم زۆر گران بوو خەڵكی لەبەر نەبوونی پەنایان بۆ نانی جۆ دەبرد، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری نانی گەنم، جارێكی تر گەڕاونەتەوە سەر نانی جۆ.

جۆ لە رووی تەندروستیەوە سودێکی زۆری هەیە
دكتۆر جەودەت مامەند پسپۆڕی بواری خۆراك بۆ كوردستانی نوێ وتی: زانستەكان پشتڕاستیانكردۆتەوە كە نانی جۆ خۆراكێكی پڕ وزەیە و چەندین سودی گرنگی هەیە (ئەگەر جۆیەکی باش بێت و فێڵی تێدا نەکرێت)، بەتایبەت لە رێكخستنی شەكرەی خوێن و كاركردنی كۆ ئەندامی هەرس، هەروەک یارمەتی مرۆڤ دەدات بە خێرای كێشی لەشی دابەزێنێت، وتیشی بەهۆی بەرزی ڕێژەی ریشاڵ‌ و نزمی رێژەی كاربۆهایدرات خواردنی نانی جۆ وا لە رژێنی ئەنسۆلین ئەكات بە رێكوپێكی كاربكات، بەمەش بە شێوەیەكی باش یارمەتی دابەزاندنی شەكری خوێن دەدات، بۆ ئەو كەسانە زۆر بەسوودە كە شەكرەیان هەیە.

روونیشیكردەوە: نانی جۆ یارمەتی كۆنترۆڵکردنی بەرزی فشاری خوێن و بەرزی كۆلیسترۆڵ ‌و چەورییەكانی خوێن دەدات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەكانی تری دڵ كەمئەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی یارمەتی پتەوبوونی ئێسكەكان دەدات و تەندروستییەكی باش بە پێست دەگەیەنێت و وا ئەكات پێست درەنگتر چرچولۆچ بێ.

باسی لەوەشكرد: ئەو كەسانەی نانی جۆ دەخۆن بە دەگمەن تووشی نەخۆشییە درمەكان دەبن، بەڵكو ئەوانەی تووش دەبن لە كەسێكی ترەوە بۆیان دەگوێزرێتەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی بەرز لە ماددەی ریشاڵ لە جۆدا بوونی هەیە یارمەتی كرداری هەرسكردن‌ و رێكخستنی پرۆسەی میتابۆلیزم و دابەزاندنی و كێش و نەهێشتنی قەبزی دەدات، لەگەڵ هەموو ئەو سودانەی جۆ، بەڵام خواردنی بەرێژەیەکی زۆر زیانی لێدەکەوێتەوە، بۆیە نابێ زیادەڕەوی لەبەکارهێنانیدا بکرێت، بەتایبەتی بۆ دابەزینی کێش.

 555 جار بینراوە