سەرەکی » زانست » لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، با ژینگەی…

لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، با ژینگەی…

لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، با ژینگەی هەسارەكەمان بپارێزین

سەردار عەبدولڕەحمان (سەحەری)- رانیە

هەسارەی زەوی تاكە شوێنی ناو كۆمەڵەی خۆرە كە شیاو و گونجاوە بۆ ژیان، ئێمەی مرۆڤ لەسەر پشتی ئەم هەسارەیە گشت پێداویستییەكانی ژیانی خۆمان بەدەستدەهێنین، زەوی بێوچان چەندین سەردەمی جیۆلۆجیی بەسەردا تێپەڕیووە، تا توانیوێتی خوانی دەرامەتە سروشتییەكانی بۆ ئێمە فەراهەم بکات، ئاشكرایە هەسارەی شین لانكەی چەندین شارستانی مێژوویی مرۆڤایەتی بووە، چەندین دەسەڵاتداری بەهێز و ملهوڕی خستۆتە ژێر ناخی خۆیەوە.

ئێمەی مرۆڤ رۆژگارێك دێت دەبێت بسرەوین، بەڵام زەوی ناسرەوێت، سروشت بە درێژایی مێژوو وەڵامی گشت پێداویستییەكانی مرۆڤی كۆن و ژیاری ئێستای داوەتەوە، زەوی بێوچان خۆراكی خۆی پێمان دەدات، بەڵام ئەوە مرۆڤەكانن بە یەكسانی دابەشی ناكەن و جیاوازیی چینایەتی دروست دەكەن، زەوی توانای خۆیی بۆ دەستەبەر کردووین بەبێ هیچ جیاوازییەكی نەتەوەیی و ئاینیی و كۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوە سەرمایەدارەكانن قۆرخكاری دەكەن و زەوی دەكەنە شوێنی ململانێ لەسەر بەرژەوەنییە خۆپەرستییەكانی خۆیان، بێئاگا لەوەی رۆژگارێك خۆیان دەبنە قۆرخی ناخی ئەو زەوییەی كە چاویان لێی تێر نابێت.

زەوی هەمیشە لە خزمەتی ئێمەی مرۆڤایەتیدا بووە بە گشت رەگەزەكانی (ئاو و هەواو خۆراك) بەبێ ئەوەی رۆژێك هەست بە ماندوبوون یان پشوو بكات، ئەم هەسارەیە تاكە بۆ ئێمەی گشت، هەرلە مێژە مرۆڤ بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە جۆربەجۆرەكانی سڵی لە توانای زەوی نەكردۆتەوە و بە ئارەزووی خۆی كەوتۆتە وێزەی بەبێ ئەوەی رۆگارێك هەستی سوپاس و ستایشی بۆی هەبێت، بێگومان زەوی بۆ ئێمە كراوەیە، بەڵام نابێت زیادەڕەویی لە تواناكانی بكەین و دەبێت بە وریاییەوە ئاگامان لە نەوەی داڕۆژ بێت كە هێشتا نەهاتوونەتە دنیاوە و کە ئەوانیش پشك و مافی خۆیان هەیە، هەروەك چۆن ئەوانەی پێش خۆمان خەمیان لە دۆخی ئیستای ئێمە خواردووە و پلان و بەرنامەی گونجاویان بۆ داڕشتووین.

زەوی خۆراكی خۆی پێمان دەدات لە كۆتاییشدا هەموومان دەبینەوە خۆراكی ئەم هەسارەیە. مرۆڤ دەبێت هەمیشە بە گیانێكی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ دەرامەت و تواناكانی ئەم هەسارەیە بكات، بێگومان هەڵکشانی زیادەڕەوییەكانمان، باجێكە دەبێت خۆمان و نەوەی ئایندە لە ئەستۆی بگرین، ئێمەی مرۆڤ دەبێت لەپای ژیانمان لەسەر ئەم هەسارەیە دەستەوەستان نەبین، بەڵكو بە چەندین رێگە و شێوازی نوێ رێز و پاداشتی هەوڵە بێوچانەكانی ئەم هەسارەیە لەبەرچاو بگرین، ئەویش ئاشكرایە لە رێگەی (پاراستنی دەرامەتەكان و زیادەڕۆیی نەكردن لە بەركارهێنان و چاندنی نەمام و پاراستنی گیانلەبەران و چاودێریكردنی دارستانەكان و سەرچاوەكانی ئاو و هەوا و …هتد)، چونكە ئەگەر وانەكەین ئەوا بە هێواشی چاڵ بۆ مەرگی خۆمان و نەوەی دواڕۆژ هەڵدەكەنین و ئایندەیەكی دژوار چاوەڕوانمان دەكات.

