سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » دۆخی ئەنجومەنی دادوەریی لە كوردستان

شوخت

دۆخی ئەنجومەنی دادوەریی لە كوردستان

دامەزراوەی دادوەریی كۆڵەکەی سەقامگیریی کۆمەڵگە و حكومڕانییە. ئەو دامەزراوەیە لەنگ و لەرزۆك بوو، حكومڕانی هاوسەنگی خۆی لەدەست دەدات، ئاسایشی کۆمەڵگە دەكەوێتە مەترسییەوە، دادپەروەریی هیچ بەهایەكی نامێنێت.

ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بینیمان، تەمومژی نەهێشت لەبەدەم ئەو راستییەی كە دەسەڵاتی دادوەریی لە كوردستان بە جۆرێك لاوازبووە کە خەریکە دەبێتە بەشێك لە ئەجێندای حزب و دەستێوەردان لە بڕیار و كارەكانیدا بەروونی دیارە.

لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێم لەڕێی یاسایەكی تایبەتەوە، ئەنجومەنی دادوەریی وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لە حكومەت جیاكرایەوە. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە بوو كەمێك لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەستێوەردانی حزب دووربكەوێتەوە، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵە دەریخست ئەم دەسەڵاتە نەك نەیتوانی سەربەخۆ بێت و قانون پارێز بێت، بەڵكو هەندێک جار بڕیارەكانی دادگاكان، هۆكاربوون بۆ گرژیی سیاسی و لێكەوتەی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە، وەك لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دادگای هەولێر وڵاتانی دۆستی وەك ئەمریكا و ئەڵمانیای كردۆتە تەرەف لە كەیسی گیراوانی بادیناندا.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێشێلکاریی زۆر گەورە لە دامەزراوەی دادوەریی كوردستاندا رویداوە، وەك حاكم رزگار دەڵێت: «لەماوەی 40 ساڵی كاركردنم لەناو دامەزراوەی دادوەریی، دۆخی دادوەریم لەئێستا خراپتر نەبینیووە». كە دەكرێت بڵێین ئەو پێشێلکارییانە وێنەی نەبووە لە مێژووی دەسەڵاتی دادوەریی لە كوردستان و عیراقدا.

سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دادوەریی، بە ناقانونی تەمەنی خانەنشینی بۆ چەند ساڵێك درێژكرایەوە، ئەوەش مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەروەك ئێستا دووبارە تەمەنی دوو دادوەری دادگای تەمیز و ئەنجومەنی دادوەریی بە ناقانونی بۆ ساڵێك درێژكراوەتەوە، لەكاتێكدا یەكێتیی دادوەران و پەرلەمان و دەستەی نەزاهەی كوردستان بە بەیاننامە و نووسراوی رەسمیی داوایانكردووە ئەو كارە ناقانونییەی ئەنجومەنی دادوەریی رابگیرێت، بەو پێیەی دەسەڵاتی دادوەریی لە كوردستان لەكەدار و ناشرین دەكات.

یەكێك لەو دوو دادوەرەی بە ناقانونی بەردەوامە لە كاركردن، ئیمزای لەسەر دووپاتكردنەوەی سزای گیراوانی بادینان كردووە.

هێشتا خراپتر، لە ساڵی 2018 وێنەی ژمارەیەك دادوەر بڵاوكرایەوە كە لە كەمپینی بانگەشەی حزبدا لە یاریگای هەولێر بەشدارییان كردبوو. هەروەك لەماوەی رابردوودا وێنەی ژمارەیەك دادوەر بڵاوبۆوە كە بۆ پیرۆزباییكردن سەردانی لێپرسراوێكی حزبیان كردبوو، كە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، بەهۆی تۆمەتباربوونی بە كوشتنی خۆپێشاندەران.

لەماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا ژمارەیەك لە دادوەرانی هەولێر و بادینان، لەنێوانیاندا یەكێك لەو دادوەرانەی تەمەنی خانەنشینی بە ناقانونی درێژكراوەتەوە و یەكێكە لەو سێ دادوەرەی ئیمزای لەسەر سزادانی گیراوانی بادینان كردووە. لەسەر خواستی حزب پرۆژەیەكیان نووسیوەتەوە بۆ هەمواركردنەوەی قانونی دەسەڵاتی دادوەریی بەجۆرێك تەمەنی خانەنشینی دادوەر بۆ چەند ساڵێك درێژ دەكاتەوە و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی دادوەریی زیاتر دەكات، تاوەكو بەیەكجاریی و لەڕێی قانونەوە دەسەڵاتی دادوەریی بكەنە دیلی حزب و لەمەودوا ئەوەی ماویشە وێرانی بكەن!

 377 جار بینراوە