سەرەکی » ئاراستە » له‌ یادی سێ ساڵه‌ی كۆچی دوایی ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەردا

له‌ یادی سێ ساڵه‌ی كۆچی دوایی ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەردا

لاپه‌ڕه‌ی سه‌روه‌ران

سه‌ركرده‌ی نه‌مر عادل موراد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

ساڵی 1949 له‌ شاری به‌غدا له‌دایكبووه‌، به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر كورده‌ فه‌یلییه‌كان، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ خوێندنگه‌ی كوردانی فه‌یلی و هه‌ردوو قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ به‌غدا ته‌واوكردوه‌.

سه‌ره‌ڕای دووری له‌ كوردستان، ژیانی سیاسیی له‌ پێناو كوردایه‌تیدا زوو ده‌ستی پێكردووه‌، كاتێك له‌ ساڵی 1965 له‌ به‌غدا په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كرد، ساڵی 1966 له‌ به‌شی كیمیای كۆلێجی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه‌و له‌ ماوه‌یه‌دا سه‌رپه‌رشتی به‌شێكی رێكخستنه‌كانی به‌غدای كرد.

ساڵی 1969 به‌شێكی رێكخستنه‌كان ئاشكرابوون، بۆیه‌ ناچاربوو واز له‌ خوێندن بهێنێت و رووبكاته‌ شاخ و ببێته‌ پێشمه‌رگه‌.

له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا بووه‌ ئه‌ندامی ناوچه‌ی پارتی له‌ ناوچه‌ی باڵه‌یی و له‌ هه‌مان كاتدا له‌به‌ر كه‌میی مامۆستای گونده‌كان له‌ خوێندنگه‌ی یه‌كێ له‌ گونده‌كان مامۆستایی كرد.

پاش راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازای ساڵی 1970، له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان به‌ سكرتێر هه‌ڵبژێردرا.

به‌پێی خاڵه‌كانی به‌یاننامه‌كه‌ش كه‌ ده‌بوو جێگری لێپرسراوی رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانی عیراق كورد بێت، بووه‌ جێگری سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی خوێندكارانی عیراق.

هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غداو خوێندنی ته‌واوكرد.

له‌ به‌غدا جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكی ئیشوكاری یه‌كێتی قوتابیان و یه‌كێتیی نیشتمانیی خوێندكارانی عیراق و سه‌رقاڵی خوێندن بوو له‌ زانكۆ، ئه‌ندامی لقی پێنجی به‌غدای پارتیش بوو.

به‌هۆی فشاری رژێمی به‌عسه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نیوان كورد و ئه‌و رژێمه‌ له‌ ساڵی 1974 ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌غدای به‌جێهێشت و له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش گیرسایه‌وه‌.

پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش له‌ساڵی 1975، ئاواری ئێران بوو، هه‌ر ئه‌وساڵه‌ ئێرانی به‌جێهێشت و له‌ سوریا گیراسایه‌وه‌، له‌وێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا دامه‌زراندو به‌شداربوو له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا.

دوا به‌دوای ئه‌وه‌، لیێپرسراوێتی رێكخستنی ناو وڵاتی پێسپێردراو دواتریش بۆ درووستكردنی رێكخستن له‌ ئه‌وروپا، سه‌فه‌ری ئه‌وروپای كردو به‌ بولگاریاو رۆمانیاو هه‌ردوو ئه‌ڵمانیاو هۆڵندا ده‌ستی پێكردو توانی بناغه‌یه‌ك بۆ رێكخستنی یه‌كێتی له‌و وڵاتانه‌دا دابنێت.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سوریا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تری ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر سه‌رقاڵی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كدار بوو له‌ كوردستان و له‌م رووه‌وه‌ لێپرسراوێتی ئه‌ركه‌ لۆجستیكییه‌كان و ناردنی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی بۆ ناو وڵات گرته‌ ئه‌ستۆ.

له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 1979 گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و له‌ ناوزه‌نگ گیرسایه‌وه‌، به‌ڵام له‌مانگی شوباتدا له‌به‌ر هه‌ندێك هۆی سیاسی وازی له‌ یه‌كێتی هێناو گه‌ڕایه‌وه‌ سوریا و پاشان له‌ لوبنان له‌ رۆژنامه‌ی (سه‌فیر) وه‌ك رۆژنامه‌نووس كاری كرد.

ساڵی 1981 په‌یوه‌ندی به‌ حزبی سۆسیالیستی كوردستانه‌وه‌ كردو له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ئه‌و حزبه‌دا كه‌ له‌مانگی ئایاردا به‌سترا، به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردرا.

ساڵی 1994 په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ كرده‌وه‌و پله‌ی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پێ درا، ساڵی 1995 له‌ هه‌ولێر لێپرسراوێتیی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی پێ سپێردراو تا ساڵی 2000 له‌و ئه‌ركه‌دا مایه‌وه‌.

له‌و ساڵه‌دا وه‌ك لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ سوریا گیرسایه‌وه‌.

له‌كانوونی دووه‌می ساڵی 2003 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان و به‌شداربو له‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ له‌وماوه‌یه‌دا بۆ روخانی رژێمی به‌عس ده‌دران.

له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی به‌عسدا چوو بۆ به‌غداو ئه‌ركی په‌یوه‌ندی و دبلۆماتكارانه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆو ماوه‌یه‌كیش له‌ ئەنجومه‌نی حوكم نوێنه‌ی مام جه‌لال بوو.

ساڵی 2004 بووه‌ باڵیۆزی عیراق له‌ رۆمانیا، ساڵی 2010 له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی بۆ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵنه‌بژارد، ساڵی 2011 به‌سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند هه‌ڵبژێردرا.

له‌و ماویه‌دا كه‌ ئه‌و تێیدا سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند بووه‌، به‌شداریی ئه‌نجومه‌ن له‌ درووستكردنی بڕیار له‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و ئه‌نجومه‌ن كاراترو چالاكانه‌تر ئه‌ركه‌كانی به‌هێناوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیكتر، به‌ڕێوه‌چوو.

به‌داخه‌وه‌، رۆژی 18/5/2018 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.

 695 جار بینراوە