ئایا هەرگیز رۆژێك بە بیرتدا هاتووە لەپای ئەو خزمەتەی زەوی پێتی دەدا سوپاسگوزاری بیت و ستایشی بكەیت؟

ئایا هەرگیز لە خۆت پرسیووە كە چۆن بتوانین كارێك بکەین وەفای ئەم نیعمەتە بێ كۆتاییە بدەینەوە؟

زەوی زۆر جار لە پای تەماعكاری و هەوڵە خراپە بەردەوامەكانی ئێمەی مرۆڤی چاوبرسی لەم سەردەمەدا، هەستی ناڕەزایی و خەم و پەژارەی خۆی دەردەبڕێت، ئەویش لە رێگەی روودانی (بوومەلەرزە و گڕكان و تسۆنامی و خۆڵبارین و بەبیابانیبوون و سووتانی دارستاكان و لافاو و بڵاوبوونەوەی پەتاو نەخۆشی و….هتد) كاتێك زەوی فرمێسكی بارانی خۆی وشك دەكات، ئەوكات تێدەگەین كارەساتی وشكەساڵی و خۆڵبارین دەبێتە میوانێكی چارەگران! هەروەها زەوی هەندێ جار خەم و ئازاری ناخی خۆی بە گڕكان و سووتانی دارستانەكان پیشان دەدات! یاخود تووڕەیی خۆیی بە بوومەلەرزە و كارەساتی تسۆنامیی و کارەساتی دیکەی سروشتی دەردەبڕێت!

ئاشكرایە ئەمانەی سەرەوە هەموو زەنگێكی مەترسیدارن ئەگەر وریا نەبین بەر دەرگامان دەگرێت، زانایان دەڵێن: «زەوی چەندین گۆڕانی جیۆلۆجی بەسەردا هاتووە و كارەساتی لەناوچوونی ژینگەیی بەخۆوە بینیوە و هەر خودی خۆشی دووبارە هاوسەنگیی خۆی بۆ گەڕاوەتەوە و ژیان دەستی پێكردۆتەوە، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا دێتە پێش، كارەساتێكە مرۆڤایەتی بەرپرسیارە لە روودانی و ئەگەری دووبارە بوونەوەی ژیان مەتەڵێكە وەڵامەكەی نەزانراوە.

لە پاڵ هەموو ئەو ئەرك و خزمەتەی زەوی بە درێژایی تەمەنت پێشکەشی کردوویت، ئایا تۆ وەك مرۆڤێك هەستی بەرپرسیارانەت جووڵاوە كە چۆن وەك وەفایەك پاداشتی ئەم خزمەتە زۆرە بدەیتەوە؟

پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) لەوبارەیەوە دەفەرموێت:
(ئەگەر هات و یەكێك لە ئێوە نەمامێكی بە دەستەوەبوو دەیویست بینێژێ و لەوكاتەدا دنیا كۆتایی هات، ئەگەر دەرفەتی هەبوو با كۆڵ نەدا و درەختەكە بنێژێت)

زەوی پێداویستییەكانی هەموومان پڕ دەكاتەوە، بەڵام بەشی تەماعكاریی هەموومان ناكات.
(گاندی)

یەكێك لە مەرجە هەرە بنەڕەتییەكانی خۆشبەختی ئەوەیە نابێت پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت بپچڕێت
(لیۆ تۆڵستۆی)

سوپاس بۆ خوا كەمرۆڤ نافڕێت، ئەگینا ئاسمانمان وەك زەوی دەكردە زبڵدان.
(هنری داڤید تۆریو)

زەوی هی ئێمە نییە، ئێە هی زەوین.
(مارلی ماتلین)

قەیرانی ژینگە كێشەیەكی گڵۆباڵی و جیهانییە، تەنها هەڵویستی جیهانیش دەتوانێت ئەم قەیرانە چارەسەر بكات.
(بێری كامینەر)

كە دواین دڕەختمان بڕی، كە دواین ماسیمان گرت، كە دواین ڕووبارمان ژەهراوی كرد، ئەوكات تێدەگەین كە پارە ناخورێت.
(وتەیەكی كۆنی هیندییە سوورەكان)

زوو یان درەنگ دەبێت بگەینە ئەو باوەڕەی كە زەویش مافی هەیە، مافی ئەوەی هەیە كە بپارێزرێت لە پیسبوون، ئەوەی كە مرۆڤایەتی پێویستە بیزانێت ئەوەیە كە زەوی بە بێ مرۆڤ دەژیت، بەڵام مرۆڤ بە بێ زەوی ناژیت.
(ئیڤۆ مۆڕالێز)

لە جێگەی هەر سیاسییەكدا نەمامێك بچێنن تاكو ژینگە پاك ببێتەوە
(سهراپ سپهیری)

*نووسەرو شارەزای ژینگە

 230 جار بینراوە