سەرەکی » وەرزش » ئه‌و ئه‌ستێره‌ لاوه‌ی دووجار پرتوگالی له‌ بردنه‌وه‌ی‌ یۆرۆ بێ به‌ش كرد

ئه‌و ئه‌ستێره‌ لاوه‌ی دووجار پرتوگالی له‌ بردنه‌وه‌ی‌ یۆرۆ بێ به‌ش كرد

چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیا توانی بۆ جاری دووه‌م له‌دوا سێ جاردا جامی یۆرۆی لاوان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاریزانانی خوار 21 ساڵ بباته‌وه‌و له‌ یاری كۆتاییش توانیان هه‌ڵبژارده‌ی‌ پرتوگال دووچاری شكست بكه‌ن.

ئه‌ستێره‌ی یارییه‌كه‌ش لوكاس نمیچای هێرشبه‌ری ئه‌ڵمانیا بوو كه‌ تاكه‌ گۆڵی یارییه‌كه‌ی‌ كردو به‌ تۆماركردنی چوار گۆڵیش بووه‌ گۆڵكه‌ری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیشه‌ ئه‌و یاریزانه‌ خاوه‌نی چیرۆكێكی سه‌یره‌ كه‌ دووجار به‌رامبه‌ر به‌ پرتوگال بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی یۆرۆ و له‌گه‌ڵ دوو هه‌ڵبژارده‌ی‌ جیاوازیش ئه‌و كاره‌ی كردوه‌.

نمیچا له‌ شاری هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا له‌ دایكێكی ئه‌ڵمانی و باوكێكی نه‌یجیری له‌ دایكبووه‌، به‌ڵام دواتر له‌ ته‌مه‌نی منداڵی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ روویان كردۆته‌ ئینگلته‌را، بۆیه‌ ده‌یتوانی له‌ كاروانی وه‌رزشیه‌كه‌ی‌ بۆ 3 هه‌ڵبژارده‌ یاری بكات.

نمیچا سه‌ره‌تا ئینگلته‌رای دیاریكردوه‌ و بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی‌ خوار 17 ساڵ كراوه‌و گۆڵیشی بۆ كردوه‌، دواتریش بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی‌ خوار 19 ساڵ كراوه‌و له‌ یۆرۆ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ بووه‌.

نمیچا ساڵی 2017 له‌ یۆرۆی خوار 19 ساڵ له‌ قۆناغی پێش كۆتایی گۆڵی سه‌ركه‌وتنی ئینگلته‌رای له‌ چیك كردوه‌و دواتریش له‌ یاری كۆتایی توانی گۆڵی سه‌ركه‌وتنی ئینگلته‌را له‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ پرتوگال بكات و ئینگلته‌را له‌سه‌ر پشتی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ بكاته‌ پاڵه‌وانی یۆرۆ.

دواتر نمیچا بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی‌ خوار 21 ساڵی ئینگلته‌را كراوه‌و توانیویه‌تی له‌ یارییه‌كدا گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیا بكات.

به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ بڕیار ده‌دات چی تر یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئینگلته‌را نه‌كات و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ بكات كه‌ تیایدا له‌دایكبووه‌، ئه‌ویش هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیایه‌.

ساڵی 2019 بۆ یه‌كه‌م جار بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی‌ خوار 21 ساڵی ئه‌ڵمانیا كراوه‌و یه‌كه‌م یاریشی به‌رامبه‌ر به‌ ئینگلته‌را بووه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا سه‌ركه‌وتنی تۆماركردوه‌.

له‌ یۆرۆی خوار 21 ساڵی ئه‌مساڵیش نمیچا ئاستی به‌رزی پێشكه‌ش كردو توانی به‌ تۆماركردنی چوار گۆڵ سه‌ركردایه‌تی ئه‌ڵمانیا بكات له‌ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوه‌كه‌.

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیش بوو هاوشێوه‌ی چوار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نمیچا له‌ یاری كۆتایی یۆرۆ رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی‌ پرتوگال بۆوه‌و هاوشێوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ش توانی گۆڵی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ بكات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بوو.

ئه‌و ئه‌ستێره‌ لاوه‌ له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردوه‌ به‌ مان سیتی و له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردووش به‌خواستن به‌ چه‌ند یانه‌یه‌ك دراوه‌ كه‌ دواینیان یانه‌ی‌ ئه‌نده‌رله‌خته‌ كه‌ له‌ 38 یاری 18 گۆڵی بۆ كردون، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌م وه‌رزه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ریزی مان سیتی كه‌ له‌و یانه‌یه‌ برایه‌كی تری یاری ده‌كات به‌ناوی فیلیكس كالۆ نمیچا كه‌ له‌ چامپیۆنس لیگی ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ تیپی یه‌كه‌می یانه‌كه‌ش یاری كردو گۆڵێكی له‌ یاری به‌رامبه‌ر به‌ ئۆڵۆمپیاكۆس دروست كرد، به‌ڵام جیاواز له‌ براكه‌ی‌، فیلیكس هێشتا له‌ تیپی خوار 19 ساڵی ئینگلته‌را یاری ده‌كات و نازانرێت ئاخۆ ئه‌ویش هاوشێوه‌ی لوكاس په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ ده‌كات یاخود له‌گه‌ڵ ئینگلته‌را به‌رده‌وام ده‌بێت.

 72 جار بینراوە