سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » هەوڵەکان بۆ باشكردنی پەیوەندی نێوان عیراق و سعودیە

هەوڵەکان بۆ باشكردنی پەیوەندی نێوان عیراق و سعودیە

سعودیە یەکێکە لە دراوسێ گرنگەکانی عیراق، هەمیشەش پەیوەندیی نێوانیان باش نەبووە، بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی سەدام حوسێندا، زۆرخراپ بوو. لەپاش نەمانی رژێمی سەدامیش، دیسانەوە ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزتربوو، ئەوەش بەهۆی بەهێزبونی هەژموونی ئێران لە عیراق. بەڵام لەماوەی پێشوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەرەو باشی دەچێت، ئەمەش زیاتر بەفشاری ئەمریکا بۆسەر هەردوولا دروستبووە.

بەرەو باشی دەچێت
لەمبارەیەوە گۆڤاری « ۆرد ئۆن زە رۆک» ی ئەمریکا، راپۆرتێکی مهیار کازمی بڵاوکردۆتەوە، کەئەویش توێژەرێکی بەریتانییەو مامۆستایە لەزانکۆی لەندەن. ئەو توێژەرە لە راپۆرتەکەیدا پێی وایە، لەئێستادا پەیوەندی نێوان سعودیەو عیراق زۆر بەهێزە، کەلەماوەی سی ساڵی رابردوودا زۆر خراپ بووە. لەم نێوەندەشدا ئەمریکا رۆڵی سەرەکی گێڕاوەو یەکێکە لەستراتیژییە نوێکانی ئەمریکا، دژ بەئێران لەناوچەکەدا.

ئەمریکا عیراقێکی بەهێزی دەوێت
لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا ئەو توێژەرە بەریتانییە دەڵێت: لەئێستادا سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عیراق بەوشێوەیە، کە پەیوەندی لەگەڵ سعودیەو وڵاتانی کەنداو زۆر باشبێت بەتایبەتی لەرووی ئەمنیی و هاوکاری ئابووری و سەربازییەوە. هەروەها لەرووی جەنگ لەدژی تیرۆر و تایەفەگەرییەوە، کەماوەی چەندین ساڵە عیراقی وێرانکردووە. دەشڵێت: لەئێستادا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق، دەیەوێت سوود لەهەڵەکانی پێشوو و هەروەها پشتگیرییە نێودەوڵەتییە وەربگرێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەی عیراق. لەلایەکی ترەوە ئەمریکا لەئێستادا عیراقێکی بەهێزی دەوێت، تاوەکو بتوانێت رووبەروی هەژمونی ئێران لەناوچەکە بوەستێتەوە.

سعودیە و ئاوەدانکردنەوەی عیراق
لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا کازم دەڵێت: بەشداریکردنی سعودیە لە ئاوەدانکردنەوەی عیراق، هیوایەکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە، کەماوەیەکی زۆرە گیرۆدەی جەنگی تایەفیی و ناوخۆ بۆتەوە . دەشڵێت: یارتمەتییەکانی سعودیە بۆ عیراق لەم کاتەدا ، زۆر گرنگە چونکە لەئێستادا عیراق زۆر پێویستی بەهاوکاری و یارمەتی دەرەکیی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

چارەنووسی ناوچەکە دەگۆڕێت
دواتر مهیار کازم دەڵێت: لەئێستادا بەهێزبونی پەیوەندی نێوان عیراق و سعودیە لەرووی دیپلۆماتییەوە گرنگە، گەر ئەم پەیوەندییەش لەداهاتوودا بگاتە ئاستی ستراتیژی، ئەوا خزمەتی هەردوولا دەکات و جارێکی تریش عیراق دەگەڕێتەوە بۆناو باوەشی خێزانی عەرەبی ، هەروەها ئەم پەیوەندییە دەتوانێت تەواوی چارەنووسی ناوچەکەش دەگۆڕێت.

هۆکاری ئەم نزیکبوونەوەیە
پاشان نووسەر باس لە هۆکاری ئەم نزیکبوونەوەیە دەکات و دەڵێت: چەند هۆکارێک رۆڵیان هەبووە لەم نزیکردنەوەیە لەوانە: نزیکبوونەوە لەناوبردنی چەتەکانی داعش، شكستهێنانی راپرسی کوردی بۆ دورستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، پێویستییەکانی عیراق بۆ یارمەتی دەرەکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات. هەروەها رۆڵی ئەمریکاش لەم نێوەندەدا زۆر گرنگ بووە.

ئێران ترسە گەورەکەی سعودیە
ئێران یەکێکە لەنەیارە سەرسەختەکانی سعودیە لەناوچەکە، یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نزیکبوونەوەی سعودیەش لەعیراق، کەمکردنەوەو لاوازکردنی هەژموونی ئێرانە لە عیراق و ناوچەکە.

باشکردنی پەیوەندییەکان
جێگەی ئاماژیە لەماوەی چەند مانگی پێشوودا، پەیوەندی نێوان هەردوولا زۆر باشبووە، سعودیە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغداو کونسوڵخانەشی لەنەجەف کردەوە، ئەمەش پاشئەوەی لەساڵی 1990 ەوە پەیوەندی دیپلۆماتی نێوان هەردوولا پچڕابوو. هەروەها بەشداربوونی زیاتر لە 60 کۆمپانیای سعودیە لە پێشەنگای بەغدای نێودەوڵەتی ، ئاماژەیەکی تری سعودیە بوو بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە بەتایبەتی لەرووی ئابووریەوە. جگەلەوەش وابڕیارە سعودیە بەشدارییەکی بەهێزبکات لە کۆنگرەی ئاوەداکردنەوەی عیراق کە لەکوێت دەبەسترێت.

ئەمن و ئاوەدانکردنەوە
پاشان ئەو نووسەرە دەڵێت: جێگەی ئاماژەیە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجومەنی هەماهەنگی سعودی و عیراق کۆبوونەوەی خۆی بەست، ئامانجی ئەم ئەنجومەنەش بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتە، بەتایبەتی لەرووی خوێندنی باڵاو گۆڕینەوەی خوێندکاران و بواری کولتوری و سەرمایەگوزاری بەتایبەتی لەکەرتی نەوت و گاز و بازرگانی و بەرهەمە کشتووکاڵییەکان. لێ ئامانجی سەرەکی هەردوولا، بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانیانە بەتایبەتی لەرووی ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی عیراق.

سەرچاوە:الانصات المرکزی: العدد. 6830.5/2/2018

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*