سەرەکی » مانشێت » بەم نزیكانە پشكی هەرێم لە بودجە خەرج دەكرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران:

بەم نزیكانە پشكی هەرێم لە بودجە خەرج دەكرێت

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: لە ماوەیەكی نزیكدا پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق خەرج دەكرێت.

بەپێی لێدوانی ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران «بڕیارە بەم نزیكانە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی مادەی 11ی یاسای بودجەی گشتیی 2021ی عیراق، وەفدێكی هونەری هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات»، هەر لەوبارەیەوە د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تائێستا هیچ وادەیەك بۆ سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا دیارینەكراوە.

لەلایەكی دیكەوە، حسێن نەرمۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی یاسای بودجەی 2021ی عیراق چووە بواری جێبەجێكردنەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا پشكی هەرێم خەرج بكرێت، دواتر هەردوولایەن گفتوگۆی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی مادەی 11ی یاساكەوە دەكەن، وتیشی: بەگوێرەی یاسای بودجە پێویستە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەژمار بكرێت، بۆئەمەش رێنمایی پێویست لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە دەركراوە، ئێمەش وەك پەرلەمانتاران چاودێری چۆنێتیی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە و یاساكانی دیكە دەكەین.

لەبارەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە، وتی: بەهۆی پشووی جەژنەوە، كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.

 1,269 جار بینراوە