سەرەکی » زانست » تەلیسكۆبی هابڵ، 31 ساڵ زانیاریی و وێنەی دەگمەن

تەلیسكۆبی هابڵ، 31 ساڵ زانیاریی و وێنەی دەگمەن

كەشتیی نوح

بەبۆنەی 31 ساڵەی تەمەنی لە بۆشایی ئاسمان، تەلیسکۆبی هابڵ وێنەی ئەستێرەیەكی دەگمەنی پێشكەشی زانایان و مرۆڤایەتی كرد.

تەلیسکۆبی هابڵ لە (24)ی نیسانی (1990) دا رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا و هەمیشە بەو وێنە دەگمەنانەی رەوانەی دەكات بۆ تیمی سەرپەرشتیاری لەسەر زەوی زاناكان و مرۆڤایەتی سەرسام دەكات، ئەمساڵیش لە یادی 31 ساڵەی تەمەنیدا وێنەی ئەستێرەیەكی دەگمەنی رەوانە كردووە كە لە رادەبەدەر رۆشنە و لەسەر وەختی لەناوچووندایە.

تەلیسکۆبی هابڵ پڕۆژەیەكی هاوبەشی ئاژانسی فەزایی ناسا و ئاژانسی فەزایی ئەوروپا(ESA)یە و لە ساڵی (1990)ەوە هەموو ساڵێك لە یادی هەڵدانی بۆ بۆشایی ئاسمان كە زاناكان بە یادی لەدایكبووونی ئەو تەلیسکۆبەی دادەنێن، وێنەیەكی دەگمەنی تەنێكی زۆر دووری ئاسمانیی دەنێرێت بۆ زەوی كە نەك بە تەنها دەبێتە جێگەی سەرسوڕمانی زانایان، بەڵكو ئارەزوومەندانی زانستی گەردوونناسیش سەرسام دەكات.

ئەمساڵیش لە یادی لەدایكبوونیدا وێنەی ئەستێرەیەكی زەبەلاح و دەگمەنی ناردەوە بۆ ناسا كە بە (TAG Carinae) ناسراوە و لە لێواری لەناوچووندایە.

(TAG Carinae) لەو ئەستێرانەیە كە پێیاندەوترێت گۆڕدراوی شینی درەوشەدار(LBV) و لەدووریی (20)هەزار ساڵی تیشكییەوەیە و تەمەنی چەند ملیۆن ساڵێكە لەگەڵ ئەوەشدا و لەڕووی گەردوونییەوە بەم نزیكانە لەناو دەچێت.

ئەم ئەستێرەیە بارستاییەكەی (70) هێندەی خۆرە و بە تیشكێكەوە دەسووتێت كە ملیۆنێك جار هێندەی خۆرە و توێژاڵێك گاز و تۆزی بەدەورەوەیە بە هێندەی پێنج ساڵی تیشكیی درێژبووەتەوە كە سەد ملیۆن هێندەی مەودای دووریی نێوان زەوی و مانگە، ئەمەش بۆخۆی لە ماددەیەك پێكهاتووە كە یەكسانە بە (10) هێندەی بارستایی خۆرەكەی ئێمە، هەروەها بەتەنها بەرگە هەوای ئەو ئەستێرەیە هێندەی مەودای نێوان زەوی و (پرۆكسیما سنتوری)یە كە لە دوای خۆرەوە دووەم ئەستێرەی نزیكە لە زەوییەوە.

زاناكانی ناسا دەڵێن: «ئەستێرەی (TAG Carinae) بە هۆی تەقینەوەی زەبەلاحێك یان دووانەوە دروست بووە و ئەو ئەستێرە گۆڕدراوە شینە درەوشاوانە بە خێرایی دەژین و بە بچووكیی دەمرن لە هەمانكاتیشدا بە درەوشاوەترین و مەزنترین ئەستێرەكان دادەنرێن كە تائێستا زانست پەی پێبردبن و تەمەنیان چەند ملیۆن ساڵێك بڕ دەكات».

پێویستە بوترێت، تەلیسکۆبی هابڵ دەبوو بەر لە 13 ساڵ كۆتایی بە كارەكانی بهێنرێت و خانەنشین بكرێت و جێگەی خۆی بۆ تەلیسکۆبی مەزنی (جەیمس ویب) بكاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەو تەلیسکۆبە ملیۆنان دۆلاری تێچووە، بەهۆی چەند هەڵەیەكی تەكنیكییەوە خستنەكاری چەند جارێك هەڵوەشێنراوەتەوە كە دواترینیان ئەوە بووە كە بڕیار بوو مانگی ئاداری ئەمساڵ كار بە تەلیسکۆبی جەیمس ویب بكرێت، بەڵام دیسان ئەو وادەیە بۆ مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دواخراوە و بەمەش تەمەنی تەلیسکۆبی هابڵ درێژكراوەتەوە.

سەرچاوە: نۆڤۆستی

 160 جار بینراوە