سەرەکی » وتار » شتێکی گاڵتەجاڕە

پەشمەک

شتێکی گاڵتەجاڕە

ڤینۆس فایەق

(7)

«کەسێک مافی ئەوەی نەبێت بەو شێوەیەی باوەڕی پێیەتی بژی، بژاردەیەکی تری نامێنێت جگە لەوەی بکەوێتەوە دەرەوەی یاسا»

*نیلسۆن ماندێللا*

مەگەر لەبەرئەوەی خەڵک نەدەبوو زاتی ئەوە بکەن بڵێن ئێمە کوردین و داوای مافی چارەنووسی خۆیان بکەن ئەنفال کران؟ کورد و تەنانەت شیعەش لە زیندانەکانی بەعسدا کە بەبێ دادگایی لە سێدارە دەدران و بێسەر و بێ شوێن دەکران، مەگەر لەسەر ئازادی بیروڕا نەبوو! لەبەرئەوەی نەدەبوو کەس رەخنە لە دەسەڵاتی بەعس بگرێ!

دەسەڵاتی دەوڵەت ئەگەر لە بواری رۆژنامەوانی دوورنەخرێتەوە، هەرگیز ناتوانرێ بەدواداچوون بۆ کەمتەرخەمی و پێشێلکارییەکانی بەرپرسانی دەوڵەت بکرێ و خەڵکی لێ ئاگاداربکرێتەوە، چونکە رۆژنامەوانیی راستەقینە، رەخنەگرتن و گواستنەوەی گلەیی و گازندەی خەڵکە.

دەربڕینی ئازاد سنوور ناناسێت، مەگەر تەشهیر و درۆهەڵبەستن، ئەوەی تەنها هەواڵی بەرپرسەکان دەهۆنێتەوە و ستایشی دەسەڵات دەکات رۆژنامەنووس نیە و شتێکی ترە. ئاخر ناکرێ بەرپرس هەبێ هەتا سەر پێشێلکاری بکات و بۆ کەس نەبێت قسە بکات.

کە ئازادیی بیروڕا و رۆژنامەگەری نەبوو، پێویست ناکات کەس هیچ رۆژنامەیەک بخوێنێتەوە، پێویست ناکات گوێ لە هەواڵەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان بگیرێت، مەگەر دراما دوبلاژکراوەکان، دەسەڵاتێک رێگە بە رای ئازاد و رۆژنامەگەریی ئازاد نەدات، خۆی لەناو پێناسەی فاشیەتدا دەبینێتەوە. ئەگەرنا هیچ دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی نووسین و رادەربڕینەوە ئادەمیزادێک بخاتە زیندانەوە کە چەکەکەی وشەیە و تاوانەکەی ئازادییە.

جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئازادی رادەربڕین و دەسکەوتنی زانیاری و گواستنەوەیانی چەسپاندووە، چونکە رۆژنامەگەری لانیکەم بۆ ئەوەی هەنگاوێک لە سیستمی دیموکراسی نزیک بینەوە دەبێت دەسەڵاتێکی کاریگەر و وروژێنەری پیشەیی هەبێت، چونکە پێوەری دیموکراسی رووبەری ئازادی رادەربڕینە.

ئیشی رۆژنامەنووس لادانی پەردەیە لەسەر ئەو بابەتانەی کەسانێک هەن نایانەوێ گوێیان لێی بێت و بابەتە قسە لێ نەکراوەکان بکاتە بابەتی رۆژنامەوانیی و رای گشتی لەسەر بوروژێنێت. ئەوەشی زەمانەتی ئازادی رۆژنامەنووسان دەکات بێلایەنیی سیستمی دادوەرییە کە دەبێت پێش هەموو شتێک باوەڕی بە سەربەخۆیی خۆی هەبێت.

دەسەڵاتێک دەنگی ئازاد زیندانی بکات، شتێکی گاڵتەجاڕە تاوانەکانی رژێمەکەی پێش خۆی دژ بە رۆژنامەنووسان و کپردنی دەنگی ئازاد بکات. لە هەرێمێکدا زیندان هەبێت رۆژنامەنووسی تێدابێت، گاڵتەجاڕە کۆمەڵگەیەکی نموونەیی ئازاد بۆ دنیای دەرەوەی وێنا بکات. لە هەرێمێکدا کە رۆژنامەنووس ئازاد نەبوو و دادوەری سەربەخۆ نەبوو، شتێکی گاڵتەجاڕە باسی سەربەخۆبوون و هیچ جۆرە ئازادییەک بکرێ. لە هەرێمێکدا کە تا ئێستاش بۆ کەس نەبێت ناوی سەرکردەیەکی حزبی بەرێت و دەست بخاتە سەر گەندەڵییەکانی لەناو کۆمەڵگەدا قسەکردن لە سەربەخۆبوون بەتاڵە.

لە 1987ەوە تورکیا شەڕی بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات هەتا ساڵی 2016 یەکێتی ئەوروپا تورکیای بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کەمتەرخەمی لە سەروەریی یاسا لە وڵاتەکەی تاوانبار دەکرد و دانوستانەکان تەواو وەستێنران، هەر ئەو کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەشە باوەڕی بەوە نییە هیچ دەسەڵاتێک لە هەرێمەکەی ئێمەدا جارێ هیچ ئێلێمێنتێکی دەوڵەتێکی سەردەمی بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان هەبێت.

هیچ بەهانەیەک بۆ زیندانیکردنی رۆژنامەنووس نییە، مەگەر لەلایەن ئەوانەوە کە خۆیان شتێکی خراپ دەکەن و مافی خەڵک پێشێل دەکەن، لە ترسان رۆژنامەنووس لغاو دەکەن یان راپێچی زیندانی دەکەن و لە سایەی سیستمێکی دادوەری پەکخراودا سزای زیندانیکردنی دەدەن.

ئیستا لێم بپرسن پێناسەیەکی ئەو هەرێمە بکە کە لێوەی هاتووی، دەڵێم: من خەڵکی هەرێمێکم خەڵکەکەی لەسەر قسەکردن دادگایی دەکرێن و زیندانی دەکرێن و لە کوچە و کۆڵانەکانیدا دەشکوژرێن و داوای دەوڵەتی سەربەخۆشمان بۆ دەکەن.

venusfaiq@hotmail.com

گۆشەیەکی گشتییە هەفتەی جارێک بڵاودەبێتەوە

 416 جار بینراوە