سەرەکی » وتار » کێشەی فەلەستین وەک ئەوەی هەیە

کێشەی فەلەستین وەک ئەوەی هەیە

عەلی عەبدولسەمەد

بێگومان دیمەنەکانی کوشتنی مرۆڤ و ستەمکردن لەهەر شوێنێك بێت، دیمەنێکی ئازار بەخشن بۆ مرۆڤ.

چەند ڕۆژێکە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا دەستی پێکردۆتەوە و ئەم دیمەنانەش بەر لەهەر بیرکردنەوە و هەستێکی ئاینی، لەڕووی مرۆڤایەتییەوە دیمەنی ئازاربەخشن و مرۆڤ بە بینینیان ناڕەحەت دەبێت.

گەلی کورد و فەلەستین دوو گەلی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ساڵانێکی زۆریشە هەریەکەو بەجۆرێك ستەمیان لێدەکرێت، تەنانەت مەحمود دەروێشی شاعیری گەورەی فەلەستین، شیعری بۆ کورد و ئازارەکانی کورد نوسیووە و هاوسۆزی بۆ کورد دەربڕیوە.

ئەمە لەهەمان کاتدا کە چەندین شاعیری دیکەی کوردیش بەهەمان شێوە وەک هاوسۆزی و دڵسۆزی بۆ گەلی فەلەستین شیعریان بۆ فەلەستین نوسیووە و هاوخەمی ئەو گەلە بوون.

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، زۆرجار بەکارهێنانی ئەم پرسەیە وەک پرسێکی سیاسی و بەکارهێنانی لەلایان چەندین ناوەند و وڵاتی ئیسلامییەوە، بۆ جوڵاندنی هەستی ئاینی و نیشاندانی خۆیان وەک بەرگریکاری ئیسلام و موسوڵمانان و مافی مرۆڤ.

ئەمە لەکاتێدایە بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، پەیوەندی بەهێز و ژێر بەژێریان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەن لە کەنداو و ناتوانن ئەو سنورە ببەزێنن کە بۆیان کێشراوە بەرامبەر بەو وڵاتە.

ئەوە سەرەڕای بێ دەنگبوون و بێ هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە ئێستا هەستی ئاینی موسوڵمانان دەوروژێنن لەپرسی قودس و فەلەستیندا، بەرامبەر بە پرسی کورد و نەهامەتیەکانی، هەم لە ساڵانی ڕابردوو کە لەباشوردا کرا لەسەر دەستی بەعس، لە ئەنفال و کیمیایی و لەناوبردنی گەلی کورد دا، هەم ئێستاش کە لە خۆرئاوادا کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، کە بەشێک لەو وڵاتە ئیسلامییانە خۆیان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەو پاکتاوکردن و لەناوبردنەی گەلی کورد دا و بۆ ئامانجی دیکە خۆیان وەک بەرگریکاری ئازادی نیشان دەدەن لە پرسی فەلەستیندا.

 326 جار بینراوە